یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی راكان سه‌عید و یه‌كێتی دوای هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان

January 13, 2019 at 8:43 pm

كه‌ركوك/13ی كانونی دووه‌می 2018/ وه‌فدێكی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان سه‌ردانی نوسینگه‌ی پارێزگاری كه‌ركوك ده‌كه‌ن فۆتۆ: راگه‌یاندنی پارێزگار

كه‌ركوك – كه‌ركوك ناو

وه‌فدێكی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان سه‌ردانی راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م دیداری نێوانیانه‌ دوای هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكانی ئه‌و حزبه‌ كه‌ نیگه‌رانی پارێزگار و به‌غدای لێكه‌وته‌وه‌.

وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی كه‌ ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری و كاكه‌ڕه‌ش سدیق، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ لیستی برایه‌تی (پشكی یه‌كێتی)، سه‌رۆكایه‌تیان ده‌كرد، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 13ی كانونی دووه‌م سه‌ردانی نوسینگه‌ی پارێزگاری كه‌ركوكیان كرد.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری له‌ لێدوانێكیدا بۆ (كه‌ركوك ناو)، جه‌ختیكرده‌وه‌ سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ لای راكان سه‌عید بۆ هه‌ندێك پرسی ئیداریی بووه‌، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو هیچ زانیارییه‌كی تر بدركێنێت.

هه‌روه‌ها نوسینگه‌ی راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وكاله‌ت، له‌ راگه‌یه‌نراوێكیدا ده‌ڵێت “له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر پابه‌ندبون به‌ده‌ستور و كاركردن له‌سه‌ر نزیككردنه‌وه‌ی بیروبۆچونه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ی گیانی ئاشتی و یارمه‌تیدانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ پاراستنی ئاسایش، له‌گه‌ڵ زاڵبونی گفتوگۆ بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌ی دادپه‌روه‌رانه‌ له ‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌كان”.

ئه‌وه‌ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی نێوان یه‌كێتیی و راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوكه‌ به‌وه‌كاله‌ت، دوای هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكانی ئه‌و حزبه‌ له‌شاره‌كه‌.


یه‌كێتی نیشتمانی
 دره‌نگانی شه‌وی 8ی كانونی دوه‌م له‌سه‌ر باره‌گاكانیی له‌ كه‌ركوك ئاڵای هه‌رێمی له‌پاڵ ئاڵای حزبه‌كه‌یدا هه‌ڵكرد و ره‌تیده‌كاته‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئاڵاكه‌ جێبه‌جیبكات.

ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ هات نوسینگه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیران شه‌وی چوارشه‌ممه‌ 9ی كانونی دوه‌م داوای هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئاڵای هه‌رێمی كوردستانی كرد له‌سه‌ر باره‌گای حزبه‌كانی كه‌ركوك و داوایكرد دادگای فیدراڵی ئه‌و پرسه‌ یه‌كلاییبكاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك داوای هێز و ده‌ستتێوه‌ردانی به‌غدای كرد له‌و دۆسییه‌یه‌.

یه‌كێتی هه‌ینی رابردوو بڕیاریدا ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر باره‌گاكانی بهێنێته‌ خواره‌وه‌ جگه‌ له‌ هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیی و مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوك.

ده‌رباره‌ی كه‌ركوك و هه‌ڵكردنی ئاڵاسه‌رۆكوه‌زیران و یه‌كێتی كاتژمێرێك گفتوگۆیان كرد

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن