حكومه‌ت جوتیاران له‌ زه‌وییه‌كانیان داده‌بڕێت
ده‌نـگـی نـاڕه‌زایی لـه‌ كـه‌ركـوك و نـه‌یـنـه‌وا به‌رزده‌بێته‌وه‌

January 29, 2019 at 6:30 pm

كه‌ركوك/ ساڵی 2012/ جوتیارێكی پارێزگاكه‌ له‌ یه‌كێك له‌ گونده‌كان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

محه‌مه‌د ئه‌ڵماس و عه‌مار عه‌زیز

جوتیارانی كه‌ركوك و نه‌ینه‌وا، به‌ناچاری ده‌ستبه‌سه‌رداری چاندن ده‌بن له‌ روبه‌رێكی به‌رفراوانی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانیاندا، به‌هۆی بڕیارێكی حكومه‌تی عیراقی و به‌ پاساوی جیاواز، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ته‌نیا بژێوییه‌ بۆ ده‌یان هه‌زار خێزان له‌ هه‌ردوو پارێزگاكه‌دا.

به‌پێی پلانی وه‌زری كشتوكاڵی 2018-2019ی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق، رێژه‌ی چاندن له‌ ته‌واوی پارێزگاكاندا كه‌مده‌كرێنه‌وه‌ و له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ ده‌گاته‌ زیاتر له‌ سه‌دا 75، له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و بڕیاره‌ش كه‌می بڕی ئاوی پێویسته‌ بۆ كشتوكاڵ.

“له‌ كۆی 59 دۆنم زه‌وی ته‌نیا پلانی شه‌ش دۆنم چاندم بۆ دانراوه‌، واته‌ حكومه‌ت ته‌نیا به‌رهه‌می ئه‌و شه‌ش دۆنمه‌ وه‌رده‌گرێت” هێمن شكور بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی هێمن ده‌كه‌ونه‌ گوندی تاڵه‌بانی له‌ سنوری قه‌زای داقوق (44كم باشوری كه‌ركوك)، كه‌ ناوچه‌یه‌كی كشتوكاڵییه‌ و بژێوی زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌رته‌یه‌.

ئه‌و هاوڵاتیه‌ وتی “وه‌كو جوتیارێك ناچارده‌بین هانا بۆ بازاری ره‌ش ببه‌ین بۆ زیادكردنی روبه‌ری چاندن و پێداویستییه‌كان بكڕین و دواتریش به‌رهه‌مه‌ زیاده‌كه‌ به‌ بازرگانه‌كان بفرۆشین”.

حكومه‌ت پلانی كشتوكاڵی بۆ 2018-2019 له‌ عیراق به‌گشتی كه‌مكردۆته‌وه‌ بۆ سه‌دا 25 به‌ بیانوی كه‌می ئاو

به‌شێكی زۆر له‌ ناوچه‌ كشتوكاڵییه‌كانی كه‌ركوك، به‌ تایبه‌ت له‌ داقوق و حه‌ویجه‌، له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا وه‌كو پێویست سودیان لێوه‌رنه‌گیرا به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌.

به‌رزان شێخ غازی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی كشتوكاڵ له‌ ئه‌نجومه‌نی قه‌زای داقوق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “حكومه‌ت پلانی كشتوكاڵی بۆ 2018-2019 له‌ عیراق به‌گشتی كه‌مكردۆته‌وه‌ بۆ سه‌دا 25 به‌ بیانوی كه‌می ئاو و دروستكردنی پرۆژه‌ له‌سه‌ر روباره‌كان له‌لایه‌ن توركیاوه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌مساڵ بارانی زۆر هه‌بوو”.

به‌بڕوای غازی، ئه‌و بڕیاره‌ كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر جوتیاران و زیانلێكه‌وتوی یه‌كه‌من، بڕیاره‌كه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی زانیاریی هه‌یه‌ ته‌نیا بۆ حه‌ویجه‌ جیاوازه‌، به‌وپێیه‌ی ماوه‌یه‌ی زۆر له‌ژێر ده‌ستی داعشدا بوه‌، بۆیه‌ داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ كراوه‌.

كه‌ركوك، 2018، زه‌وی كشتوكاڵی له‌ سنوری ناوچه‌ی هه‌فته‌غار له‌ قه‌زای داقوق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

حه‌ویجه‌ و چوار ناحیه‌ی كه‌ركوك، له‌ مانگه‌كانی كۆتایی 2017دا له‌ژێر ده‌ستی داعش كۆنتڕۆڵكرانه‌وه‌.

لوقمان ئه‌حمه‌د، جوتیار له‌ ناوچه‌ی هه‌فته‌غاری داقوق له‌ كۆی 30 دۆنم پلانی چاندنی ته‌نیا چوار دۆنمی بۆ دانراوه‌ و سعود عه‌باش، جوتیارێكی تری هه‌مان سنوره‌ و له‌ كۆی 50 دۆنم زه‌وی، به‌رهه‌می حه‌وت دۆنمی وه‌رده‌گیرێت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌.

ئه‌و دوو جوتیاره‌ له‌ رێی (كه‌ركوك ناو)وه‌وه‌ هۆشدارییان دا له‌و زیانانه‌ی به‌هۆی بڕیارێكه‌وه‌ به‌ر تاكه‌ بژێوییان ده‌كه‌وێت و داوایانكرد، پێداچونه‌وه‌ به‌ پلانه‌كه‌دا بكرێت.

مه‌ترسییه‌كانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عیراق بۆ كه‌مئاوی دوای ئه‌وه‌دێت، كۆماری ئیسلامی ئێران و توركیا له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی رابردودا، بۆ چه‌ند جارێك به‌شێك له‌و ‌سه‌رچاوه‌ سه‌ره‌كییانه‌ی ئاوی عیراقیان گرته‌وه‌ كه‌ كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر خه‌ڵك هه‌بوو، ئه‌وه‌ش به‌هۆی دروستكردنی چه‌ند به‌نداوێكه‌وه‌ له‌ خاكی ئه‌و وڵاتانه‌دا.

حه‌مید نایف، لێپرسراوی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عیراق بۆ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ راستیدا بڕیاره‌كه‌ بۆ كه‌مكرنه‌وه‌ نیه،‌ به‌ڵكو گۆڕینی پلانی چاندنی گه‌نمه‌، له‌به‌رئه‌و مه‌ترسییانه‌ی له‌سه‌ر چاندن هه‌یه‌ به‌هۆی كه‌می ئاوییه‌وه‌ له‌ وه‌رزی داهاتودا”.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ وه‌كو وه‌زاره‌ت چه‌ند جێگره‌وه‌یه‌كیان بۆ كه‌مبونه‌وه‌ی ئاوی روباره‌كان هه‌یه‌، له‌ نێویاندا پشتبه‌ستن به‌ ئاوی بیری ئیرتیوازی، له‌گه‌ڵ تاقیكردنه‌وه‌ی رێگای نوێیی ئاودان و دانانی چه‌ند ئامێرێكی نوێ بۆ ئاودانی گه‌نم.

ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێبكرێت كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ روده‌دات چونكه‌ ژیانی هه‌زاران خێزان له‌سه‌ر داهاتی چاندنی گه‌نمه‌

بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی عیراقی، زیاتر له‌ جوتیارانی كه‌ركوك، ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌نێو هاوڵاتیانی نه‌ینه‌وادا به‌رزكردۆته‌وه‌، كه‌ بۆ چه‌ند ساڵێك زۆرینه‌یان نه‌یانتوانی به‌هۆی حوكمڕانی داعشه‌وه‌ سود له‌ زه‌وییه‌كانیان وه‌ربگرن و له‌ ئێستاشدا ناچارن له‌ روبه‌رێكی به‌رفراوان واز له‌ چاندن بهێنن.

هاشم محه‌مه‌د، زیاتر له‌ 15 ساڵه‌ سه‌رقاڵی كاری جوتیارییه‌ له‌ سنوری ره‌بیعه‌ی نه‌ینه‌وا، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی و ت”ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێبكرێت هیچ داهاتێكی دیكه‌م نابێت و كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ روده‌دات چونكه‌ ژیانی هه‌زاران خێزان له‌سه‌ر داهاتی چاندنی گه‌نمه‌”.

“بۆ چاندنی گه‌نم پشت به‌ ئاوی روباری دیجله‌ ده‌به‌ستین، راسته‌ ئاوه‌كه‌ كه‌مبۆته‌وه‌ به‌ڵام حكومه‌ت ده‌توانێت كێشه‌ی كه‌مئاوی چاره‌سه‌ر بكات له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ به‌ تایبه‌ت توركیا، چونكه‌ ناكرێت من له‌ 50 دۆنم زه‌ویی ته‌نیا نیوه‌ی بچێنم به‌ گه‌نم” هاشم وای وت.

سلێمانی، 2-6-2018، كه‌مبونه‌وه‌ی ئاستی ئاو له‌ چه‌می خاس به‌هۆی گرتنه‌وه‌ی ئاوی زێی بچوك له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ فۆتۆ: ره‌شید عه‌لی

له‌ مانگه‌كانی كۆتایی ساڵی رابردووه‌وه‌ تائێستا، چه‌ندین شه‌پۆلیی بارانی به‌خوڕ و به‌فر روی له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی عیراق كردووه‌، له‌ چه‌ندین شوێن بۆته‌ هۆی كۆبونه‌وه‌ی ئاوی زۆر و لافاو، ئه‌وه‌ش به‌لای هه‌ندێك له‌ شاره‌زایانه‌وه‌ ده‌توانرا سودی لێوه‌ربگیرێت تا له‌ وه‌رزی گه‌رمادا به‌كاربهێنرێته‌وه‌.

حه‌یده‌ر خه‌ڵه‌ف، جوتیارێكی ناوچه‌ی زومماره‌ و پێشتر روبه‌رێكی به‌رفراوانی زه‌وی چاندووه‌، ئه‌وه‌ش به‌ ئاوی باران، بۆیه‌ ئاماده‌نیه‌ بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت جێبه‌جێبكات و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بێجگه‌ له داهاتی چاندن هیچ كارێكی تر ناكه‌م و ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ته‌نیا نیوه‌ی زه‌وییه‌كانی خۆمان بكه‌ینه‌ گه‌نم توشی زه‌ره‌رێكی زۆر گه‌وره‌ ده‌بین، بۆیه‌ داواكارین ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌ له‌ بڕیاره‌كه‌ ده‌ربكرێت”.

چه‌كدارانی داعش، له‌ ناوه‌ڕاستی 2014وه‌ بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ له‌ زۆرینه‌ی ناوچه‌كانی نه‌ینه‌وا حوكمڕان بوو، به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ نێویاندا جوتیاران ئاواره‌بون.

سه‌یدۆ حسێن، ئه‌ندامی لیژنه‌ی كشتوكاڵ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ساڵانه‌ له‌ موسڵ روبه‌رێكی فراوان گه‌نم ده‌چێنرێت و به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ جوتیاران توشی زیانی زۆر ده‌بن بۆیه‌ قابیلی قبوڵ نیه‌”.

ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ بڕیاره‌كه‌ زیاتر بۆ ئه‌و ناوچانه‌یه‌ پشت به‌ ئاوی روباره‌كان ده‌به‌ستن، به‌ تایبه‌ت دیجله‌ و فورات، به‌ڵام زۆرینه‌ی سنوری موسڵ پشت به‌ ئاوی باران ده‌به‌ستن، هه‌ندێك شوێنی وه‌كو ره‌بیعه‌ و گه‌یار و سه‌لامیه‌ نه‌بن.

ساڵانه‌ له‌ موسڵ روبه‌رێكی فراوان گه‌نم ده‌چێنرێت و به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ جوتیاران توشی زیانی زۆر ده‌بن

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، پێشنیاریكردوه‌ به‌نداوێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ئاو به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كشتوكاڵ له‌ سنوره‌كه دروستبكرێت.

به‌بڕوای سه‌یدۆ بڕیاری كه‌مكردنه‌وه‌ی پلانی كشتوكاڵی ته‌نیا به‌شێكی ده‌توانرێت له‌ سه‌ره‌تادا جێبه‌جێبكرێت و زۆرترین زیانیش بۆ ئه‌و جوتیارانه‌یه‌ ناوچه‌كه‌یان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر روباره‌كانی دیجله‌ و فورات.

جگه‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی پلانی چاندن، چه‌ند ساڵێكه‌ جوتیاران به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك، به‌رده‌وام روبه‌ڕوی كێشه‌ ده‌بنه‌وه‌ له‌ وه‌رگرتنی به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ گه‌نج و جۆ یان خه‌رجكردنی شایسته‌ داراییه‌كانیان له‌ واده‌ی خۆیدا.

لێپرسراوی راگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عیراق نه‌یشارده‌وه‌ بڕیاری گۆڕانكاری له‌ پلانی كشتوكالیدا كاریگه‌ری له‌سه‌ر جوتیاران ده‌بێت، به‌وپێیه‌ی گه‌نم یه‌كێكه‌ له‌و به‌رهه‌مانه‌ی زۆرینه‌ی جوتیاران پشتی پێده‌به‌ستن.

حه‌مید نایف وتی “هێشتا ئومێدێك هه‌یه بارانی زۆر كاریگه‌ری هه‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان به‌بێ رازیبونی وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان یه‌ك دۆنم بۆ چاندن زیادبكه‌ن، به‌ڵام ئاستی روباره‌كان رێژه‌ و روبه‌ری زه‌وی بۆ چاندن دیاریده‌كات”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن