راكان سه‌عید بۆ (كه‌ركوك ناو):
به‌ربه‌ست هه‌یه‌ له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی 70 ملیار دیناری بودجه‌ی كه‌ركوك

January 13, 2019 at 7:00 pm

كه‌ركوك/12ی كانونی دووه‌می 2019/ راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌‌ی شایسته‌ داراییه‌كانی پارێزگاكه‌دا به‌ربه‌ست و رێگریی هه‌یه‌ كه‌ زیاتر له‌ 70 ملیار دیناره‌، داواشده‌كات دادگای باڵای فیدراڵی له‌ دۆسیه‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستاندا بڕیاری هه‌ڵه‌ نه‌دات.

له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ (كه‌ركوك ناو)، جبوری باس له‌ بارودۆخی كه‌ركوك و چه‌ندین دۆسیه‌ی تایبه‌ت به‌ پارێزگاكه‌ ده‌كات، له‌ نێویاندا پرسی هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان، كه‌ مشتومڕی لایه‌نه‌كانی لێكه‌وتۆته‌وه‌.

پارێزگاری كه‌ركوك له‌باره‌ی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی هه‌ڵكردنی ئاڵا له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌ ده‌ڵێت “نامانه‌وێت پێش روداوه‌كان بكه‌وین، به‌ڵام وایده‌بینم پێویسته‌ دادگا واقیع‌ بخوێنێته‌وه‌و به‌ره‌و ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ نه‌چێت”، له‌ ئاماژه‌یه‌كدا بۆ ئه‌گه‌ری بڕیاری نیشاندانی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر هه‌ڵكردنی ئاڵا.

یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، دره‌نگانی شه‌وی 8ی كانونی دوه‌م له‌سه‌ر باره‌گاكانیی له‌ كه‌ركوك ئاڵای هه‌رێمی كوردستانی له‌پاڵ ئاڵای حزبه‌كه‌یدا هه‌ڵكرد، دوای چه‌ند رۆژێك، ته‌نیا له‌ مه‌ڵبه‌ند و مه‌كته‌بی سیاسی ئاڵاكه‌ی هێشته‌وه‌.

ئه‌و هه‌نگاوه‌ی یه‌كێتی دوای ئه‌وه‌هات نوسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق 9ی كانونی دوه‌م داوای هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئاڵاكه‌ی كرد و داوایكرد دادگای فیدراڵی ئه‌و پرسه‌ یه‌كلاییبكاته‌وه‌.

كه‌ركوك، 9ی كانونی دوه‌می 2019، هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌پاڵ ئاڵاكانی یه‌كێتی و عیراق له‌سه‌ر باره‌گای كۆمیته‌ی ئیمام قاسمی یه‌كێتی فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

له‌باره‌ی ئاڵای حزبه‌كانی تره‌وه‌، راكان سه‌عید نمونه‌ی به‌ره‌ی توركمانی هێنایه‌وه‌ و پێیوایه‌ ئاڵای حزبییان هه‌یه‌ كه‌ وه‌كو یه‌كێتی، شیوعی و پارتی دیموكرات ئاساییه‌ ده‌توانن ئاڵاكه‌یان له‌پاڵ ئاڵای عیراق له‌ باره‌گاكانیاندا هه‌ڵبكه‌ن، “ئه‌وه‌ باشترینه‌ بۆ كه‌ركوك و پێویسته‌ هه‌موان به‌ هۆشیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی شاره‌كه‌دا بكه‌ن”.

پێویسته‌ هه‌موان به‌ هۆشیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بارودۆخی شاره‌كه‌دا بكه‌ن

پارێزگاری كه‌ركوك ئاماژه‌ی به‌ لاوازی توانای ئابوری پارێزگاكه‌ كرد و وتی “هێشتا ئه‌و پاره‌ و شایسته‌ داراییه‌ی له‌ كوردستانه‌ نه‌نێردراوه‌، كه‌ زیاتر له‌ 60 ملیار دیناره‌ و له‌ بانكی كوردستان ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌ به‌هۆی سكاڵایه‌كی به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ دادگای هه‌ولێر”.

زیاتر له‌ 60 ملیار دیناری كه‌ركوك له‌ بانكی كوردستانه‌ و ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌

“ئه‌و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه‌ی پاره‌كه‌ی كه‌ركوك نایاساییه‌، چونكه‌ حسابی پارێزگار و ئه‌نجومه‌نی پارێزگا جیاوازن”، به‌ڵام به‌هۆی سكاڵاكه‌وه‌ خه‌رجكردنی راگیراوه‌ و بۆته‌ به‌ربه‌ست”.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پێشتر ناوبراو جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی داوایه‌كی یاساییان له‌دژی بانكی كوردستان بردۆته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ بونی پاره‌ی پترۆدۆلاری نه‌وتی كه‌ركوك له‌و بانكه‌دا، كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و ره‌وانه‌ نه‌كراوه‌.

هه‌روه‌ها راكان سه‌عید له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا باسی له‌ به‌ربه‌سته‌كانی تری به‌رده‌م خه‌رجكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی كه‌ركوك كرد، له‌ نێویاندا 11 ملیار دینار له‌ پشكی داهاتی خاڵه‌ گومركییه‌كان.

له‌ ئه‌یلولی 2017دا، دوو خاڵی گومركی له‌ رێگاكانی نێوان كه‌ركوك – هه‌ولێر و كه‌ركوك – سلێمانی به‌ فه‌رمی كرانه‌وه‌، دوای دروستبونی ناڕه‌زایی په‌رله‌مانی عیراق بڕیاریدا هه‌ڵبگیرێن، به‌ڵام هێشتا لانه‌براون.

پارێزگاری كه‌ركوك سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌كه‌، به‌ تایبه‌ت كه‌رتی كاره‌با ئه‌وه‌ی رونكرده‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ وزه‌ی پێویستیان پێناگات و به‌وته‌ی ئه‌و “حكومه‌تی هه‌رێم رێگه‌نادات وه‌به‌رهێنه‌ر كاره‌بای پێویست ره‌وانه‌ بكات هه‌رچه‌نده‌ رێككه‌وتن هه‌یه‌”.

كه‌ركوك/17-10-2017/ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شی راكان سه‌عید و عه‌مید خه‌تاب عومه‌ر، فه‌ر‌مانده‌ی پۆلیس له‌گه‌ڵ لیوا عه‌لی فازڵ، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی دیجله‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی عیراق له‌ گفتوگۆدان و وه‌فدێكیش هه‌فته‌ی رابردوو له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ چونه‌ته‌ هه‌ولێر بۆ تاوتوێكردنی دۆسیه‌كه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم.

ئیدارەی پارێزگای كەركوك، له‌ ساڵی 2011دا بەپێی گرێبەستێك بڕیاریدا بە كڕینی 200 بۆ 250 مێگاوات كارەبا لە وه‌به‌رهێنه‌رێكی هەرێمی كوردستان، بەڵام زیاتر له‌ ساڵێكه‌ بڕی پێدانی ئەو وزەیە بۆ 100 مێگاوات كه‌مبۆته‌وه‌.

راكان سه‌عید جبوری ده‌ڵێت له‌ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كاندا، كه‌ تاراده‌یه‌ك سه‌قامگیری بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ هه‌موو پڕۆژه‌كان كاری تێداده‌كرێت، له‌ نه‌خۆشخانه‌ و قوتابخانه‌ تا خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌وانی و كه‌رتی كاره‌با، وتیشی “بودجه‌ی شاره‌كه‌ سه‌دا 60ی بۆ به‌ڵێنده‌ران ته‌رخانكراوه‌ و پابه‌ندكراون به‌ ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كان، له‌ ئێستادا ئه‌و پرۆژانه‌ی له‌ 2014وه‌ راوه‌ستاوه‌ ده‌ستیپێكردۆته‌وه‌”.

حكومه‌تی عیراق، بۆ چه‌ند ساڵێك ناردنی بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی كه‌ركوكی راگرت، به‌هۆیه‌وه‌ شاره‌كه‌ روبه‌ڕوی كێشەی دارایی بۆوه‌ و سەرجەم پڕۆژەكان وەستێنران، تا له‌ یه‌ك ساڵی رابردودا به‌دوو جار بودجه‌ ره‌وانه‌ كراو و به‌شێكی ته‌رخانكرا بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كان.

راكان سه‌عید، كه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ و دوای لابردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم به‌وه‌كاله‌ت بۆته‌ پارێزگار، ره‌تیكرده‌وه‌ هیچ بڕیارێك هه‌بێت تا كاروباره‌ دارایی و ئیدارییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا راییبكات و وتی “ئه‌نجومه‌ن هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كی نیه‌ تا بڕیار بدات و ئه‌وه‌ی ده‌وترێت راست نیه‌”.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، دانیشتنه‌كانی په‌كیكه‌وتووه‌ و دوایین هه‌وڵیش بۆ لابردنی رێبوار تاڵه‌بانی، له‌ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن شكیستیهێنا، كه‌ زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌ هه‌ولێره‌ و نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ شاره‌كه‌.

پارێزگاری كه‌ركوك له‌باره‌ی دۆسیه‌ی ئاواره‌كانه‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ سه‌رپشككراون و هه‌ر كه‌سێك ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وا ده‌رگا كراوه‌یه‌وه‌ و ئه‌وه‌یشی له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌دایه‌ رێگری لێناكرێت.

له‌ ناوه‌ڕاستی 2014و دوای هێرشه‌كانی داعش بۆ حه‌ویجه‌ و چوار ناحیه‌ی ده‌وروبه‌ری، هه‌زاران خێزانی ئاواره‌ی كه‌ركوك و كه‌مپه‌كان بون، هێشتا سه‌دان خێزان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن