به‌ره‌یه‌كی نوێی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك راگه‌یه‌ندرا

January 12, 2019 at 3:38 pm

كه‌ركوك، 12ی كانونی دوه‌می 2019، راگه‌یاندنی به‌ره‌یه‌كی نوێی عه‌ره‌بی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تی سیاسی، به‌ره‌یه‌كی نوێی عه‌ره‌بی له‌ پارێزگای كه‌ركوك راده‌گه‌یه‌نن و ئاماجیان جگه‌ له‌ پاڵپشتی ئیستحقاقاتی ئه‌و پێكهاته‌یه‌، یه‌كخستنی ریزیی حزبه‌كانیان و به‌شدارییه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12ی كانونی دوه‌م له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو، به‌ره‌ی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك راگه‌یه‌ندرا، ئه‌وه‌ش دوای شه‌ش مانگ له‌ گفتوگۆ و دانوستانی پێكهێنه‌رانی ئه‌و به‌ره‌یه‌ له‌ كه‌سانی سیاسی و عه‌شایه‌ریی.

نازم شه‌مه‌ری، رێكخه‌ری به‌ره‌ی عه‌ره‌بی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “به‌ره‌ی عه‌ره‌بی ئامانجی یه‌كه‌می نوێنه‌رایه‌تی عه‌ره‌ب و به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌، به‌ڵام ئامانجی سه‌ره‌كی به‌رگرییه‌ له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب”.

هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك 14 ساڵه‌ نه‌كراوه‌ و به‌پێی بڕیاری په‌رله‌مانی عیراق بڕیاربوو‌ مانگی 12ی ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی تر ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

“بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان كارده‌كه‌ین تا ریزه‌كانی عه‌ره‌ب له‌ كه‌ركوك یه‌كبخه‌ین كه‌ بۆ چه‌ندین قه‌واره‌ دابه‌شبون له‌ رابردودا، ئێمه‌ نامانه‌وێت ئه‌وه‌ دوباره‌بێته‌وه‌”، به‌وته‌ی شه‌مه‌ری.

به‌ره‌ی عه‌ره‌بی ئامانجی یه‌كه‌می نوێنه‌رایه‌تی عه‌ره‌ب و به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌

ئه‌و لێپرسراوه‌ی به‌ره‌ی عه‌ره‌بی وتی “په‌یوه‌ندیه‌كان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و هانی پێكهێنانی ئه‌م به‌ره‌یه‌یان دا به‌ڵام به‌هۆی سه‌رقاڵییانه‌وه‌ له‌ په‌رله‌مان ئاماده‌نه‌بون و ئێمه‌ش ده‌رگامان كراوه‌یه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌ و حزبێك له‌ شاره‌كه‌دا”.

ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و به‌ره‌ نوێیه‌ له‌ 51 كه‌س پێكهاتون، ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی، سیاسی و عه‌شایه‌ری عه‌ره‌بی كه‌ركوك به‌شداربن، له‌ نێویاندا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن و په‌رله‌مانتاری پێشوو.

شه‌مه‌ری ده‌ڵێت “به‌ره‌ پشتی به‌ توانای ئه‌ندامانی خۆی ده‌به‌ستێت له‌ رووی داراییه‌وه‌، هیچ لایه‌نێكی سیاسی و ناسیاسی یان رێكخراوێك پاڵپشتی دارایی به‌ره‌كه‌ ناكات”.

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ به‌ره‌ له‌مڕۆوه‌ ده‌ستی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی بۆ ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی و هاوپه‌یمانییه‌ عه‌ره‌بییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی درێژده‌كات، كارده‌كات بۆ یه‌كخستنی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ و به‌هیوایه‌ هێزی عه‌ره‌بی له‌ مه‌رجه‌عیه‌تێكدا یه‌كبخات بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان.

عه‌ره‌بی كه‌ركوك، زۆرینه‌ی حزبه‌كانیان له‌ به‌ره‌یه‌كی هاوبه‌شدا به‌ناوی “ئه‌نجومه‌نی عه‌ره‌بی” كۆبونه‌ته‌وه‌ و له‌ دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق له‌ ئایاری ئه‌مساڵدا، به‌ لیستێكی هاوبه‌ش به‌شداربون و توانییان سێ كورسی به‌ده‌ستبهێنن.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن