زیاتر له‌ 500 هه‌زار ئاواره‌ له‌ كه‌مپه‌كاندا ماون

January 20, 2019 at 1:37 pm

خێزانێكی ئاواره‌ له‌ كه‌ركوك دوای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كه‌یان هاوكارییان وه‌رگرت فۆتۆ: رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ

كه‌ركوك ناو

زیاتر له‌ 500 هه‌زار هاوڵاتی عیراقی، هێشتا له‌ كه‌مپی ئاواره‌كان ماون و هه‌زارانی دیكه‌ش دوور له‌ زێدی خۆیان ده‌ژین، له‌ كاتێكدا ئه‌وانه‌ی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌ به‌ بارودۆخێكی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕن.

به‌پێی دوایین ئاماری رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ كه‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، هێشتا ملیۆنێك و 800 هه‌زار كه‌س به‌هۆی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانه‌وه‌ ئاواره‌ن، له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر له‌ 500 هه‌زار ئاواره‌ له‌ كه‌مپه‌كاندا نیشته‌جێن.

گێرارد وه‌یت، سه‌رۆكی نێرده‌ی رێكخراوه‌كه‌ بۆ عیراق ده‌ڵێت هه‌رچه‌نده‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ ناوچه‌كانی خۆیان به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ كه‌مپ یان شوێنی تر ماونه‌ته‌وه‌ له‌ دۆخێكی خراپدان و پێداویستییان نیه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ وه‌رزی سه‌رمادا.

له‌ ئاماره‌كانی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ-دا هاتووه‌، له‌ كۆی ژماره‌ی ئاواره‌كان نزیكه‌ی 140 هه‌زار كه‌س له‌ شوێنی هه‌ستیار نیشته‌جێن، وه‌كو قوتابخانه‌، شوێنه‌ ئاینییه‌كان و باڵه‌خانه‌ی ته‌واو نه‌كراو و چۆڵكراو.

“پاش ئاوارەبونمان بۆ ماوەی ساڵێك و نیو لە شاری کەرکوك، گەڕاینەوە بۆ گوندەکەمان کە بەهۆی داعشەوە زیانی پێگەیاندراوە، هەموو شتێك زیانی به‌ركه‌وتبوو، خانوەکەمان و دوکانه‌كه‌مان کە تەنیا سەرچاوەیەك بوو بۆ داهاتمان، بۆیه‌ دەبوایە لەسەرەتا دەستپێبکەین” نورا دوای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێدی خۆی وای وت.

ئه‌و ژنه‌ دایكی چوار منداڵه‌ و له‌ ناحیه‌ی عه‌باسی كه‌ركوك نیشته‌جێیه‌، ده‌ڵێت له‌كاتێكدا به‌ دۆخێكی قورسی داراییدا تێده‌په‌ڕن، سه‌رمای زستان كێشه‌یه‌كی تر بووه‌ و ناچاربون بۆ خۆپاراستن له‌ شه‌وانی ساردی زستان، دار به‌كاربهێنن بۆ ئاگركردنه‌وه‌.

نه‌ینه‌وا، 2018، بارانی به‌لێزمه‌ و لافاو زیانی به‌ ئاواره‌ی كه‌مپه‌كاندا گه‌یاند فۆتۆ: رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ

له‌ مانگه‌كانی كۆتایی ساڵی رابردودا، بارانی به‌لێزمه‌ زیانی زۆری به‌ ئاواره‌كان گه‌یاند، چه‌ندین خێوه‌ت له‌ كه‌مپه‌كاندا داڕوخا.

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ، بۆ وه‌رزی سه‌رما، كه‌لوپه‌ل و پێداویستی به‌سه‌ر هه‌زاران ئاواره‌دا له‌ كه‌مپ و ناوچه جیاوازه‌كانی عیراق دابه‌شكردووه‌، له‌ نێویاندا هیته‌ر و به‌تانی.

ئه‌لبێرتۆ پریتۆ، بەڕێوەبەری بەشی ئامادەبون و وەڵامدانەوە لە رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عیراق وتی “سەرەرای سەرکەوتنی کرداری وەڵامدانەوە بۆ وەرزی زستان، ئێمە زۆر نیگەرانین بۆ عیراقییانەی تائێستا ئاوارەن و زستانێکی تر لە کەمپ و پەناگە نه‌شیاوەکان به‌سه‌رده‌به‌ن”.

ئاشكراشیكرد له‌مساڵدا رێگایه‌كی نوێ ده‌گرنه‌به‌ر بۆ نوژه‌نكردنه‌وه‌ی خانوی زیانلێكه‌وتوی هاوڵاتیان و دابینكردنی هاوكاری مرۆیی تا ئاواره‌كان بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌.

له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014وه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش و دواتر شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌، نزیكه‌ی شه‌ش ملیۆن هاوڵاتی ئاواره‌ بوون كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی سه‌دا 15ی ژماره‌ی دانیشتوانی وڵات، له‌و ژماره‌یه‌ش تائێستا زیاتر له‌ چوار ملیۆن كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن