له‌ 12 رۆژدا 11 ئێزیدی رزگاركراون
پلانی رزگارکردنی رفێنراوانی ده‌ستی داعش ده‌گۆڕدرێت

January 13, 2019 at 6:13 pm

پارێزگای دهۆك، 22-5-2017، ژنێك به‌ناوی شەمی له‌كاتی شادبوونه‌وه‌ی به‌ كچەزاكەی دوای سێ‌ ساڵ دابڕان و كه‌وتنه‌ ده‌ستی داعش فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدیەكان لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رزگاركردنی 11 كه‌سی ئێزیدی رفێنراوی ده‌ستی داعش له‌ 2019دا راده‌گه‌یه‌نێت و جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌ له‌ گۆڕینی پلانه‌كانیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ ئه‌مساڵدا.

حسێن قایدی، لێپرسراوی ئه‌و نوسینگه‌یه‌ له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ (كه‌ركوك ناو)، جه‌ختیكرده‌وه‌ “له‌ ئه‌مساڵدا تا دوێنێ شه‌ممه‌ چوار كه‌سمان رزگاركردووه‌، ئه‌مڕۆش دوو خێزانی تر كه‌ هه‌مویان حه‌وت كه‌سن رزگاركران، به‌ڵام جگه‌ له‌یه‌ك كه‌س نه‌بێت ناوی ئه‌و 11 كه‌سه‌مان جارێ بڵاونه‌كردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و كچ و ژنانه‌ی هێشتا لای داعشن و له‌گه‌ڵ ئه‌م رفێنراوانه‌ی ئێره‌ یه‌كیان ناسیوه‌”.

شه‌ممه‌ 12ی كانونی دووه‌م، نوسینگه‌كه‌ رزگاركردنی كچێكی ئێزیدی 20 ساڵانی راگه‌یاند، به ‌ناوی ئیخڵاس باپیر و ناوه‌كه‌شی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ پێشتر له‌ شارێكی سوریا بووه‌، ئه‌و كچه‌ خه‌ڵكی گوندی كۆجۆی قه‌زای شه‌نگاله‌ له‌ خۆرئاوای موسڵ.

هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆش یه‌كشه‌ممه‌ 13ی كانونی دووه‌م نوسینگه‌كه‌ رزگاركردنی دوو خێزانی تری له‌ڕێی (كه‌ركوك ناو)ه‌وه‌ ئاشكراكرد كه‌ حه‌وت كه‌سن.

“به‌پێی رێنماییه‌کانی نوسینگه‌كه‌‌ هه‌ر که‌سێک رزگاربکه‌ین له‌ په‌یجی تایبه‌ت به‌خۆمان له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاویده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێک حاله‌ت هه‌یه‌ ناتوانین ئاماژه‌ به‌ ناوه‌کانیان بکه‌ین، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی كچانی تری لای داعش”، حسێن قایدی وایوت.

دهۆك، 7-11-2017، شادبوونەوەی كچە رزگاربویەكی ئێزیدی بە كەسوكاری فۆتۆ: نوسینگەی كاروباری رفێنراوان

به‌پێی ئاماری نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدییەكان تائێستا سێ هه‌زار و 343 ئێزیدی رزگاركراون له‌نێویاندا ژن و منداڵ، له‌وكاته‌ی داعش له‌ ئابی 2014 هێرشیكرده‌ سه‌ر شنگال زێدی مێژویی ئێزیدییه‌كان، بەڵام هێشتا نزیك له‌و ژماره‌یه‌ش چارەنووسیان دیارنییە كە بەسەر هەردوو رەگەزەكەدا دابەشبوون.

له‌ كۆتایی ساڵی 2018 كه‌سوكاری رفێنراوان، نیگه‌رانی خۆیان نیشاندا له‌ سستبونی پرۆسه‌ی‌ رزگارکردنی رۆڵه‌كانیان له‌ڕێی (كه‌ركوك ناو)ه‌وه‌، به‌ڵام حسێن قایدی جه‌ختیكرده‌وه‌ “پرۆسه‌که‌ به‌رده‌وامه‌ و ته‌نیا پلانی خۆمان گۆڕیوه‌”.

“ئێمه‌ پلانێکی تایبته‌مان داڕشتووه‌ بۆ ساڵی 2019و ئێستا ده‌ستمان پێکردوه‌ و پلانه‌که‌ی ئێمه‌ به‌پێی شوێن و کات ده‌گۆڕدرێت و وه‌کو ساڵانی رابردوو نابێت، چونکه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی چه‌کدارانی داعش لێی نیشته‌جێن گۆڕانکاریی به‌سه‌رداهاتووه”، به‌ڵام قایدی ره‌تیكرده‌وه‌ باسی ورده‌كاری پلانه‌كه‌ بكات له‌پێناو سه‌ركه‌وتنی.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن