“وه‌زیری ناوخۆ” پێكهێنانی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی دوزخورماتوو-ی دواخستووه‌

January 18, 2019 at 12:10 pm

سه‌ڵاحه‌دین/ كانونی دووه‌می 2018/ دوو چه‌كداری هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا له‌دوزخورماتوو فۆتۆ: راگه‌یاندنی هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا

ژینۆ خه‌لیل – سه‌ڵاحه‌دین

پێكهێنانی هێزێكی هاوبه‌ش بۆ پێكهاته‌كانی دوزخورماتوو، چه‌ند مانگێكه‌ چاوه‌ڕێی واژۆیه‌كه‌ له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراقیه‌وه‌ و نه‌كراوه‌، به‌وپێیه‌ی هێشتا وه‌زیری نوێی ناوخۆ هه‌ڵنه‌بژێردراوه‌.

هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا، له‌ ئابی ساڵی رابردودا پێشنیاری پێكهێنانی هێزێكی 450 چه‌كدارییان كرد بۆ قه‌زای دوزخورماتوو، له گه‌نجانی توركمان، كورد و عه‌ره‌ب، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر پێكهاته‌ و 150 ناو پێشكه‌شبكات.

عه‌لی حسێنی، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای دوزخورماتوو كه‌ هاوكات یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ركرده‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌و سنوره‌دا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “هەموو فایلەکانی پێكهێنانی ئه‌و هێزه‌ ئامادەیە و چاوەڕێین وەزیری ناوخۆ ئیشی لەسەر بکات”.

پێكهێنانی ئه‌و هێزه‌ واژۆی وه‌زیری ناوخۆی ده‌وێت، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی حسێنی، له‌كاتێكدا هێشتا ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ وه‌زیری نییه‌ و ده‌ستبه‌كارنه‌بووه‌، بۆیه‌ پرۆسه‌كه‌ دواكه‌وتووه.

ئه‌و لێپرسراوه‌ له‌ پێكهاته‌ی توركمان جه‌ختیكرده‌وه‌ “پەشیمان نەبوینەتەوە لەپێکھێنانی ئەو ھێزە و سه‌دله‌سه‌د دەبێت پێکبھێنرێت، چونکە زۆر گرنگە بۆ دوزخورماتوو”.

پەشیمان نەبوینەتەوە لەپێکھێنانی ئەو ھێزە و سه‌دله‌سه‌د دەبێت پێکبھێنرێت

حكومه‌تی نوێی عیراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی عادل عه‌بدولمه‌هدی، له‌ كۆتایی تشرینی یه‌كه‌می 2018وه‌ ماتمانه‌ی په‌رله‌مانی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام هێشتا چه‌ند وه‌زاره‌تێكی پڕنه‌كردۆته‌وه‌، له‌ نێویاندا وه‌زیری ناوخۆ به‌هۆی ناكۆكی نێوان لایه‌نه‌كانه‌وه‌.

محه‌مه‌د مه‌حمود قادر، جێگری لێپرسراوی بازنه‌ی حه‌مرینی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بڕیاردراوه‌ ھێزێکی نیەتپاکی هاوبه‌ش لەنێوان هه‌رسێ نەتەوەکاندا پێکبھێنرێت، .. چونکە وتیان ئەم ھێزە غەریبانە تاھەتایە لەخورماتوو نامێننەوە و پێویستە ئەم ھێزە ھاوبەشە دروستبکرێت”.

بڕیاره‌ ئه‌و هێزه‌ی دوزخورماتوو ببێته به‌شێك له به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا، كه سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراقه و له سه‌ره‌تای ساڵی رابردووه‌وه‌ ره‌وانه‌ی قه‌زاكه كرا، دوای ئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منییان وه‌رگرت به‌شێكی زۆر له خێزانه ئاواره‌كانی كورد گه‌ڕانه‌وه و داوایانكرد ئه‌و هێزه نه‌كشێته‌وه.

“ھەر سێ نەتەوەکە ناومان ناردوە بۆ به‌شداری له‌و هێزه‌دا و چۆته‌ به‌غدا، ناوەکان لەوەزارەتی ناوخۆیە، تائێستا دەنگی نییە و نازانین لەسەرچی وەستاوە” به‌وته‌ی لێپرسراوه‌كه‌ی یه‌كێتی.

قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە توركمان، كورد‌و عەرەب پێكهاتون.

به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا له‌ دوزخورماتووهێزێكی چه‌كداری بۆ توركمان، كورد و عه‌ره‌ب پێكده‌هێنێت

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن