ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی بۆ پێكهاته‌كانی كه‌ركوك: ته‌نیا جارێك یه‌كگرتووبن

January 12, 2019 at 1:03 pm

كه‌ركوك، 12ی كانونی دوه‌می 2019، كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی ده‌رباره‌ی بارودۆخی شاره‌كه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك، داوا له‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی شاره‌كه‌ ده‌كه‌ن ته‌نیا جارێك كۆببنه‌وه‌ و هه‌ڵوێسته‌كانیان یه‌كبخه‌ن له‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی عیراقی بۆ ئه‌و داواكارییانه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكدایه‌، داواشده‌كه‌ن له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵادا كار به‌ ده‌ستور و یاسا بكرێت.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هات كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12ی كانونی دوه‌م به‌ ئاماده‌بونی سه‌ركرده‌كانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ نێویاندا راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت به‌رێوه‌چوو.

له‌ كۆنگره‌كه‌دا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو)ی ئاماده‌ی بوو، ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی به‌یاننامه‌یه‌كی خوێندنه‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌ “جارێكیتر جه‌خت له‌ هه‌ڵوێسته‌كانمان ده‌كه‌ینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی قه‌یرانی هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌ كه‌ركوك و ده‌ڵێین پابه‌ندین به‌ ده‌ستور و یاساكانه‌وه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌”.

به‌بڕوای ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی، ده‌ستور و یاسا، “به‌شێوه‌یه‌كی رون سنوری هه‌رێمی كوردستان دیاریكردووه‌ له‌ سێ پارێزگا و مافی خۆیانه‌ له‌و ناوچانه‌ ئاڵا هه‌ڵبكه‌ن”.

هه‌روه‌ها پشتیوانی خۆیان بۆ به‌یاننامه‌یه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق ده‌ربڕی كه‌ داوای داگرتنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستانی كرد له‌ باره‌گای حزبه‌كانی كه‌ركوك و به‌پێویستی زانی دادگای فیدراڵی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ یه‌كلاییبكاته‌وه‌.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، دره‌نگانی شه‌وی 8ی كانونی دوه‌م له‌سه‌ر باره‌گاكانیی له‌ كه‌ركوك ئاڵای هه‌رێمی له‌پاڵ ئاڵای حزبه‌كه‌یدا هه‌ڵكرد و ره‌تیده‌كاته‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئاڵاكه‌ جێبه‌جیبكات، به‌ڵام دواتر له‌ باره‌گاكانی تر ئاڵاكه‌ی هێنایه‌ خواره‌وه‌ و ته‌نیا له‌ مه‌ڵبه‌ند و مه‌كته‌بی سیاسی هێشتیه‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك ده‌ڵێت شانازی ده‌كه‌ن به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی تر و “هۆشداری ده‌ده‌ینه‌ سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانیان ئێمه‌ رێگه‌ناده‌ین به‌ تێكدانی ریزه‌كانی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان رۆڵه‌كانی ئه‌م پارێزگایه‌”.

“داوا له‌ ته‌واوی نوێنه‌رانی ئه‌م پارێزگایه‌ ده‌كه‌ین به‌ عه‌ره‌ب، كورد، توركمان و كریستیانه‌كانه‌وه‌ ته‌نیا جارێك كۆببنه‌وه‌ و هه‌ڵوێسته‌كانیان یه‌كبخه‌ن و یه‌كگرتوو هه‌وڵبده‌ن له‌ ئه‌نجومه‌نی نوینه‌ران و حكومه‌تی فیدراڵی بۆ ئه‌و داواكارییانه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌ركوكه‌ له‌ مافه‌كانیان له‌ بودجه‌ و ره‌خساندنی هه‌لی كار و خزمه‌تگوزاری”.

سه‌‌رۆك وه‌زیرانی عیراق داوای داگرتنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان ده‌كات له‌ كه‌ركوك

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن