خانه‌قین روداوی لێنابڕێ
پێشمه‌رگـه‌: هێزه‌كانمان له‌ حاڵه‌تی به‌رگریدایه‌

January 12, 2019 at 7:12 pm

دیاله‌، 2018، چه‌كدارێكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ باكوری قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد – دیاله‌

ته‌نیا له‌ سێ رۆژی رابردوودا چه‌ندین روداو له‌ سنوری خانه‌قین تۆماركراون، له‌ نێویاندا هێرشی چه‌كداریی، سه‌رباری به‌رده‌وامی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان و بۆردومانی ئاسمانی، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌هۆی بۆشایی ئه‌منییه‌وه‌یه‌ و له‌و رووه‌وه‌ ئاماده‌ی هه‌ماهه‌نگین.

به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 12ی كانونی دوه‌م له‌ باكوری خانه‌قین، هێزه‌ ئاسمانییه‌كانی عیراق بۆردومانی چه‌ند موڵگه‌یه‌كیان كرد به‌ پاساوی هه‌بونی چه‌كدارانی داعش، به‌ دیاریكراوی له‌ دارستانه‌كانی نزیك ئه‌ڵوه‌ن و روباری سیروان.

ئه‌و بۆردومانه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ چه‌ندین روداوی جیاوازی ئه‌منی، له‌ ناوه‌ندی قه‌زای خانه‌قین و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری، دوایینیان شه‌وی هه‌ینی 11ی كانونی دوه‌م بوو، كاتێك به‌ده‌ستڕێژی گولـله‌ دوو گه‌نج برینداربون.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی خانەقین كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ژماره‌یه‌ك چه‌كدار به‌ ماتۆڕسكیل، به‌ ده‌ستڕێژی گولـله‌وه‌ دوو گه‌نجیان له‌ گه‌ڕه‌كی تۆڵه‌فرۆش لە نزیک قوتابخانەی بالیسان برینداركرد و هه‌ڵاتن”.

چه‌كداره‌كان دوای روداوه‌كه‌ له‌و شوێنه‌هه‌ڵاتون و تائێستاش لێكۆڵینه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه‌.

 له‌ 75 ماڵی گونده‌كه‌مان ته‌نیا 20 ماڵ ماونه‌ته‌وه‌ به‌هۆی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان ئاواره‌بون

سه‌لام حسێن، لێپرسراوی به‌شی فریاكه‌وتنی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی خانه‌قین به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دوو بریندارەكه‌ باری ته‌ندروستییان ناجێگیر بوو، یه‌كێكیان گواسترایه‌وه‌ بۆ نەخۆشخانەی گشتی باقوبە”.

ته‌نیا هه‌فته‌ی رابردوو، زیاد له‌ چوار روداوی هێرشكردن له‌ خانه‌قین، سه‌عدیه‌ و جه‌له‌ولا تۆماركراون.

عومه‌ر ئه‌مین، دانیشتوی گوندی باپڵاوی له‌ باكوری خانه‌قین به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “گوندەكەمان چەندینجارە ئاوارە دەبێت و لە ئێستادا زیاتر له‌ نیوەی دانیشتوانه‌كه‌ی رۆیشتون به‌ره‌و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، له‌ 75 ماڵ ته‌نیا 20 ماڵ ماونه‌ته‌وه‌ به‌هۆی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان”.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ خوازیاری ناردنی هێزی زیاتره‌ بۆ خانه‌قین و داوایكرد “پێشمه‌رگه‌ ره‌وانه‌ بكرێت تا سەرو ماڵی هاوڵاتیان ببپارێزێت”.

دیاله‌، 2018، رێگای سه‌ره‌كی به‌ره‌و گوندی باپڵاوی له‌ باكوری قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، لە باكوری خانەقین، به‌ تایبه‌ت له‌ نێوان ئه‌و قه‌زایه‌ و كه‌لار، سەنگەری خۆیان جێگیركردووه‌.

عەمیدی یاسایی دلێر شكور، فەرماندەی لیوای 3ی پیادەی هێزەكانی پێشمەرگە بە (كەركوك ناو) ی وت “جموجۆڵەكانی تیرۆرستانی داعش زیاد بووە لە خانەقین بەڵام نەبونەتە جێگای مەترسی ئەوتۆ بەسەر ناوچەكە و هۆكاری زیادبونی جموجۆڵی  داعش لە ناوچەكەش دروستبونی بۆشایی ئەمنیە”.

به‌وته‌ی فه‌رمانده‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌ هۆكارێكی تری زیادبونی جموجۆڵی چه‌كداریی سروشتی ناوچه‌كه‌یه‌، به‌وپێیه‌ی سنورێكی فراوانه‌ و پڕه‌ له‌ باخ و دارستان، ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ چه‌كداران به‌ ئاسانی خۆیان حه‌شاربده‌ن.

له‌ دوای 2003وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی خانه‌قین به‌ده‌ست پۆلیس و هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.

جموجۆڵەكانی داعش زیاد بووە لە خانەقین بەڵام نەبونەتە جێگای مەترسی ئەوتۆ

“ئێستا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ حاڵەتی بەرگریدان و لەو هێڵەن دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ئەركیان پێسپێدراوە، تائێستاش داعش و گروپە تیرۆریستیەكان لە ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە نەیانتوانیوە دزە بكەن” به‌وته‌ی دلێر شكور.

هه‌روه‌ها وتی “پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ هه‌ر هاوكاریی و هه‌ماهه‌نگییه‌ك له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عیراق بۆ له‌ناوبردنی داعش و گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان”.

شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ 10ی كانونی دوه‌م لە نزیک پردی حەلوان له‌ باکوری رۆژئاوای خانەقین، ده‌ستڕێژی گولـله‌ له‌ خاڵێكی سه‌ربازی پۆلیسی فریاكه‌وتن كرا.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ فەوجی ھەشتی پۆلیسی فریاکەوتنی دیالە لە خانەقین به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “نزیكه‌ی 9 چه‌كداری داعش ده‌ستڕێژیان ئاڕاستەی خاڵێکی سەربازی كرد.. ژمارەیەکی تر لە چەکدارانیش کارگەیەکی بلۆکیان سوتاند لە ھەمان کاتدا”.

دوای روداوه‌كه‌، هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌ هاوه‌ن و چه‌كی مامناوه‌ند، بۆردومانی شوێنی جموجۆڵی چه‌كداره‌كانیان كرد.

دیاله‌، 2018، هێزه‌كانی پۆلیسی قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

ده‌یان گوندی كشتوكاڵی سنوری خانه‌قین-ی باكوری دیاله‌، بڕیاریانداوه‌ له‌نێو خۆیاندا ئه‌ركی پاسه‌وانی و پاراستنی ناوچه‌كه‌یان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن، به‌ ئامانجی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی جموجۆڵه‌ چه‌كدارییه‌كانی قه‌زاكه‌ و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كاندا.

به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسی فریاكەوتنی خانەقین بۆ (كه‌ركوك ناو) چوارشه‌ممه‌ 9ی كانونی دوه‌م له‌ نزیك گوندی شیرك لە باكوری رۆژئاوای خانەقین، دوو بۆمب تەقیوەتەوە، به‌بێ ئه‌وه‌ی زیانی گیانی لێبكه‌وێته‌وه‌.

روداوه‌كان له‌ كاتێكدایه‌ له‌ سنوری قه‌زای خانه‌قین ژماره‌یه‌كی كه‌م پێشمه‌رگه‌ی لێیه‌ به‌چه‌كی سوكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پۆلیسی فیدراڵی، حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و پۆلیسی ناوخۆیی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق.

قەیسەر عزی، دانیشتوی ناوچەی گڵەی له‌ خانه‌قین به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “چەكدارانی داعش داوای سەرانە و هاوكاری دارایی دەكەن لەو كەسانەی دەوڵەمەندن، هەر كەسێك هاوكارییان نەكات ژیانی دەكەوێتە مەترسی، بۆ نمونە بەشێك لە خاوەن كارگەكانی سەر چەمی ئەڵوەن و سیروان لە ناوچەی گڵەی سەرانەیان نەدا و كارگەكانیان خاپور كرا”.

ناوچەی گڵەی به‌دوری 15كم ده‌كه‌وێته‌ باكوری خۆرئاوای قه‌زای خانه‌قین و له‌ 27 گوند پێكدێت، له‌ ئێستادا ناوچه‌كه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عیراقدایه‌.

ژماره‌یه‌ك ئەنجومەنی گوندەكانی جه‌له‌ولا داوای دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكه‌شكردوه‌ به‌هۆی مه‌ترسی داعشه‌وه‌

حەمزە زەرگوشی، فەرماندە لە لیوای 110ی حەشدی شەعبی بە (كەركوك ناو)ی وت “لەم هەفتەیەدا داعش لە دەوروبەری سەعدیە بە شەوان دەستڕێژی گولـلەیان ئاڕاستەی هێزەكانمان كرد له‌ نزیك ده‌ریاچه‌ی حه‌مرین”.

ئه‌و هێزه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، ئۆپراسیۆنێكی سەربازیی ئەنجامداوە لە ناوچەی تبج لە نێوان سەعدیە و جەلەولا، ته‌نیا دوو بۆمبی چێنراویان پوچه‌ڵكردۆته‌وه‌.

سەعدییە سەر بە قەزای خانەقینه‌، دانیشتوانەكەی لە عەرەب، كورد و توركمان پێكهاتوون، له‌ ناوه‌ڕاستی 2014 كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و له‌ مانگی 11ی هه‌مان ساڵ كۆنتڕۆڵكرایەوە.

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌ی جه‌له‌ولا كه‌ له‌به‌ر پاراستنی ژیانی داوایكرد ناوی نه‌هێنرێت به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ته‌نیا له‌ دوو مانگی رابردوودا نزیكەی 10 ئەنجومەنی گوندەكانی ناحیه‌ داوای دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكه‌شكردوه‌، به‌هۆی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان، چونكه‌ داعش هەڕەشەیان لێده‌كات ئه‌گه‌ر هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ نه‌كه‌ن و ئه‌نجومه‌نێكیش رفێنراوه‌ و چاره‌نوسی دیارنیه‌”.

ناحیەی جەلەولا لەپارێزگای دیالە، له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و لەكۆتایی هەمان ساڵدا هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵیان كردەوە‌ و هەر ئەوانیش دۆسییەی ئەمنی ناحییەكەیان گرتەئەستۆ، تا له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا ئه‌منیه‌تی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندیه‌وه‌ وه‌رگیرایه‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن