داوای هێزێكی سه‌ربازیی بۆ پێكهاته‌كانی كه‌ركوك ده‌كرێت

January 14, 2019 at 1:00 pm

كەركوك، 5-8-2017، مەشق‌و راهێنانی لیوای دوی كەركوك بۆ شەڕی حەویجە فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و هۆزه‌كانی كه‌ركوك، پاڵشتی پێكهێنانی هێزێكی سه‌ربازیی ده‌كه‌ن ته‌واوی پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی پارێزگاكه‌ به‌بێ سڕینه‌وه‌ی هیچ نه‌ته‌وه‌ و لایه‌نێك، له‌بری ئه‌وه‌ی هیچ هێزێك له‌ ناوچه‌كانی تره‌وه‌ ره‌وانه‌ی شاره‌كه‌ بكرێت.

ئه‌و داواكارییه‌ی عه‌شیره‌ته‌كان، هاوكاته‌ له‌سه‌ر ئه‌و مشتومڕه‌ی به‌رده‌وامه‌ی زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌كاندا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ ده‌رباره‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك، به‌وپێیه‌ی به‌شێكیان داوای هێزی ناوه‌ند و هه‌ندێكیشیان ده‌یانه‌وێت پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌.

عوسمان زه‌نگه‌نه‌، سه‌رۆكی عه‌شیره‌تی زه‌نگه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “داواكارییه‌كمان داوه‌ته‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران بۆ پێكهێنانی لیوایه‌كی تایبه‌ت له‌ عه‌شیره‌ته‌كانی كه‌ركوك و رێككه‌وتن له‌نێوان هه‌موو عه‌شیره‌ته‌كاندا هه‌یه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌، تا پێكهاته‌ی هێزه‌كه‌ بۆ توێژێكی دیاریكراو نه‌بێت، چونكه‌ كه‌ركوك شاری هه‌موانه‌”.

دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك، زیاتر له‌ ساڵێكه‌ به‌ده‌ستی دژه‌تیرۆری عیراقه‌وه‌ به ‌هاوكاریی پۆلیس، له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاگه‌ش پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی هه‌یه‌.

كه‌ركوك، تشرینی یه‌كه‌می 2018، هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ سنوری قه‌زای حه‌ویجه‌ فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی

“داواده‌كه‌ین ئه‌و هێزه‌ی پێكده‌هێنرێت سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق بێت، ئه‌ركه‌كه‌یشی پاڵپشتی پۆلیسی ناوخۆیی بێت و رێگه‌ نه‌درێت هیچ هێزێكی تر له‌ ناوچه‌كانی تره‌وه‌ ره‌وانه‌ی پارێزگاكه‌ بكرێت.

عوسمان زه‌نگه‌نه‌ رونیشیكرده‌وه‌ داواكاری سه‌ره‌كییان پێكهێنانی ئه‌و هێزه‌یه‌ له‌ ئه‌فسه‌رانی پێشوو و به‌ ئه‌زمونی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ له‌ بواری سه‌رباز، تا ببێته‌ یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی ته‌واو و به‌رگری له‌ هاوڵاتیان بكات”.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هه‌فته‌ی رابردودا و له‌كاتی هه‌ڵكردنی ئاڵای هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ له‌سه‌ر باره‌گاكانیان، ئیداره‌ و چه‌ند پێكهاته‌یه‌كی شاره‌كه‌، داوای ره‌وانه‌كردنی هێزی سه‌ربازییان له‌ به‌غدا كرد، ئه‌و داواكارییه‌ش یه‌كه‌مجار نیه‌ و له‌ زۆربه‌ی روداوه‌كاندا دوباره‌ ده‌بێته‌وه.

ئیسماعیل حه‌دیدی، كه‌سایه‌تی عه‌شایه‌ری و سه‌ركرده‌ له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌و داواكارییه‌ بۆ پێكهێنانی هێز له‌ كۆنگره‌ی وه‌زری كۆمه‌ڵه‌ی عه‌شایه‌ره‌كانی كه‌ركوكدا هات كه‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌، تا نه‌چینه‌ مشتومڕه‌وه‌، چونكه‌ هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یه‌وێت پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و هه‌ندێكیش حه‌شدی شه‌عبی ده‌وێت”.

كه‌ركوك/ساڵی 2015/ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ی ته‌للوه‌رد له‌ باشوری خۆرئاوای كه‌ركوك فۆتۆ: كار,ان سالحی

پێشمه‌رگه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی جێناكۆك كشاوه‌ته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌تی عیراق گه‌ڕانه‌وه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا، كاتێك په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی ئاڵۆزی.

“ئه‌و بیرۆكه‌یه‌مان بۆ پێكهێنانی هێزه‌كه‌ پێباش بوو تا مشتومڕه‌كان یه‌كلاییبكاته‌وه‌ و ببێته‌ هێزێكی سه‌ربازیی بۆ هاوكاری پۆلیسی ناوخۆیی و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی كه‌ركوك” به‌وته‌ی حه‌دیدی.

داواكاری پێكهێنانی ئه‌و هێزه‌یه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی جموجۆڵه‌ چه‌كدارییه‌كان و چه‌ندین روداو، به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی باشور و خۆرئاوای كه‌ركوك، هه‌رچه‌نده‌ له‌ كۆتایی ساڵی 2017وه‌  كۆتاییهاتنی داعش له‌ عیراق راگه‌یه‌ندراوه‌.

عه‌لی موفتی، یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی كه‌ركوك و سه‌ركرده‌یه‌ له‌ حزبی توركمان ئیلی، ده‌ڵێت ئه‌وان له‌ ساڵی 2012وه‌ داوای هێزێكی سه‌ربازییان كردووه‌ بۆ گه‌نجانی شاره‌كه‌، به‌شێوه‌یه‌ك رێژه‌ی سه‌دا 32ی بۆ هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك بێت و ناوبنرێت فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌ركوك”.

به‌بڕوای موفتی، “پێكهێنانی هێزێكی سه‌ربازی له‌ رۆڵه‌كانی كه‌ركوك ده‌بێته‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ بۆ پارێزگاكه‌، ئه‌وكاته‌ هیچ لایه‌نێك پێویستی به‌ داواكاركردنی هێزی فیدراڵی نیه‌ ره‌وانه‌ی شاره‌كه‌ بكرێت”.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن