له‌ خانه‌قین سوپا جێگه‌ی پۆلیسی فیدراڵی ده‌گرێته‌وه‌

February 2, 2019 at 9:51 am

دیاله‌، كۆتایی 2018،ئۆپه‌راسیۆنێكی هێزه‌كانی پۆلیسی فریاكه‌وتن له‌ گوندێكی خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد – دیاله‌

بڕیاره‌ هێزێكی سوپای عیراقی ره‌وانه‌ی خانه‌قین بكرێن، دوابه‌دوای كشانه‌وه‌ی پۆلیسی فریاكه‌وتن له‌چوارچێوه‌ی گۆڕانكارییه‌ ئه‌منییه‌كانی قه‌زكه‌دا، ئه‌وه‌ش به‌پێی سێ سه‌رچاوه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو).

به‌پێی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی خانه‌قیندا ده‌كرێت، پۆلیسی فریاكه‌وتن دوای ساڵێك له‌ جێگیربونی قه‌زاكه‌ جێده‌هێڵێت و له‌ سه‌ره‌تای شوباتی ئه‌مساڵیشدا، هێزیكی سوپا له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیاله‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی به‌رگری جێگه‌یان ده‌گرنه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ فه‌وجی 8ی پۆلیسی فریاكه‌وتنی دیاله‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ ئێستادا هێزه‌كانمان ئاماده‌باشییان كردووه‌ بۆ پاشه‌كشێ له‌ سنوری خانه‌قین و له‌ جێی ئێمه‌ فه‌وجی مه‌غاویری سوپای عیراقی له‌ فیرقه‌ی پێنج له‌ قه‌زاكه‌ جێگیرده‌بن”.

“هه‌ركات بروسكه‌مان له‌سه‌روی خۆمانه‌وه‌ پێگه‌یشت جوڵه‌ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و جێگایه‌ی بۆمان دیاریكراوه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی تری پارێزگای دیاله‌ و خانه‌قین جێده‌هێڵین”.

هێزه‌كانی پۆلیسی فریاكه‌وتنی دیاله‌، له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری خانه‌قین خاڵی سه‌ربازییان هه‌یه‌ و له‌ یه‌ك ساڵی رابردوودا به‌هۆی كرده‌وه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ ده‌یان كوژراو و برینداریان هه‌بووه‌، باره‌گای سه‌ره‌كیی هێزه‌كه‌ له‌ باڵه‌خانه‌ی لقی 15ی پارتی دیموكراتی كوردستاندایه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و حزبه‌ له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا قه‌زاكه‌یان به‌جێهێشت.

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله‌ كه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاری دۆسیه‌ ئه‌منییه‌كان نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پۆلیسی فریاكه‌وتن ده‌رچووه‌ و له‌ نزیكترین كاتدا پاشه‌كشێ ده‌كه‌ن”، به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌ “پێده‌چێت دوای جێگیربونی سوپا له‌ خانه‌قین بارودۆخی ئه‌منی سه‌قامگیر بێت”.

دیاله‌، 2018، چه‌كدارێكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ باكوری قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

له‌ سنوری قه‌زای خانه‌قین زیاتر له‌ شه‌ش هێز هه‌یه‌ له‌ نێویاندا پێشمه‌رگه، پۆلیسی فیدراڵی، حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و پۆلیسی ناوخۆیی سه‌ر به ‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی عیراق.

عەقید عیرفان حەمەخان، جێگری لیوای 3ی پیادەی پێشمەرگە لە سنوری خانەقین بە (كەركوك ناو)ى وت “لە چەند رۆژی داهاتوودا هێزێكی مەغاویری سوپای عیراقی بەرەو خانەقین و جەلەولا ره‌وانه‌ ده‌كرێن، پۆلیسی فریاكەوتنی دیالەش لەو دوو ناوچه‌یه‌ پاشەكشێ دەكەن”.

“ئەو هێزە بەمەبەستی ئارامی و بەرقەراربونی ئاسایشی ناوچەكە دێن بۆ خانەقین” به‌وته‌ی فه‌رمانده‌كه‌ی پێشمه‌رگه‌.

زیاتر له‌ ساڵێكه‌ له‌ خانه‌قین و ناوچه‌كانی ده‌وربه‌ری، هێرشی چه‌كداریی و روداوه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رده‌وامی هه‌یه‌، سه‌رباری هه‌بونی شه‌ش هێز له‌و سنوره‌ و دوباره‌بونه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان.

له‌ دوای 2003وه‌ دۆسیه‌ی ئه‌منی خانه‌قین به‌ده‌ست پۆلیس و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بوو تا گه‌ڕانه‌وه‌ی سوپا و هێزه‌كانی تری سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا.

سێیه‌م گوندی خانه‌قین به‌ره‌و چۆڵبون ده‌ڕوات

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن