“ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك بدرێته‌ پۆلیسی ناوخۆیی”

January 28, 2019 at 11:20 am

كه‌ركوك/ئابی 2017/ شه‌قامێكی سه‌ره‌كی شاره‌كه‌ له‌سه‌ر قه‌ڵای مێژوویی كه‌ركوك فۆتۆ: بنار سه‌ردار

سۆران محەمەد – کەركوك

وه‌‌‌‌‌فدێكی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له به‌غدا له‌‌ كۆبونه‌وه‌‌یاندا له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی كه‌ركوك پڕۆژه‌یه‌كی خۆیان بۆ پارێزگاكه‌ ئاشكراكردووه‌، له‌ نێویاندا دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك بدرێته‌ ده‌ست پۆلیسی ناوخۆیی، ئه‌وه‌ش به‌پێی به‌شداربویه‌كی كورد له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌.

ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو 24ی كانونی دووه‌م له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، تیایدا شاخه‌وان عه‌بدوڵا وه‌كو نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان، رێبوار ته‌ها، وه‌كو نوێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان، حه‌سه‌ن تۆران، نوێنه‌ری توركمان و عماد یوحه‌نا وه‌كو نوێنه‌ری كریستیانه‌كان به‌شداربون، به‌بێ هیچ نوێنه‌رێكی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب.

شاخەوان عەبدوڵا، له‌ لێدوانێكیدا بۆ (كه‌ركوك ناو)، وتی “کۆبونەوەکە لەسەر داوای باڵیۆزخانه‌ی ئەمریکا بووە لە بەغدا، ئه‌وان پڕۆژه‌یه‌كی خۆیان ئاشكراكردووه‌ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکوک، پڕۆژەکە خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە لەوانە لایەنی ئابوری، سیاسی و ئەمنی لە شاری کەرکوک”.

پڕۆژەکەی ئه‌مریكا خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە لەوانە لایەنی ئابوری، سیاسی و ئەمنی لە شاری کەرکوک

“ئەمریکییەکان لە کۆبونەوەکەدا باسیان لەوەکردووە کە پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە ده‌وروبه‌ری کەرکوک هاوشانی سوپا پێكه‌وه‌ ده‌وروبه‌ری پارێزگاكه‌ بپارێزن و هیچ هێزێك له‌ناو شاری كه‌ركوك نه‌مێنێت جگه‌‌ له‌ پۆلیسی ناوخۆیی و دۆسییه‌ی ئه‌منی راده‌ستی ئه‌و هێزه‌ی پۆلیس بكرێت”، شاخه‌وان وایوت.

هه‌ر له‌ کۆبونەوەکەدا به‌وته‌ی شاخه‌وان، باسی ئابوری كه‌ركوك كراوه‌ و وتی “ئه‌مریكییه‌كان جه‌ختیانكردۆته‌وه‌ له‌وه‌ی پڕۆژەی گرنگ و وەبەرهێنان لە کەرکوک ئەنجامبدرێت”.

ئه‌مریكییه‌كان جه‌ختیانكردۆته‌وه‌ له‌وه‌ی پڕۆژەی گرنگ و وەبەرهێنان لە کەرکوک ئەنجامبدرێت

هاوكات رێبوار ته‌ها له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له‌ فه‌یسبوك نوسیویه‌تی “ئەمەریکییەکان هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی کەرکوک دەدەن لەڕوی سیاسی، سەربازیی و یاسایی و ئابوری، هەروەها جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت مەلەفی ئەمنی نێو شاری کەرکوک بەدەست هێزەکانی پۆلیسی ناوخۆ بێت و هێزەکانی سوپا و پێشمەرگەش ئەرکی پاراستنی دەرەوەی شاری کەرکوک بگرنە ئەستۆ”.

لانیكه‌م ساڵێك و دوو مانگه‌، یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان هه‌وڵی چڕو جۆراوجۆر ده‌دات بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ له‌ پشكی حزبه‌كه‌یی و كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه‌ كاره‌كانی له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 په‌كیكه‌وتووه‌، هه‌روه‌ها حزبه‌ كوردییه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن به‌شدارییان هه‌بێت له‌ ئیداره‌دانی دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك، به‌ڵام تائێستا له‌ هه‌وڵه‌كانیان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون.

رێگایه‌كیان لای پارتییه‌یه‌‌‌‌‌‌كێتی به‌ سێ رێگا كار بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك ده‌كات

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن