هێزه‌ نوێیه‌كه‌ له‌ كه‌ركوك ده‌ستبه‌كاربون
فه‌رمانده‌ی فیرقه‌ی تایبه‌ت: ئامانجمان سه‌پاندنی یاسایه‌

February 5, 2019 at 6:00 pm

فه‌ریق روكن كه‌ریم ته‌میمی، فه‌رمانده‌ی فرقه‌ی 61ی تایبه‌تى سه‌ر به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی عیراق فۆتۆ: راگه‌یاندنی دیوانی پارێزگا

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

فه‌رمانده‌ی فرقه‌ی تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك ئاشكرایده‌كات، ئامانجی سه‌ره‌كییان سه‌پاندنی یاسا و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیرییه‌ بۆ شاره‌كه‌، بۆ ئه‌وه‌ش هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان پێكهاته‌ جیاوازه‌كاندا ناكه‌ن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5ی شوبات فه‌ریق روكن كه‌ریم ته‌میمی، فه‌رمانده‌ی فرقه‌ی تایبه‌تی سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران دوای به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی چه‌ند شوێنێكی شاری كه‌ركوك و له‌ به‌رده‌م دیوانی پارێزگادا، ئامانج و ئه‌ركه‌كانی هێزه‌كه‌ی بۆ رۆژنامه‌نوسان رونكرده‌وه‌.

ته‌میمی جه‌ختیكرده‌وه‌ “ئامانجی سه‌ره‌كی كاره‌كانمان سه‌پاندنی یاسایه‌ له‌ كه‌ركوك و خزمه‌تكردنی هه‌موو پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌یه‌ به‌بێ جیاوازی”.

لیوای 61 سه‌ر به‌ فرقه‌ی تایبه‌ت، چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ شوێنه‌ دیاریكراوه‌كاین خۆیان له‌ كه‌ركوك جێگیربون و ئه‌مڕۆ به‌ فه‌رمی ده‌ستبه‌كاربون، دوای كشانه‌وه‌ی ته‌واوی دژه‌تیرۆری عیراق.

دژه‌تیرۆری عیراق له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی “چه‌سپاندنی یاسا” له‌ كه‌ركوك جێگیربون، كاتێك پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشێی كرد.

كه‌ركوك/28ی كانونی دووه‌می 2019/ هێزه‌كانی لیوای 61ی تایبه‌ت گه‌یشته‌ كه‌ركوك فۆتۆ: ئاكام سه‌مه‌د

فه‌رمانده‌ی فرقه‌ی تایبه‌ت بۆ رۆژنامه‌نوسان ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ له‌ كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری و ئاسایشه‌ بۆ كه‌ركوك، “واده‌كه‌ین هاوڵاتیان به‌ ئازادی كاربكه‌ن و بگه‌ڕێن”.

“كاره‌كانمان له‌ رۆژانی داهاتودا به‌رده‌وامی ده‌بێت، كارده‌كه‌ین بۆ پاڵشتی هێزه‌كانی ئه‌منیه‌كانی كه‌ركوك له‌ پۆلیسی ناوخۆیی و هاتوچۆ، هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی هه‌یه‌ نه‌مێنن” به‌وته‌ی كه‌ریم ته‌میمی كه‌ جارێكیتر جه‌ختیكرده‌وه‌ “ئامانجی سه‌ره‌كییمان به‌دیهێنانی ئارامییه‌ بۆ خه‌ڵكی كه‌ركوك”.

له‌23ی كانونی دووه‌می 2019، عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق، بڕیاریدا‌ به‌ پاشه‌كشێی هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری عیراق له‌ كه‌ركوك و جێگرتنه‌وه‌یان به‌هێزی تر، له‌وانه‌ش لیوای 61ی سه‌ر به‌ فرقه‌ی تایبه‌تی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران.

دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك، بۆ زیاتر له‌ ساڵێك له‌ژێر فه‌رمانده‌یی راسته‌وخۆی دژه‌تیرۆری عیراقدا بوو به‌هاوكاری پۆلیس، له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری پارێزگاكه‌ش پۆلیسی فیدراڵی و حه‌شدی شه‌عبی هه‌ن.

دژه‌ تیرۆری عیراق له‌ كه‌ركوك كشایه‌وه‌لیوای 61ی تایبه‌ت له‌ باره‌گاكانی پارتی جێگرده‌بن

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن