سكاڵا دژی ئیداره‌ كاتییه‌كه‌ی شنگال تۆمارده‌كرێت
سه‌عید مه‌لحه‌م: ئـه‌نجومه‌نه‌كه‌ی ئـێمه‌ هـه‌ڵناوه‌شێنرێته‌وه‌

January 12, 2019 at 4:45 pm

نه‌ینه‌وا، كانونی یه‌كه‌می 2018، ساته‌وه‌ختی راگه‌یاندنی ئیداره‌ی نوێی كاتی له‌به‌رده‌م قایمقامیه‌تی شنگال فۆتۆ: خه‌یری عه‌لی

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شنگال، سكاڵای یاسایی دژی ئیداره‌ی كاتی ناوچه‌كه‌ تۆمارده‌كات و سوره‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی، له‌ كاتێكدا ئه‌نجومه‌نه‌ نوێیه‌كه‌ش پێداگریی له‌سه‌ر مافی ئیداره‌دانی قه‌زاكه‌ ده‌كات و ئاماده‌ی پاشه‌كشێ نین.

لێپرسراوانی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شنگال و ئیداره‌ كاتییه‌كه‌، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌ جیا و له‌رێی دوو وه‌فدی جیاوازه‌وه‌ چونه‌ته‌ به‌غدا، هه‌ردولا خۆیان به‌ خاوه‌ن ماف ده‌زانن و كه‌سیان ئاماده‌نین سازش له‌سه‌ر ئیداره‌دانی سنوره‌كه‌ بكه‌ن.

نایف سه‌یدۆ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “یه‌كشه‌ممه‌ 13ی كانونی دوه‌م سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ له‌ دادگای شنگال تۆمارده‌كه‌م و كۆپیه‌كی ئه‌و سكاڵایه‌ پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و چه‌ند ده‌زگایه‌كی تری په‌یوه‌ندیدار ده‌كه‌م”.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ دوای ئه‌وه‌هات هه‌فته‌ی رابردوو، لێپرسراوانی ئه‌نجومه‌نی شنگال به‌ یاوه‌ری مه‌حما خه‌لیل، قایمقامی قه‌زاكه‌ سه‌ردانی به‌غدایان كرد بۆ كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند له‌ نێویاندا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق.

“محه‌مه‌د حه‌لبوسی، سه‌رۆكی په‌رله‌مان وتی ئێمه‌ ئیداره‌ی شه‌رعی شنگالین و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌گات، ئه‌نجومه‌نه‌ كاتییه‌كه‌ی به‌ نایاسایی دانا و پشتگیری داواكارییه‌كانی كردین”.

سه‌یدۆ جه‌ختیكرده‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر هه‌واڵه‌كانیان تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ و وتی “هه‌موو رێكاره‌ یاساییه‌كان به‌كارده‌هێنین و هه‌وڵده‌ده‌ین به‌ زوترین كات ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ نه‌مێنێت”.

دهۆك/25ی ئه‌یلولی 2018/ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی مه‌حما خه‌لیل، قایمقامی شنگال كه‌ زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان نیشته‌جێیه‌و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز

27ی كانونی یه‌كه‌می 2018 له‌ شنگال، ئیداره‌یه‌كی نوێی ‌كاتی راگه‌یه‌نرا له‌ قایمقام، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و جێگره‌كانی، له‌گه‌ڵ 21 ئه‌ندام به‌بێ پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌ خاوه‌نی زۆرترین ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژێردراوی قه‌زاكه‌یه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژێردراوی قه‌زای شنگال، له‌ 18 ئه‌ندام پێكهاتوه‌ و پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ 12 كورسی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن پێكده‌هێنێت، به‌ڵام زیاتر له‌ ساڵێكه‌ زۆرینه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستانن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

سه‌عید مه‌لحه‌م حه‌مۆ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێی كاتی قه‌زای شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئێمه‌ش له‌ 6ی كانونی دوه‌م چوینه‌ به‌غدا و بۆ چوار رۆژ چه‌ند دیدارێكمان ئه‌نجامدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و هه‌مولایه‌ك پشتگیری ئێمه‌یان كرد”.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ “بۆ هیچ كه‌س و لایه‌نێك سازش ناكه‌ین، به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رازی نابین ئیداره‌كه‌ی ئێمه‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه،‌ چونكه‌ هیچ شتێكی نایاساییمان نه‌كردووه‌ و له‌سه‌ر داوای خه‌ڵك ئه‌و ئیداره‌یه‌مان راگه‌یاندووه”.

حه‌مۆ ئاشكرایكرد ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه‌، بڕیاره‌ یه‌كه‌م دانیشتنی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌یان له‌ شنگال ئه‌نجامبده‌ن، بۆ تاوتوێی چه‌ند پرسێكی قه‌زاكه‌، له‌ نێویاندا دۆسیه‌كانی ئه‌منی و خزمه‌تگوزاریی.

راگه‌یاندنی ئه‌و ئیداره‌ كاتییه‌ی شنگال، له‌لایه‌ن به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ بوو كه‌ ساڵی رابردوو پێكهێنرا، له‌ ژماره‌یه‌ك عه‌شیره‌ت و نوێنه‌ری پێكهاته‌كان و به‌شێك حزبه‌ سیاسیه‌كان.

پێشتر و له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا سه‌یدۆ چه‌تۆ، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ئیداره‌ كاتییه‌كه‌ی شنگالی به‌ نایاسایی وه‌سفكرد و ره‌تیكرده‌وه‌ هیچ مامه‌ڵه‌كیان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.

قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی قه‌زاكه‌ كه‌وتۆته‌ ده‌ست هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی دوای پاشه‌كشێی پێشمه‌رگه‌ به‌هۆی ئالۆزیه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا دوای ریفراندۆم، سنوره‌كه‌ له‌ ئابی 2014دا كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و له‌ تشرینی دوه‌می 2015 له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌ كۆنتڕۆڵكرایه‌وه.

ئیداره‌یه‌كی نوێی كاتی له‌ شنگال راگه‌یه‌نراقایمقام، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن و 23ی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵبژێردران

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن