پڕۆفایل: ته‌حسین به‌گ؛ میری سه‌رده‌می شۆڕش و كۆمه‌ڵكوژی ئێزیدییان

February 4, 2019 at 11:46 am

ته‌حسین سه‌عید عه‌لی به‌گ، میری ئێزدییان له‌ ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا و له‌ شاری هانۆڤه‌ری ئه‌ڵمانیا كۆچی دواییكرد

كه‌ركوك ناو

میر ته‌حسین به‌گ، له‌ 75 ساڵی سه‌رۆكایه‌تی پێكهاته‌ی ئێزیدییدا چه‌ندین سه‌رده‌می پڕ له‌ شه‌ڕ و ئاڵۆزی بینی، به‌ڵام هیچیان به‌ قه‌ت ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ نه‌بوو داعش پێی هه‌ستا و به‌وته‌ی نزیكه‌كانی، تا كۆتایی ژیانی به‌ خه‌می هاوئایینه‌كانیه‌وه‌ بوو.

‌28ی كانونی دوه‌می 2019 ته‌حسین سه‌عید عه‌لی به‌گ، میری ئێزدییان له‌ عیراق و جیهان دوای مانه‌وه‌ی بۆ زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی نه‌خۆشی دڵه‌وه‌، له‌ ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا له‌ شاری هانۆڤه‌ری ئه‌ڵمانیا كۆچی دواییكرد.

هه‌مان رۆژی كۆچی دوایی میر ته‌حسین، پرسه‌یه‌كی سێ رۆژی له‌ ئه‌ڵمانیا دانرا، 4ی شوبات دوای گه‌یشتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی بۆ هه‌ولێر مه‌راسیمێكی بۆ رێكخراو بڕیاره‌ سێشه‌ممه‌ له‌ عه‌ین سفنی قه‌زای شێخان، پرسه‌یه‌كی تری سێ رۆژی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ داده‌نرێت.

ته‌‌حسین سه‌عید عه‌لی حسێن به‌گ، له‌ 15-8-1933 له‌ گوندی باعه‌درێی قه‌زای شێخان له‌ دایكبووه‌، له‌ ته‌مه‌نی 11 ساڵیدا و له‌ هاوینی 1944دا وه‌كو میری ئێزیدییان له‌ جیهان دانراوه‌، ئه‌وه‌ش دوای 15 رۆژ له‌ كۆچی دوایی باوكی ئه‌میر سه‌عید به‌گ

میان خاتون، نه‌نكی میر ته‌حسین به‌گ كه‌ ده‌كاته‌ دایكی باوكی، رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه‌ له‌ دیاریكردنیدا وه‌كو میری ئێزدیان و نه‌هێشتنی هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ روبه‌ڕوی بۆته‌وه‌، به‌وپێیه‌ی ته‌مه‌نی زۆر كه‌م بووه‌ و رێگه‌ی نوێنه‌رایه‌تیكردن و به‌شداری پێنه‌دراوه‌ له‌ بۆنه‌ فه‌رمییه‌كان و په‌رله‌مانی ئه‌وكاتی عیراق.

سه‌رده‌می میرایه‌تی ته‌حسین به‌گ، به‌ چه‌ندین روداوی جیاواز و پڕ له‌ بارگرژییدا تێپه‌ڕی بۆ ئێزیدییه‌كان، له‌و ماوه‌یه‌دا هاوڵاتیانی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ روبه‌ڕوی ده‌یان هێرش و په‌لاماردان بونه‌ته‌وه‌.

هه‌ولێر/4ی شوباتی 2019/ ته‌رمی میری ئێزیدییان، ته‌حسین سه‌عید عه‌لی به‌گ گه‌یشته‌وه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر فۆتۆ: Kurdistan24

كۆمه‌ڵكوژی ئێزیدییه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌كدارانی داعش له‌ ئابی 2014دا، گه‌وره‌ترین روداوی دژ به‌و پێكهاته‌یه‌ بوو، كاتێك جگه‌ له‌ كوژرانی سه‌دان كه‌س، زیاتر له‌ شه‌ش هه‌زار هاوڵاتی تر به‌ تایبه‌ت كچان و ژنان رفێنران، تا وه‌كو كه‌نیزه‌ك كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌بكرێت، هێشتاش چاره‌نوسی نیوه‌یان دیارنییه‌.

“هیچ روداوێك ئه‌وه‌نده‌ی كۆمه‌ڵكوژیی ئێزیدییه‌كان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر میری ئێزیدییان نه‌بووه‌” ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی ئێزیدی له‌ ئه‌ڵمانیا له‌ كۆچی دوایی میر ته‌حسین به‌گ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا وای نوسی.

به‌پێی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه،‌ میری ئێزدییان تا ئه‌وكاته‌ی له‌ ژیاندا بوو، هه‌موو هه‌وڵێكی له‌ پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوڵاتیانی پێكهاته‌كه‌یدا بوو بۆ نیشتمان.

ئێزیدییه‌كان لە ناوچە جیاجیاكانی باكوری خۆرئاوای عیراق ‌و باكوری خۆرئاوای سوریا‌ و ناوچەكانی باشوری خۆرئاوای توركیا دەژین، ژماره‌یه‌ك لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاواره‌ بون ‌و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش وڵاتەكەیان بە جێهیشتوە ‌و كۆچیان كردووە.

یان ئیلهان كزیلهان، شاره‌زا له‌ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌ ره‌گه‌ز ئێزیدی له‌ ئه‌ڵمانیا، ده‌ڵێت میر ته‌حسین زۆربه‌ی كاته‌كانی له‌ ئه‌ڵمانیا بوو، به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌كه‌یه‌وه‌ نه‌یده‌توانی سه‌ركردایه‌تی گه‌له‌كه‌ی بكات و ره‌نگه‌ دوایین ئه‌میری ئێزیدییه‌كان بێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی دوای خۆی ماوه‌ته‌وه‌ و كاریگه‌ری ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌ی رویداوه‌ وایكردووه‌ پێكهاته‌كه‌ روبه‌ڕوی ئه‌سته‌می زۆر ببنه‌وه‌ و قورسه‌ یه‌كبخرێنه‌وه‌.

زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئێزیدی ده‌كه‌ونه‌ قه‌زای شێخان (ده‌كه‌وێته‌ باكوری موسڵ و له‌روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر به‌ هه‌ولێره‌) و قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ) كه‌ بۆ زیاتر له‌ ساڵێك (ئابی 2014 بۆ تشرینی دوه‌می 2015) له‌ژێر ده‌ستی داعشدا بوو.

میر ته‌حسین به‌گ، له‌ ساڵی 1959دا په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ جوڵانه‌وه‌ی چه‌كداری ئه‌وكاتی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌ركردایه‌تی مسته‌فا بارزانی، به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌ و دورخراوه‌ته‌وه‌ بۆ باشوری عیراق، ماوه‌یه‌ك له‌ژێر نیشته‌جێبونی زۆره‌ملێدا بووه‌ له‌ به‌غدا، له‌ ساڵی 1975دا چۆته‌ ده‌ره‌وه‌ی عیراق و له‌ به‌ریتانیا زمانی خوێندووه‌.

دوای راپه‌ڕینی به‌هاری 1991ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و پێكهێنانی ئیداره‌ی هه‌رێم، میر ته‌حسین به‌گ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، دووجار روبه‌ڕوی هه‌وڵی تیرۆركردن بۆته‌وه‌ و برینداربووه‌، ئه‌وانیش له‌ شوباتی 1992 و ئه‌یلولی 2003دا له‌ نێوان قه‌زای شێخان و شاری موسڵ.

ئه‌میر ته‌حسین سه‌عید به‌گ، میری ئێزدیان له‌ ته‌مه‌نی 86 ساڵیدا كۆچی دواییكرد

ته‌حسین به‌گ له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی چه‌ندین دیداری له‌گه‌ل لێپرسراوانی باڵادا هه‌بووه‌، هه‌وڵی زۆری داوه‌ بۆ كۆمه‌كی ئێزیدییه‌كان و هه‌موو هاوكارییه‌كان له‌ سندوقی ته‌حسین به‌گ بۆ خێرخوازی كۆكردۆته‌وه‌، چه‌ندین خه‌ڵات و رێزلێنانی ده‌رباره‌ی پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتی پێبه‌خشراوه‌.

پێگه‌ی میر له‌ نێو ئێزیدییه‌كاندا، پشتاوپشت بووه‌ و نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و پێكهاته‌یه‌ ده‌كات له‌ ئاستی جیهان، له‌ رووی ئاینیشه‌وه‌ باباشێخ، وه‌كو مه‌رجه‌عی دینی هه‌ڵده‌بژێردرێت.

میر ته‌حسین به‌گ، له‌ سێ ژن بۆته‌ باوكی 11 منداڵ، سێ كچ (هه‌دیه‌، نه‌فیه‌ و نه‌سرین) و هه‌شت كوڕ (زیاد، سه‌عید، مه‌روان، به‌ربه‌ست، حازم، فه‌رهاد، سه‌رهات و عسمه‌ت).

چاوه‌ڕوانده‌كرێت ماوه‌یه‌ك دوای كۆتایی پرسه‌ و مه‌راسیمه‌كانی كۆچی دوایی ته‌حسین به‌گ، ئه‌نجومه‌نی باڵای ئێزیدیی كۆببنه‌وه‌ بۆ دیاریكردنی میری نوێی ئێزیدی به‌پێی رێكاره‌كانی ئه‌و پێكهاته‌یه، بۆ ئه‌وه‌ش زیاتر ناوی حازم به‌گ، یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانی ته‌حسین به‌گ ده‌هێنرێت.

سه‌رچاوه‌:

DW

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن