سێیه‌م گوندی خانه‌قین به‌ره‌و چۆڵبون ده‌ڕوات

January 16, 2019 at 12:18 pm

دیاله‌، كانونی دوه‌می 2019، ده‌رگای یه‌كێك له‌و ماڵانه‌ی له‌ گوندی باپڵاوی خانه‌قین ئاواره‌بون به‌ قفڵ داخراوه‌ فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد – دیاله‌

هاوڵاتیانی ناوچه‌ی محه‌مه‌د شیربه‌گ له‌ خانه‌قین، زیاتر له‌ نیوه‌یان ئاواره‌بون و ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ به‌هۆی مه‌ترسی ئه‌منیه‌وه‌ جێگیرنیه‌، ئه‌وه‌ش سێیه‌مین گوندی قه‌زاكه‌یه‌ به‌ره‌و چۆڵبون ده‌ڕوات.

دوایین روداو له‌و ناوچه‌یه‌دا، شه‌وی دوشه‌ممه‌ 14ی كانونی دوه‌م بوو، كاتێك هێزه‌كانی پۆلیس له‌ محه‌مه‌د شیربه‌گ بۆ نێو كاتژمێر روبه‌روی ژماره‌یه‌ك چه‌كداری بونه‌وه‌، كه‌ به‌وته‌ی لێپرسراوانی ئه‌منی سه‌ر به‌ داعش بون.

عه‌مید ئازاد عیسا، بەرێوه‌بەری بەشی پۆلیسی خانەقین سەر بە بەرێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان –سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان- به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “نزیكی كاتژمێر 8ی شه‌و ژماره‌یه‌ك چەكداری داعش هێرشیانكردە سەر خاڵێكی سەربازیمان له‌و گونده‌ و دوای نیو كاتژمێر له‌ پێكدادان، هێزه‌كه‌مان به‌رگری كرد و هێرشه‌كه‌یان تێكشكاند”.

زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌ خانه‌قین و ناوچه‌كانی ده‌وربه‌ری، هێرشی چه‌كداریی و روداوه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه‌، سه‌رباری هه‌بونی شه‌ش هێز له‌و سنوره‌ و دوباره‌بونه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان.

دیاله‌، كانونی دوه‌می 2019، سه‌نگه‌ری هێزه‌كانی پۆلیسی له‌گوندی محه‌مه‌د شیربه‌گی خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

موزەفەر عەلی، ئەنجومەنی گوندی مەحمەد شیربەگ له‌ خانه‌قین به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “پێشتر 35 خێزان له‌ گونده‌كه‌دا نیشته‌جێ بون، به‌ڵام به‌هۆی هێرشی تیرۆریستان و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان زۆرینه‌یان ئاواره‌بون و ئێستا ته‌نیا 12 خێزان ماونه‌ته‌وه‌، ئه‌وانیش ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ گونده‌كه‌ چۆڵبكه‌ن”.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) و زانیاریی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و لێپرسراوان، تائێستا هه‌ردوو گوندی مه‌ردان و حوسێن مه‌مه‌ له‌ سنوری قه‌زای خانه‌قین به‌ ته‌واوی چۆڵبون، به‌هۆی روداوه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌.

“دوای روداوه‌ تیرۆریستیەكانی گوندەكەمان داوای هێزمان كرد بۆیە پۆلیسی خانەقین سەر هەرێمی كوردستان خاڵێكی سەربازییان داناوە لە گوندەكە”، ئه‌نجومه‌نی گوندی محه‌مه‌د شیربه‌گ جه‌ختیكرده‌وه‌ “چه‌ندینجار چه‌كدارانی داعشمان بینیوه‌ له‌ سنوره‌كه‌ و خه‌ڵك ته‌قه‌ی لێكردون”.

به‌وته‌ی موزه‌فه‌ر، خه‌ڵكی ئه‌و گونده‌ و ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌، نزیكه‌ی شه‌ش مانگه‌ له‌ خۆرئاوابونه‌وه‌ تا به‌ره‌به‌یان خۆیان پاسه‌وانی ده‌كه‌ن.

ده‌یان گوندی كشتوكاڵی سنوری خانه‌قین-ی باكوری دیاله‌، بڕیاریانداوه‌ له‌نێو خۆیاندا ئه‌ركی پاسه‌وانی و پاراستنی ناوچه‌كه‌یان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن، به‌ ئامانجی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی جموجۆڵه‌ چه‌كدارییه‌كانی قه‌زاكه‌ و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كاندا.

به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی پۆلیسی خانه‌قین له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی گه‌رمیان ده‌ڵێت “داعش جموجۆڵی بەرچاویان لە سنوری خانەقین هەیە و بەردەوام هێرشدەكەنە سەر هێزە ئەمنییەكان، به‌ تایبه‌ت له‌ چەمی ئەڵوەن، كه‌ ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانه‌ و لە گوندی مەحمەد شیربەگه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا گوندەكانی شێخ باوە لە جەلەولا”.

به‌بڕوای عه‌مید ئازاد به‌و هێزانه‌ی ئێستا له‌ سنوره‌كه‌دا هه‌یه‌ كۆنتڕۆڵی ته‌واوی ئه‌منی ناكرێت بۆیه‌ داوایكرد هێزی زیاتر له‌ هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌نده‌وه‌ ره‌وانه‌ بكرێت.

دیاله‌، كانونی دوه‌می 2019، گوندی به‌شیربه‌گ له‌ نزیك چه‌می ئه‌ڵوه‌ن له‌ قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

شه‌وی رابردو 15ی كانونی دوه‌م له‌ نزیك چه‌می ئه‌ڵوه‌ن له‌ باكوری خانه‌قین، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هێرشیانكرده‌ سه‌ر خاڵێكی سه‌ربازی له‌ گوندی محه‌مه‌د عه‌باس.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسی فریاكه‌وتنی دیاله‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌ی داعشه‌وه‌ پۆلیسێك كوژراوە و ئەفسەرێكیش بە پلەی ڕائید برینداربوو، دواتر به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا”.

له‌ دوای 2003وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی خانه‌قین به‌ده‌ست پۆلیس و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.

خه‌لیل ئه‌ركه‌وازی، چاودێریی ئه‌منی له‌ پارێزگای دیاله‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دەبێت هێزە ئەمنییەكان هەرێم و عیراق بچن به‌ هانای خەڵكی گوندەكانه‌وه‌، چونكە ئەگەر گوندەكان چۆڵ بكرێن كاریگەری خراپی زۆری ئەمنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت بۆ سەر خانەقین و مەترسی لەسەر ناوەندی خانەقین دروست ده‌بێت”.

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی رونیكرده‌وه‌ گوندەكانی دەروبەری خانەقین، له‌ نێویاندا خۆرئاوا و باكوری قه‌زاكه‌ وه‌كو پشتوێنه‌ی ئه‌منین بۆ ناوه‌ندی خانه‌قین.

ئه‌ركه‌وازی باسی له‌ جموجۆڵه‌ چه‌كدارییه‌كان كرد، به‌ تایبه‌ت له‌ چه‌می ئه‌ڵوه‌ن، به‌هۆی چڕی دارو دارستانه‌كانه‌وه‌، پێشیوایه‌ له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ “ره‌وشی ئه‌منی ناوچه‌كه‌ و خانه‌قین ئاڵۆز بووه‌”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن