گۆڕانكاریی له‌ پۆسته‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كرێت

January 14, 2019 at 3:22 pm

كەركوك/2017/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

زنجیره‌‌یه‌ك گۆڕانكاریی له‌ پۆسته‌ ئه‌منییه‌كانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی كه‌ركوكدا ده‌كات، له‌ نێویاندا دانانی چه‌ند كاندیدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ڵام بڕیاری ده‌ستبه‌كاربونیان هێشتا به‌ پارێزگاكه‌ نه‌گه‌یشتووه‌.

گۆڕانكارییه‌كان له‌ پۆلیسی كه‌ركوك، مانگێكه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و به‌رده‌وامی هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی بڕیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق.

سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵا له‌ پۆلیسی كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ر راسپێردراون به‌ ئه‌ركی جیاواز له‌ چه‌ند پۆستێكی فه‌رمانده‌یی پۆلیس”، ده‌ڵێت ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ نوێ نیه‌ و جه‌ختیكرده‌وه‌ “هێشتا فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربونیان نه‌گه‌یشتووه‌ و زۆرینه‌یان له‌ قه‌زا و ناحیه‌كانی پارێزگاكه‌ن”.

ئه‌و سه‌رچاویه‌ جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ “ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای حزبی و نه‌ته‌وه‌یی نه‌بووه‌، رێكارێكی پیشه‌یی هه‌یه‌ بۆ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ بۆ پۆسته‌كان”.

حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدا، تائێستا زیاد له‌ جارێك، به فه‌رمانی جیاواز بڕیاری جێگۆڕكێ و گواستنه‌وه‌ی بۆ ده‌یان ئه‌فسه‌ری كورد ده‌ركردوه‌، ئه‌وه‌ش بۆته‌ جێی ناڕه‌زایی لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، له‌ نێویاندا یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ گۆڕانكارییه‌كان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌و كه‌سانه‌ی راسپێردراون بۆ چه‌ند پۆستێكی فه‌رمانده‌یی پۆلیسی كه‌ركوك سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستانن”.

پارتی له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ زۆربه‌ی لێپرسراوانی ئه‌منی و ئیداری رویانكردۆته‌ هه‌ولێر، له‌وكاته‌وه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و چالاكی سیاسییان نییه‌.

به‌پێی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی بۆ (كه‌ركوك ناو) “پۆستی به‌رێوه‌به‌ری ژێرخان له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی كه‌ركوك دراوه‌ته‌ عه‌مید سه‌باح محه‌مه‌د، دوای ئه‌وه‌ی بڕیاری دانانی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆوه‌ ده‌رچووه‌ و 30 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستبه‌كاربووه‌”.

هه‌روه‌ها پۆستی ئیداره‌ی ژمێریاری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیس دراوه‌ به‌ عه‌قید محه‌مه‌د ناسح، به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌، وتیشی “هێشتا عه‌قید هومه‌ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌هشتنی تاوانی وه‌رنه‌گرتووه‌ و دانوستان له‌باره‌ی ئه‌و پۆسته‌وه‌ هه‌یه‌”.

فه‌رمانده‌یی پۆلیس، له‌سه‌ر راسپارده‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، گۆڕانكارییه‌كانی ده‌ستپێكردووه‌.

به‌پێی سه‌رچاوه‌كه‌ی پۆلیس، گۆڕانكارییه‌كان، له‌ پێناو ئاڵوگۆڕی ئه‌زمون و هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌زمونی نوێ، له‌گه‌ڵ دانانی ئه‌فسه‌ران له‌بواری شاره‌زایی و پسپۆڕییه‌كانی خۆیاندا.

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن