پارێزگاری كه‌ركوك له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت؟
هه‌ڵوێستیی یه‌كێتییه‌كانی كه‌ركوك، عه‌ره‌ب و توركمان بخوێنه‌ره‌وه‌

February 6, 2019 at 11:10 am

كه‌ركوك، ته‌موزی 2017، كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌ ئاماده‌بونی راكان سه‌عید فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌ن

سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك

هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری نوێی كه‌ركوك له‌ هه‌ولێره‌وه‌، جێی ره‌زامه‌ندی یه‌كێتییه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگا نییه‌ و به‌لای عه‌ره‌بیشه‌وه‌ له‌ ئێستاوه‌ ره‌تكراوه‌ته‌وه‌، ته‌نیا توركمان ماوه‌ كه‌ دوای تاوتوێكردنی هه‌ڵوێستی خۆی ئاشكرابكات.

یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ دوایین كۆبونه‌وه‌ی باڵای نێوانیاندا سێشه‌ممه‌ 5ی شوبات، ره‌شنوسێكیان ئاماده‌كرد بۆ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ 18ی هه‌مان مانگ به‌ ئامانجی دانانی پارێزگارێكی نوێ، ئه‌وه‌ش هاوكاتی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بێت.

 

یه‌كێتی و پارتی كۆك بون؟

هه‌ولێر، 5ی شوباتی 2019، كۆبونه‌وه‌ی باڵای هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی فۆتۆ: میدیای پارتی

به‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی سێشه‌ممه‌، هه‌ردوو حزب ده‌رباره‌ی كه‌ركوك به‌ دوو ئاڕاسته‌ی جیاوازدا ده‌ڕۆیشتن، یه‌كێتی پێداگری ده‌كرد پرسه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم، دانانی پارێزگاری كه‌ركوك و پڕكردنه‌وه‌ی وه‌زیری دادی عیراق كه‌ هه‌ردوولا له‌سه‌ری ناكۆكن، بكرێنه‌ یه‌ك پاكێجی گفتوگۆ و رێككه‌وتنی له‌باره‌وه‌ بكرێت، به‌ڵام پارتی له‌گه‌ڵیدا نه‌بوو.

له‌ ئێستاشدا بڕیاره‌ ئه‌و ره‌شنوسه‌ی له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا رای هه‌ردولای كۆكردۆته‌وه‌، له‌ رۆژانی داهاتودا، به‌ فه‌رمی رێكبخرێنه‌وه‌ و واژۆبكرێن، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ هه‌رێم و چاره‌سه‌ری دۆخی كه‌ركوك به‌یه‌كه‌وه‌.

مەحمود محەمەد، وته‌بێژ و ئه‌ندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دوای كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌ رۆژنامه‌نوسانی وت “ھەردولا کۆک بووین لەسەر ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە 18ی شوبات لە ھەولێر کۆببێتەوە.. بەھاوکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پارتی و یەکێتی و ھەموو لایەنەکانی دیکە چارەسەر بۆ کێشەکانی ئەو پارێزگایە بدۆزرێتەوە”.

ئه‌و هه‌وڵه‌ نوێیه‌ی پارتی و یه‌كێتی، دوای ئه‌وه‌دێت هه‌فته‌ی رابردوو ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگی باڵای نێوان پارێزگاكان سه‌ر به‌ ئه‌میندارێتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق، بڕیاریدا به‌ دانانی جه‌مال مه‌ولود، ئه‌ندامی لیستی برایه‌تی سه‌ر به‌ (یه‌كێتیی)، وه‌ك سه‌رۆكی نوێی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت به‌شێوه‌ی كاتی بۆ كاروباره‌ داراییه‌كان.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژ و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بڕیاردرا هەوڵەكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك دەستپێبكات لە لایەن هەردوو حزبەوە، بۆیە 18ی ئەم مانگە كۆبونەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و پەرلەمانی كوردستان لە یەك رۆژدا ئەنجامده‌درێت”.

“ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا كۆدەبنەوە و تاوتوێی كاراكردنەوەی ئەنجومەنەكە دەكەن، دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد دەدەن”، به‌‌وته‌ی پیره‌.

لانیكه‌م ساڵێك و دوو مانگه‌، یه‌كێتی هه‌وڵی چڕو جۆراوجۆر ده‌دات بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ له‌ پشكی حزبه‌كه‌ی و كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه‌ كاره‌كانی له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 په‌كیكه‌وتووه‌، هه‌وڵیشده‌دات به‌شداربێت له‌ ئیداره‌دانی دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك، به‌ڵام تائێستا له‌ هه‌وڵه‌كانيدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.

 

یه‌كێتیيه‌كانی ئه‌نجومه‌ن قايل نین

كه‌ركوك، ئایاری 2018، هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی یه‌كێتی بۆ هه‌لبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: په‌یجی ئاسۆ مامه‌ند له‌فه‌یسبوك

یه‌كێتییه‌كانی كوتله‌ی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، رازی نین له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ی بڕیاره‌ له‌ هه‌ولێر بكرێت و پێشنیازی تریان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانن له‌ بڕیاری كۆتایی حزبه‌كه‌یان ده‌ربچن و بایكۆتی بكه‌ن.

ئازاد جەباری، ئەندامی ئەنجومه‌نی پارێزگای كەركوك له‌ پشكی یه‌كێتی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئەم پرسە خەسوانە چییە برادەرانی هەولێر دەكەین، من ئاشكرا دەیڵێم و نایشارمەوە هەوڵەكان بە كۆتا گەیشتووە بۆ ئەوەی جەمال مەولود كارەكانی ئەنجومەن بەڕێوەبەرێت، بۆ ئەوەی ئەو پرسە نەگاتە ئەنجام ئەو بڕیارە دراوە، ئەگەرنا ئەوان كەی خەمی كەركوكیان بووه‌، ئەگەر خەمیان بوایە دەهاتنەوە كەركوك و دۆخی كەركوكیان ئاسایی دەكرده‌وه‌”.

هه‌روه‌ها وتیشی “ئێمە لەسەر پشكی حزب ئەندامی ئەنجومەنین، هەركات حزب رێنماییمان پێبدات بەشداری ئەو كۆبونەوەیە دەبین، بەڵام تائێستاش هیچ بە ئێمە نەوتراوە، دیار نییە كۆبونەوەكە چۆن دەبێت و ئێمە لە پشكی یەكێتی كێ و كێ بەشداردەبین”.

ئەنجومەنی پارێزگا كە لە 41 ئەندام پێكدێت، 26 ئەندامی لە لیستی برایەتییە (كورد)، توركمان بە هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە نۆ ئەندام و پێكهاتەی عەرەبیش شەش ئەندامیان هەیە.

ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ پشكی یه‌كێتی، له‌ نوسینێكیدا له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ده‌ڵێت “باشتروایە کۆبونەوەکەی 18ی شوبات ناوبنرێت کۆبونەوەی لیستی برایەتی بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ کۆبونەوەیەکی سەرکەوتوی ئەنجومەن لە کەرکوک، بۆ ئەوەی ھیچ بیانویەک نەمێنێت بۆ بەشدارینەکردنی ھیچ لایەنێک”.

زیاتر له‌ ساڵێكه‌ ئه‌ندامانی پارتی له‌ كوتله‌ی برایه‌تی كه‌ زۆرینه‌ پێكده‌هێنن، نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و ئه‌وه‌ش به‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی داده‌نرێت بۆ په‌ككه‌وتنی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌ن، زیاتر له‌ جارێكیش جه‌ختیانكردۆته‌وه‌ له‌وه‌ی ناگه‌ڕێنه‌وه‌ تا دۆخی شاره‌كه‌ ئاسایینه‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌بڕوای ئه‌وان له‌ ئێستادا له‌ژێر هه‌ژمونی سه‌ربازیدایه‌.

 

عه‌ره‌ب: به‌ئاسانی به‌م دوعایه‌ ناڵێین ئامین

كه‌ركوك، 2013، خۆپیشاندانێكی هاوڵاتیانی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب دژی حكومه‌تی ئه‌وكاتی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب له‌ كه‌ركوك، كه‌ زیاتر له‌ ساڵێكه‌ پۆستی كه‌سی یه‌كه‌می شاره‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، كه‌مترین قسه‌ی له‌سه‌ر مشتومڕه‌ سیاسییه‌كان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر بارودۆخی پارێزگاكه‌ و له‌ ئێستاشه‌وه‌ به‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی هه‌ولێر رازی نییه‌.

محەمەد خزر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كه‌ركوك له‌ كوتله‌ی عەرەبی به‌ (كەركوك ناو)ی وت “ئێمە وەها بڕیارێك قبوڵناكەین، ئەمە چ رێككەوتنێكە ئەنجومەن لە كەركوك بێت و كۆبونەوەكانی لە هەولێر، هەروا بە ئاسانی بەم دوعایە ناڵێین ئامین، چونكە ئەو بڕیارە بە بڕیارێكی فاشل دەزانین و پێوه‌ی پابەندنابین”.

له‌دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ كه‌ هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك گه‌ڕانه‌وه‌، راكان سه‌عید، له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌بات، ئه‌وه‌ش به‌ بڕیاری حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوی عیراق و دوای دورخستنه‌وه‌ی نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌و پۆسته‌.

راكان سه‌عید له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری 2018ی عیراق، توانی له‌ چوارچێوه‌ی لیستی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك به‌ زیاتر له‌ 10 هه‌زار ده‌نگ ببێته‌ په‌رله‌مانتار، به‌ڵام هێشتا سوێندی یاسایی نه‌خواردوه‌، به‌وپێیه‌ی له‌نێوان په‌رله‌مانتاری یان پۆستی پارێزگار كه‌ یه‌كێتی داوایده‌كات، خۆی یه‌كلایینه‌كردۆته‌وه‌.

 

توركمان له‌ تاوتوێی بڕیاره‌كه‌دایه‌

كەركوك/29-3/خۆپیشاندانی بەرەی توركمانی لەبارەی بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لەكەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

توركمانه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، كه‌ چاویان له‌ چه‌ند پۆستێكی شاره‌كه‌یه‌، هێشتا رای فه‌رمییان نییه‌ له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتییه‌وه‌، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن دوای تاوتوێیه‌كی ته‌واو ئه‌وكات قسه‌ی كۆتایی بكه‌ن.

قاسم حەمزە، ئەندامی كوتلەی توركمانی لە ئەنجومەنی پارێزگا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ گوێبیستی ئەو هەواڵە بوین، پاش دیراسەكردنی ئەو بابەتە رەئی خۆمان بڵاو دەكەینەوە، چونكه‌ پێویستە بە وردی تاوتوێی بابەتەكە بكەین”.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ له‌ دوایین هه‌ڵوێستیدا كۆتایی مانگی رابردوو ئه‌رشه‌د ساڵحی، سه‌رۆكی به‌ره‌ی توركمانی له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا هۆشداریدایه‌ هه‌ردوو حكومه‌تی به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان تا كه‌ركوك له‌ رێككه‌وتنی گوماناوی دوربخه‌نه‌وه، به‌پێویستی زانی چاره‌سه‌ری دۆخی شاره‌كه‌ بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی جێبهێڵن.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ دوای كۆبونه‌وه‌ی به‌ره‌ی توركمانی هات له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌ به‌غدا و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك له‌ هه‌فته‌كانی رابردوودا.

به‌ره‌ی توركمانی، كه‌ پێشتر پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌، به‌ ئاشكرا له‌ مانگه‌كانی رابردودا داوای پۆستی پارێزگاری كرد، به‌ڵام هه‌ر له‌ نێو ئه‌و پێكهاته‌یه‌دا كاندیدی تر بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن هه‌یه‌.

پێشتر ئه‌نجومه‌ن چه‌ندجارێك شکستیهێنا له‌ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای که‌رکوک به‌وه‌کاله‌ت له‌ پۆسته‌که‌یدا، دوای ئه‌وه‌ی به‌ بڕیاری دادگا به‌ شه‌ش مانگ زیندانیکردن حوکمدرا.

رێبوار تاڵه‌بانی، له‌ساڵی 2014ه‌وه‌ سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌کات به‌وه‌کاله‌ت، دوای ئه‌وه‌ی حه‌سه‌ن تۆران له‌ به‌ره‌ی تورکمانی پۆسته‌که‌ی به‌جێهێشت و بووه‌ په‌رله‌مانتاری عیراق.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن