ژیان له‌ژێر خێوه‌تێكی كۆندا
2000 ئاواره‌ ناتوانن كه‌مپێكی كه‌ركوك جێبهێڵن

February 3, 2019 at 12:28 pm

كه‌ركوك، 5ی كانونی دوه‌می 2019، كه‌مپی ئاواره‌كانی یه‌حیاوه‌ له‌ناحیه‌ی له‌یلان فۆتۆ: ئه‌حمه‌د قاسم

ئه‌حمه‌د قاسم – كه‌ركوك

خێوه‌تی خێزانه‌كه‌ی عه‌بدولره‌زاق حازم له‌ كه‌مپی یه‌حیاوه‌ی كه‌ركوك، ئه‌وه‌نده‌ كۆنه‌ خه‌ریكه‌ به‌سه‌ریاندا داده‌ڕوخێت، چونكه‌ چوار ساڵه‌ دانراوه‌ و ناچارن بۆ ماوه‌یه‌كی زیاتریش تێیدا بمێننه‌وه‌.

عه‌بدولره‌زاق و خێزانه‌كه‌ی له‌ ساڵی 2014وه‌ ئاواره‌ی كه‌ركوك بوون، به‌هۆی ئه‌و وێرانكارییانه‌ی شه‌ڕ به‌ خانوه‌كانیانی گه‌یاندووه‌ له‌ زێدی خۆیان، له‌گه‌ڵ سه‌دان خێزانی تر چه‌ند ساڵێكه‌ نه‌یانتوانیووه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر.

“له‌گه‌ڵ هه‌موو وه‌زره‌كاندا مه‌ینه‌تی زۆرمان هه‌یه‌، كاتێك وه‌رزی زستان دێت كێشه‌كانمان زیاتر ده‌بن، دوای بارانی زۆر خێوه‌ته‌كانمان نوقمی ئاو ده‌بن” عه‌بدولره‌زاق بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ كه‌ له‌ ناحیه‌ی عه‌یازییه‌ی ته‌له‌عفه‌ر له‌ نه‌ینه‌واوه‌ ئاواره‌ی كه‌مپی یه‌حیاوه‌ بوه‌ له‌ كه‌ركوك، بارودۆخی ژیانیان به‌ “تراژیدیی” ناوده‌بات و ده‌ڵێت “خێوه‌ته‌كانمان زۆر به‌كارهاتووه‌ و داكه‌وتووه‌، چونكه‌ ته‌مه‌نی چوار ساڵه‌ و چیتر به‌رگه‌ی كه‌شوهه‌وای خراپ ناگرێت”.

عه‌بدولره‌زاق حازم وتی “چه‌ند هۆكارێك هه‌یه‌ بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌مان، سه‌ره‌كیترینیان ئه‌وه‌یه‌ خانوه‌كانمان روخاون و ناوچه‌كه‌ به‌ كه‌ڵكی ژیان نایات”، دوو هه‌زار كه‌سی تر له‌ كه‌مپی یه‌حیاوه‌ ماونه‌ته‌وه‌ و به‌هه‌مان ئه‌و هۆكارانه‌ی عه‌بدولره‌زاق باسیكرد ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌.

عه‌بدولره‌زاق حازم ده‌ڵێت ئاماده‌نیه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌كه‌ی خۆی تا ئاوه‌دان نه‌كرێته‌وه‌ فۆتۆ: ئه‌حمه‌د قاسم

كه‌مپی یه‌حیاوه‌، سه‌ره‌تای ئابی 2014 له‌ گوندی یه‌حیاوه‌ی ناحیه‌ی له‌یلان له‌ خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك بنیاتنرا، دوای به‌خشینی زه‌وییه‌كان له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ و به‌هاوكاری دارایی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق نییه‌.

زیاتر له‌ هه‌زار خێزان كه‌ زۆرینه‌ی له‌ پێكهاته‌ی توركمان بون، له‌ ناحیه‌ی عه‌یازییه‌ و ناوه‌ندی ته‌له‌عفه‌ره‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعشه‌وه‌ رویانكرده‌ ئه‌و كه‌مپه‌، هێشتاش نیوه‌یان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

شوعه‌یب قه‌ساب، به‌رێوه‌به‌ری كه‌مپه‌كه‌ كه‌ خۆیشی ئاواره‌ی قه‌زای ته‌له‌عفه‌ره‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دوای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زاكه‌مان 450 خێزان له‌ كه‌مپه‌كه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ و 550 خێزان مانه‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ كه‌ ماوینه‌ته‌وه‌ ناتوانن بگه‌ڕێیینه‌وه‌ چونكه‌ ناوچه‌كه‌مان وێرانه‌یه‌ و زۆرینه‌ی خانوه‌كان روخاون”.

گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌كه‌م قۆناغی ئاواره‌كان بۆ ته‌له‌عفه‌ر له‌ شوباتی ساڵی رابردودا بوو، دوای ساڵێك له‌ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی قه‌زاكه.

تەلەعفەر بە ‌دوری 70كم دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵ، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ و دانیشتوانەكەی لە عەرەب و توركمانی شیعە مەزهەب‌ پێكهاتون، لە ناوەڕاستی 2014 داعش ده‌ستی به‌سه‌رداگرت و له‌ ئابی 2017، له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌.

كه‌ركوك، 5ی كانونی دوه‌می 2019، زۆربه‌ی خێوه‌ته‌كانی كه‌مپی یه‌حیاوه‌ی ناحیه‌ی له‌یلان خه‌ریكه‌ ده‌ڕوخێن به‌هۆی كۆنییانه‌وه‌ فۆتۆ: ئه‌حمه‌د قاسم

وه‌كو عه‌بدولره‌زاق حازم باسیكرد، سه‌رباری هه‌بونی به‌ربه‌ست بۆ گه‌ڕانه‌وه‌، له‌ خێوه‌ته‌كه‌شدا كوله‌مه‌رگی ده‌ژین، “له‌ ئاواره‌بونمانه‌وه‌ بۆ ئه‌م كه‌مپه‌ هاوكارییه‌ حكومییه‌كانمان پێنه‌گه‌یشتووه‌، ته‌نیا ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ رێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كانه‌وه‌یه‌”.

به‌پێی دوایین راپۆرتی رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ، هێشتا زیاتر له‌ 500 هه‌زار كه‌س له‌ كۆی نزیكه‌ی دوو ملیۆن ئاواره‌دا له‌ كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین، ئه‌وه‌ش له‌ بارودۆخێكی زۆر قورسدا، به‌ تایبه‌ت له‌ وه‌رزی سه‌رمادا.

ئه‌و رێكخراوه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ژماره‌یه‌كی زۆر ئاواره‌ ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌، به‌خۆی وێرانبونی خانوه‌كانیان و نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌.

به‌رێوه‌به‌ری كه‌مپی یه‌حیاوه‌ وتی “مانه‌وه‌ له‌م كه‌مپه‌دا ماندوی كردوین، ژیان لێره‌ زۆر قورسه‌”، داوای له‌ حكومه‌تی عیراقی كرد دوباره‌ ناوچه‌كانیان ئاوه‌دانبكه‌نه‌وه‌، “له‌ ئاواره‌بونمانه‌وه‌ ته‌نیا له‌ رێكخراوه‌ خێرخوازیی و ئه‌هلییه‌كانه‌وه‌ هاوكاریمان پێده‌گات”.

له‌ مانگه‌كانی كۆتایی ساڵی رابردودا، بارانی به‌لێزمه‌ زیانی زۆری به‌ ئاواره‌كان گه‌یاند، چه‌ندین خێوه‌ت له‌ كه‌مپه‌كاندا داڕوخا، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ پێشتر (كه‌ركوك ناو) له‌ دوو راپۆرتدا بڵاویكرده‌وه‌، بارودۆخی ئاواره‌كان له‌ كه‌مپدا خراپه‌ و به‌شێكیان خۆراكی پێویستیان پێناگات.

كه‌ركوك/13-2-2018/ گه‌ڕانه‌وه‌ی یه‌كه‌م كاروانی ئاواره‌كانی ته‌له‌عفه‌ر فۆتۆ: كاروان ساڵحی

“گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ زێدی خۆمان زۆر قورسه‌ چونكه‌ زیاتر له‌ 600 خانوو به‌ته‌واوی روخاون و ناوچه‌كه‌ بۆ ژیان شیاو نیه‌” سلێمان ئیسماعیل، مامۆستای ئاواره‌ی ناحیه‌ی عه‌یازییه‌ له‌ كه‌ركوك وای وت.

ئه‌و ده‌ڵێت “خێزانه ئاواره‌كان توانای داراییان لاوازه‌، هه‌ندێك گه‌ڕانه‌وه‌ و خانوه‌كانیان نۆژه‌نكرده‌وه‌، به‌ڵام كه‌سانی وه‌كو ئێمه‌ چاوه‌ڕێی پاڵپشتی حكومی ده‌كه‌ن بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانمان، سه‌رباری ئه‌وه‌ی وه‌كو وێرانه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ به‌ڵام هیچ جوڵه‌یه‌كی حكومی نابینین به‌ئامانجی گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیان بۆ قه‌زاكه‌”.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌ 7ی ئه‌یلولی 2017دا، قه‌زای ته‌له‌عفه‌ری وه‌كو ناوچه‌یه‌كی وێرانه‌ دیاریكرد، به‌هۆی ئه‌و زیانانه‌ی به‌ هێرشه‌كانی داعش به‌ر ژێرخانی گشتی و تایبه‌تی شاره‌كه‌ كه‌وت.

رێكخراوی داعش كاتێك هێرشیكرده‌ سه‌ر نه‌ینه‌وا، هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی سه‌ربازی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌نجامدا كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ زۆرینه‌ توركمان، ئێزیدی، كریستیان و پێكهاته‌كانی تر بون، به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران له‌ نێویاندا ژنان و كچانی ته‌له‌عفه‌ر روبه‌روی كوشتن و رفاندن بونه‌وه‌.

عه‌بدولره‌زاق حازم، دوای چه‌ند ساڵێك له‌ ئاواره‌یی و كێشه‌كانی كه‌مپ، ده‌ڵێت “هیچ هیچ نیازێكمان نیه‌ بگه‌ڕێیینه‌وه‌ تا ناوچه‌كه‌مان ئاوه‌دان نه‌كرێته‌وه‌، رێگه‌ناده‌ین بگوازرێینه‌وه‌ بۆ كه‌مپێكی تر ئه‌گه‌ر له‌ نه‌ینه‌واش بێت”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن