له‌ داعش رزگاری بوو له‌ كه‌مپ هه‌ڵات
خالیدا؛ ئه‌و كچه‌ی ماڵی جێهێشت و نه‌گه‌ڕایه‌وه‌

January 30, 2019 at 8:19 pm

خالیدا خزر خەڵەف (21ساڵ)، دوای زیاتر له‌ ساڵێك له‌ رزگاركردنی له‌ ده‌ستی داعش، كه‌مپی ئاواره‌یی له‌ زاخۆ جێهێشت و چاره‌نوسی نادیاره‌

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

خالیدا خزر خەڵەف (21ساڵ)، كچێكی ئێزیدی رزگاربوی ده‌ستی داعش، هه‌ینی رابردوو كه‌مپی ئاواره‌كانی قادیای له‌ زاخۆ جێهێشت و هێشتا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ و چاره‌نوسی نادیاره‌، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی پێشتر له‌ ده‌ستی داعش رزگاری بوو.

خالیدا خه‌ڵكی گوندی كۆجۆ، دایك، باوك و دوو برای به‌ده‌ستی داعش كوژراون له‌ ئابی 2014ه‌و چوار برای تریشی به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات كۆچییان كرد، خۆیشی كاتژمێر 11ی به‌یانی 25ی كانونی دووه‌م ماڵی كوری مامی له‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی قادیا جێهێشت كه‌ له‌دوای رزگاركردنی له‌ چنگی داعش له‌گه‌ڵ ئه‌وان ده‌ژیا.

 

خالیدا چۆن ماڵی جێهێشت؟

ناسر ئەلیاس، مامی خالیدا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “هەینی رابردوو پێكه‌وه‌ نانی بەیانیمان خوارد، هه‌ستمنه‌كرد خالیدا هیچ كێشه‌كی هه‌بێت و ئاسایی بوو، من دوای نانخواردن چوم بۆ پرسه‌یه‌ك، خێزانەکەم و منداڵەکانم و خالیدا پێکەوەبون، كاتێك نیوه‌ڕۆ گه‌ڕامه‌وه‌ وتیان خالیدا دیار نییه‌”.

“من نازانم ئەوکاتەی من رۆیشتم بۆ پرسەکە چی رویدا، دراوسێیه‌كان و ئیداره‌ی كه‌مپ-مان ئاگاداركرده‌وه‌ و هیچ كه‌سێك زانیاری نه‌بوو”، ناسر كه‌ خالیدا له‌ ماڵی ئه‌وان ده‌ژیا وایوت.

ناسر جه‌ختیكرده‌وه‌ “به‌پێی تواناکانم هەر شتێک خالیدا داوای کردبێت بۆم جێبه‌جێكردووه‌، وه‌كو مناڵەکانی خۆم خۆشمدەوێت”.

 به‌پێی تواناکانم هەر شتێک خالیدا داوای کردبێت بۆم جێبه‌جێكردووه‌، وه‌كو مناڵەکانی خۆم خۆشمدەوێت

داود سلێمان، خزمێكی نزیكی خالیدا، ده‌ڵێت “ئیدارەی کەمپی قادیا و دەزگا ئەمنیەکانی پارێزگای دهۆک-مان ئاگادارکرده‌وە، به‌ڵام هیچ زانیاریەکییان پێنه‌داوین له‌سه‌ر چاره‌نوسی”.

“خالیدا هیچ کێشەیەکی نەبوو، لەگەڵ کوڕی مامی خۆی دەژیا، هیچ رۆژێک هەستمان نه‌كردووه‌ كێشه‌یه‌كی ته‌ندروستی هه‌بێت”، داود سلێمان وایوت.

ئه‌و كچه‌ ئێزیدییه‌ له‌ 15ی ئابی 2014 كه‌وته‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش، دوای ئه‌وه‌ی گوندی كۆجۆ له‌ شنگال خۆرئاوای موسڵ كه‌وته‌ ده‌ست چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌ و له‌ 22ی كانونی یه‌كه‌می 2017 رزگاركرا.

گوندی كۆجۆ زێدی نادیه‌ موراد براوه‌ی خه‌ڵاتی نوبڵ بۆ ئاشتی، له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی روبه‌ڕوی كۆمه‌ڵكوژی كرانه‌وه‌ و زۆرێك له‌ كچ و ژنه‌كان رفێنراون و وه‌كو سه‌بایه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرا. یان كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ده‌كرا، له‌وانه‌ش خالیدا.

ئه‌و چوار برایه‌ی خالیدا كه‌ له‌كاتی هێرشی داعش‌ رزگاریان بوو، عیراقیان به‌ره‌و ئه‌وروپا جێهێشتووه‌ و له‌وێ ده‌ژین.

خالیدا له‌كوێیه‌؟

دووشه‌ممه‌ 28ی كانونی دووه‌م، ته‌له‌فونێك بۆ مۆبایله‌كه‌ی داود سلێمان، خوشكه‌زای خالیدا دێت، “خۆی نه‌ناساند و وتی: خالیدا گەیشتۆته‌ لای هێزەکانی نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) لە خانەسور، زیاتر به‌دوایدا مه‌گه‌ڕێن”.

بەڵام داود جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌وان باوه‌ڕ به‌و شته‌ ناكه‌ن و بەردەوام ده‌بن له‌ به‌دواداچون بۆ چاره‌نوسی خالیدا.

ئه‌مه‌ دووه‌م حاڵه‌تی دیارنه‌مانی كچانی ئێزیدییه له‌ كه‌مپه‌كانی ئاواره‌یی‌ له‌ چوار مانگی رابردودا، دوای ئه‌وه‌ی له‌ 9ی تشرینی یه‌كه‌می 2018، نه‌جلا ده‌خیل (16ساڵ)، له‌ كه‌مپی ئاواره‌كانی ئیسیان له‌ شێخان دیارنه‌ما و تائێستاش بێسه‌روشوێنه‌.

کەمپی قادیا كه‌ خالیدا تیای ده‌ژی، دەکەوێتە قەزای زاخۆ له‌ پارێزگای دهۆك و 14 هه‌زار و 335 ئێزیدی تیاده‌ژی.

ناسر ئه‌لیاس كوڕه‌ مامی خالیدا، نیگه‌رانه‌ له‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌ “گه‌ڕانه‌وه‌ی” خالیدا ده‌كه‌ن بۆ ناو داعش و وتی “داعش دایک، باوک و دوو برای کوشتووە چۆن دەچێتە لای داعش! ئه‌و رق و كینێكی زۆری له ‌دڵ بوو به‌رامبه‌ر چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌”.

 خالیدا رق و كینێكی زۆری له ‌دڵ بوو به‌رامبه‌ر چه‌كدارانی داعش

كه‌سوكاری خالیدا داوایان له‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه‌ كرد به‌وردی به‌دواداچون بۆ چاره‌نوسی ئه‌و كچه‌یان بكه‌ن.

سەلیم سەعید، ‌لێپرسراوی راگەیاندن لە بۆردی کاروباری مرۆیی سەر به‌ پارێزگای دهۆک، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئێمه‌ لێکۆڵینەوه‌مان له‌ روداوه‌كه‌ كردووه‌، بەڵام جارێ هیچ زانیارییەک بە دەزگا راگەیاندنەکان نادەین، قسە لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان و ئیدارەی کەمپی قادیاش دەکەینه‌وه‌ بۆ ئەوەی هەندێک زانیاری راست وه‌ربگرین”.

 

نه‌‌‌‌جلای تاقانه‌… سێ مانگه‌ بێسه‌روشوێنه‌له‌ چوار پارێزگای عیراق، قه‌ندیل و سوریاش به‌دوای-دا ده‌گه‌ڕێن

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن