مامۆستایه‌ك سكاڵای هه‌یه‌
دابەشکردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی کەرکوك ده‌درێته‌ دادگا

January 13, 2019 at 11:00 am

كه‌ركوك، تشرینی دوه‌می 2018، له‌ مانگی 11وه‌ دابه‌شكردنی نه‌وت بۆ خه‌ڵكی كه‌ركوك ده‌ستیپێكردووه‌ فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

سۆران محه‌مه‌د – که‌ركوك

مامۆستایەکی شاری کەرکوک، سكاڵای یاسایی تۆمارده‌كات له‌ دژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش به‌هۆی خراپی شێوازی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر ماڵاندا.

ئه‌و مامۆستایه‌، محه‌مه‌د جەلیل، كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو سكاڵاكه‌ی له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ دادگای کەرکوک و دەسته‌ی دەستپاكی پارێزگاكه‌ تۆماركرد و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “سەرەتا من سکاڵام لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکوک تۆمارکرد، پاشان دادوەری تایبەت سکاڵاکه‌ی رەوانەی دەستەی دەستپاكی کرد، ئه‌وه‌بوو بۆ هه‌مان مه‌به‌ست سكاڵام لای دادەوەری دەستەی دەستپاكیش تۆماركرد”.

محه‌مه‌د جه‌لیل، وتیشی “دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەی لە بابەتەکە کردووه‌ و بەڵێنی ئەوەیان پێدام کە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەن و بەدەم سکاڵاکەوە بچن”.

دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەی لە بابەتەکە کردووه‌ و بەڵێنی ئەوەیان پێدام کە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەن

ئه‌و سكاڵایه‌ دژی خراپی شێوازی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی-یه‌ به‌سه‌ر ماڵاندا، كه‌ به‌پێی به‌دواداچونێكی پێشوی (كه‌ركوك ناو)، هاوڵاتیان به‌ درێژایی زیاتر له‌ سه‌د مه‌تر به‌رمیل به‌ دوای یه‌کتریدا ریز ده‌كه‌ن و زۆرجار بۆ ماوه‌ی 10 رۆژ و زیاتریش له‌ هه‌مان شوێندا ده‌مێننه‌وه‌، تا سه‌د لیتر نه‌وتی سپی وه‌ربگرن.

محه‌مه‌د جەلیل، پیشه‌ مامۆستا، له‌سه‌ر خراپی شێوازی دابه‌شكردنی نه‌وت سكاڵای دژی دابه‌شكردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك تۆماركرد فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

محه‌مه‌د جه‌لیل وتی “من یەکەم كه‌سم له‌ كه‌ركوك سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر فەرمانگەیەکی شاره‌كه‌ تۆماربکەم، رۆژانە هاوڵاتیان سکاڵای زۆریان هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ڕێی راگه‌یاندنه‌وه‌ باسی ده‌كه‌ن و من دۆسییه‌كه‌ ده‌به‌مه‌ دادگا”.

ئه‌و مامۆستایه‌ وه‌ك ده‌ڵێت کۆمەڵێک زانیاریی و “بەڵگەی وردی” لە بەردەستە لەسەر خرایی شێوازی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی و ماندوكردنی هاوڵاتیان و بڕیاره‌ رۆژی دانیشتنی دادگا راده‌ستی بكات.

به‌ڵام، کاوە ره‌شید، بەڕێوه‌بەری فەرمانگەی دابەشکردنی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئێمە خۆمان بە کەمتەرخەم نازانین لە کارەکانمان… بابەتەکەی سیاسییە نەک ئیداریی و خزمەتگوزاری، ئێمە چاوەڕی دەکەین ئه‌گەر بزانین ئەو کەسەی کە سکاڵای تۆمارکردووە دەیه‌وێت ناومان بزڕێنێت، ئەوا ئێمەش لە بەرامبەردا سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکەین، چونكه‌ ئه‌و له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌”.

به‌پێی چه‌ند گرته‌یه‌کی ڤیدیۆیی که‌ له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا بڵاوبۆته‌وه‌، قه‌ره‌باڵغی زۆر له‌ وێستگه‌کانی دابه‌شکردنی نه‌وت هه‌یه‌و له‌ یه‌کێکیاندا، پاڵه‌په‌ستۆ و ئاڵۆزی هه‌یه‌، هێزه‌ ئه‌منییه‌کانیش هێرشده‌که‌نه‌ سه‌ر چه‌ند هاوڵاتییه‌ک.

له‌ گرته‌یه‌کی ڤیدیۆیی دیکه‌دا، له‌سه‌ره‌ی وه‌رگرتنی نه‌وتدا له‌ وێستگه‌یه‌کی که‌رکوک، دهۆڵ و زۆڕنا بانگهێشتکراوه‌، وه‌کو له‌ ده‌نگه‌کانی ناو تۆماره‌که‌دا ده‌بیسترێت، ئه‌و ئاهه‌نگه‌ به‌خۆشی گه‌یشتنی نه‌وته‌وه‌یه‌ به‌ وێستگه‌که‌ دوای چه‌ند رۆژێک له‌ چاوه‌ڕوانی.

ئه‌مساڵ له‌ مانگی تشرینی دووه‌م‌، دابه‌شکردنی نه‌وت به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا ده‌ستیپێکرد، ئه‌وه‌ش سێ مانگ دره‌نگتر که‌وت له‌ ساڵانی رابردوو، بۆیه‌ وێستگه‌کان زۆر قه‌ره‌باڵغ بوون و نیگه‌رانی لێكه‌وته‌وه‌.

هێمن محه‌مه‌د، له‌ 35 ساڵی ته‌مه‌نیدایه‌ و خێزانداره‌، پێشتر له‌ به‌دواداچونێكی (كه‌ركوك ناو)دا، وتی “10 رۆژه‌ سه‌ره‌م گرتووه‌ بۆ نه‌وت و وه‌رمنه‌گرتووه‌، جا نازانم که‌ی نه‌وته‌که‌م بۆ زستان به‌رده‌که‌وێت، یاخود دوای ئه‌و 10 رۆژه‌ به‌رمده‌که‌وێت یان نا”.

رۆژه‌ سه‌ره‌م گرتووه‌ بۆ نه‌وت و وه‌رمنه‌گرتووه‌، جا نازانم که‌ی نه‌وته‌که‌م بۆ زستان به‌رده‌که‌وێت،

له‌ ده‌ستپێکردنی دابه‌شکردنی نه‌وتی سپییه‌وه‌، مانگانه‌ چوار تانکه‌ری 36 هه‌زار لیتری ره‌وانه‌ی بریکار و وێستگه‌کان ده‌کرێت، تا بدرێت به‌ خه‌ڵک.

هێمن ده‌ڵێت “خوا دەزانێت چی لەم نەوتە دەکەن و بۆچی نایدەن بە هاوڵاتیان و وەها ئەزیه‌تمان دەدەن؟”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن