عه‌‌‌‌‌باسی هێزی زياتری ده‌وێت

January 14, 2019 at 6:28 pm

كه‌ركوك/ ژماره‌یه‌ك چه‌كداری حه‌شدی عه‌شایه‌ری له‌ سنوری قه‌زای حه‌ویجه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی عه‌باسی له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌، رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هه‌ندێك له‌ ناوچه‌كانی ناحیه‌كه‌یان هێزی پێویستی لێ نییه‌ بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان له‌ مه‌ترسی گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویستیان به‌ هێزی تره‌.

ئه‌و داواكارییه‌ دوای زنجیره‌یه‌ك روداوی ته‌قینه‌وه‌ و هێرش هات له‌ 24 كاتژمێری رابردودا به‌هۆیه‌وه‌ دوو كه‌س كوژران و سیانی تر-یش برینداربون.

عەقید سقەر خەلیل، بەڕێوەبەرى پۆلیسى ناحیەى عەباسی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “شه‌وی 12ی كانونی دووه‌م ژماره‌یه‌ك چه‌كدار چونه‌ته‌ نێو گوندی حوائج نزیك روباری دیجله‌ سه‌ر به ‌ناحیه‌ی عه‌باسیی و ماڵی هاوڵاتییه‌كیان به‌ناوی مسته‌فا ئه‌حمه‌د بۆمبڕێژكردوه‌ و ته‌قاندویانه‌ته‌وه‌، به‌ڵام زیانی نه‌بووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و خێزانه‌ له‌ماڵ نه‌بون”.

له‌ روداوێكی تردا، یه‌كشه‌ممه‌ 13ی كانونی دووه‌م، بۆمبێكی تر له‌نزیك هه‌مان گوند‌ به‌ ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییه‌كدا ته‌قییه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه شۆفێره‌كه‌ی گیانیله‌ده‌ستدا و كه‌سێكی تریش برینداربوو.

هه‌مان رۆژ، له‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی گوندی حوائج بۆمبێكی چێنراو ته‌قییه‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ ژنێك گیانیله‌ده‌ستدا و دوو له‌ منداڵه‌كانیشی برینداربون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی بۆمبێك لە نێوان هه‌ردوو گوندى حەمدانییە و عەرەسە له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌، ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌وته‌ی عه‌قید سقه‌ر خه‌لیل.

به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی عه‌باسی، ده‌ڵێت “بارودۆخى ناو ناحییەکە زۆر باشە، چونكه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسى ناحییەکە و پۆلیسى فیدراڵیی و هه‌روه‌ها حەشدی عه‌شایه‌رییه‌وه‌ ده‌پارێزرێت، بەڵام بەشێک لە گوندەکانى دەرەوەى ناحیەکە کە هاوسنورە لەگەڵ ناحیەى ریاز و زنجیرە چیاى حەمرین و روبارى دجلە، نائارامە و شەوانه‌ چه‌كدارانی داعش دەردەکەون و چالاکی ئه‌نجامده‌ده‌ن و به‌ڕۆژیش خۆیان له‌نێو دارستانه‌كان ده‌شارنه‌وه‌”، ئه‌وه‌ش وه‌ك خۆی ده‌ڵێت “به‌هۆی ئه‌وه‌ی دەزگا ئەمنیه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ناحیه‌كه‌ به‌پێی پێویست نین و ته‌نیا دوو فەوجى پۆلیسى فیدراڵى لێیه و ژماره‌یان كه‌مه‌ له‌كاتێكدا ناوچه‌كه‌ فراوانه‌”.

عه‌باسی ناحیه‌كی سه‌ر به‌ قه‌زای حه‌ویجه‌یه‌‌ له‌ باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك، نزیكه‌ی چوار ساڵ له‌ژێر كۆنترۆڵی داعشدا بوو و كۆتایی 2017 كه‌وته‌وه‌‌ ده‌ست هێزه‌ عیراقییه‌كان، به‌ڵام هێشتا به‌شێك له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ته‌واوی ئارام نییه‌.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن