فه‌رمانده‌ی دژه‌تیرۆری عیراق: بارودۆخی كه‌ركوك سه‌قامگیره‌

January 12, 2019 at 10:07 am

كه‌ركوك، 11ی كانونی دوه‌می 2019، راكان سه‌عید و فه‌رمانده‌ی دژه‌تیرۆری عیراق له‌شه‌قام و بازاڕه‌كانی شاره‌كه‌دا فۆتۆ: راگه‌یاندنی پارێزگار

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

فه‌ریق روكن عه‌بدولوه‌هاب ساعدی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عیراق جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركوك سه‌قامگیره‌ و ژیان ئاساییه‌، ئه‌وه‌ش له‌ یه‌كه‌م لێدوانیدا دوای گه‌یشتنی به‌ شاره‌كه‌، كه‌ به‌بڕوای ئارامی و سه‌پاندنی یاسای تێیدا حیكمه‌تی ده‌وێت.

فه‌رمانده‌كه‌ی دژه‌تیرۆر، به‌یانی پێنجشه‌ممه‌ 10ی كانونی دووه‌م گه‌یشته‌ كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش له ‌سه‌ردانێكی رانه‌گه‌یه‌نراودا و له‌ڕێی فڕۆكه‌یه‌كی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی حوریه‌ دابه‌زیی، له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ ‌و لێپرسراوانی دژه‌تیرۆری كه‌ركوكه‌وه‌‌ پێشوازی لێكرا.

دوای دوو كاتژمێر له‌ گه‌یشتنی به‌ كه‌ركوك، ساعدی گه‌ڕانێكی به‌ شه‌قامه‌كانی شاردا ده‌ستپێكرد، دوێنێ هه‌ینی 11ی كانونی دوه‌میش به‌یاوه‌ری راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت سه‌رداین چه‌ند شوێنێكی كرد.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی پارێزگار، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عیراق رایگه‌یاندووه‌ “بارودۆخی كه‌ركوك سه‌قامگیره‌ و ژیان ئاساییه‌ به‌ هه‌وڵی هه‌موان له‌ حكومه‌تی ناوخۆیی، هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و هاوڵاتیان”، هه‌روه‌ها رونیكردۆته‌وه‌ “ئاسایش و سه‌قامگیری بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی كه‌ركوكه‌ و شاری پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتییه‌”.

عه‌بدولوه‌هاب ساعدی له‌كاتی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بازاڕ و گه‌ڕه‌كه‌كانی كه‌ركوك، دوای بینینی هاوڵاتیان ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ “سه‌پاندنی یاسا و به‌دیهێنانی ئاسایش پێویستی به‌ حیكمه‌ت هه‌یه‌ تا ئاسایش و ئاشتی ته‌واوی كه‌ركوك بگرێته‌وه‌” به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی نوسینگه‌ی پارێزگار.

ئه‌وه‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی ساعدی-یه‌ له‌دوای ده‌ستبه‌كاربونی له‌ 8ی كانونی یه‌كه‌می 2018 وه‌كو فه‌رمانده‌ی دژه‌ تیرۆری عیراق.

سه‌ردانه‌كه‌ له‌كاتێكدایه‌ دۆخی سیاسی كه‌ركوك ناجێگیره‌، به‌هۆی ناكۆكی نێوان یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و ئیداره‌ی كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان لهلایه‌ن ئه‌و حزبه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئیداره‌ی كه‌ركوك و هه‌ردوو پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب و توركمان دژی ئه‌و هه‌نگاوه‌ن.

هه‌روه‌ها سه‌ردانی ساعدی‌ هاوكاتیشه‌ له‌گه‌ڵ بڕیاری دانانی فه‌رمانده‌یه‌كی نوێ به‌ناوی عه‌مید روكن حه‌یده‌ر عوبه‌یدی، بۆ لێپرسراوی دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك له‌ شوێنی لیوا روكن معن سه‌عدی، به‌ڵام هێشتا بڕیاره‌كه‌ نه‌چۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

ده‌رباره‌ی كه‌ركوك و هه‌ڵكردنی ئاڵاسه‌رۆكوه‌زیران و یه‌كێتی كاتژمێرێك گفتوگۆیان كرد

راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك له‌ كاتی یاوه‌ری لێپرسراوانی دژه‌تیرۆر بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كانی شاره‌كه‌ ده‌ڵێت له‌ورێیه‌وه‌ ویستویانه‌ به‌ خه‌ڵك بڵێن “ئێمه‌ له‌گه‌ڵتانین بۆ خزمه‌تكردنتان، كه‌ركوك ئارام و سه‌قامگیره‌ به‌هه‌وڵی پاڵه‌وانه‌كان”.

هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عیراق، له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك به‌رێوه‌ده‌به‌ن به‌هاوكاری پۆلیسی ناوخۆیی، ئه‌وه‌ش دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌ كوردییه‌كان و پێشمه‌رگه‌، كاتێك په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی ئاڵۆزی.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن