- Kirkuknow - http://kirkuknow.com/kurdish -

قایمقامی دوزخورماتوو: یونامی فشار ده‌كه‌ن تا قه‌ره‌بوی زیانلێكه‌وتوان بكرێته‌وه‌

ژینۆ خه‌لیل – سه‌ڵاحه‌دین

نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ هاریكاری عیراق (یونامی)، به‌ڵێنی دروستكردنی فشار ده‌ده‌ن بۆ قه‌ره‌بوی زیانلێكه‌وتوانی دوزخورماتوو، به‌پێویستیشی ده‌زانن ئاشته‌وایی نێوان پێكهاته‌كانی ئه‌و قه‌زایه‌ به‌هێزتر بكرێت.

شاندێكی باڵای یونامی، سێشه‌ممه‌ 5ی شوبات به‌ سه‌ردانێك گه‌یشتنه‌ دوزخورماتوو، به‌ ئامانجی تاوتوێی دۆخی قه‌زاكه‌ له‌ رووی ئه‌منی و خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندی نێوان پێكهاته‌كان.

حەسەن زەینلعابدین، قایمقامی قه‌زای دوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌و  شانده‌ هاتبون تا ببینن خه‌ڵكی دوزخورماتوو به‌هۆی روداوه‌كانه‌وه‌ چ زیانێكیان به‌ركه‌وتووه‌ و چۆن ماڵ و دوكانه‌كان سوتاون”.

به‌وته‌ی قایمقام شانده‌كه‌ی یونامی به‌ڵێنیانداوه‌ فشار بخه‌نه‌ سه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراقی تا قه‌ره‌بوی زیانلێكه‌وتوان بكرێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها ویستویانه‌ له‌ دۆخی ئه‌منی قه‌زاكه‌ دڵنیاببنه‌وه‌.

سه‌ڵاحه‌دین، 5ی شوباتی 2019، كۆبونه‌وه‌ی قایمقامیه‌تی دوزخورماتوو له‌گه‌ڵ شاندی یونامی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

(كه‌ركوك ناو) لە راپۆرتێكی-دا پێشتر بڵاویكردەوە كە 200 خانوی هاوڵاتیان و 100 دوكان و كۆگا لە گەڕەكی كۆماری قەزای دوزخورماتوو‌ سوتێنراون یان تاڵانكراون، لەگەڵئەوەشدا، 50 خانووی لێپرسراوانی كورد و پێشمەرگە ‌و چەكدارە خۆبەخشەكان تەقێنراونەتەوە، لە ئەنجامی شەڕی نێوان هێزە عیراقییەكان و پێشمەرگە، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ هه‌زاران خێزان ئاواره‌ بون.

هێزه‌كانی حكومه‌تی عیراقی، له‌چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنێكدا به‌ناوی “سه‌پاندنی یاسا” له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك و پێشمه‌رگه‌ كشایه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕی ئاڵۆزی.

سه‌ردار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی قه‌زای دوزخورماتوو به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “تائێستا سێجار له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان له‌ عیراق كۆبوینه‌ته‌وه‌ و به‌ڵێنی ئه‌وه‌یانداوه‌ قه‌ره‌بوی زیانه‌كان بكرێته‌وه‌ دوای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌هاوكاری رێكخراوه‌ جیهانییه‌كان”.

وتیشی “ئامانجێكی تری سه‌ردانه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه‌ پێكه‌وه‌ژیان و ئاشته‌وایی له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كانی قه‌زاكه‌ به‌هێزتر بكرێت”.

قەزای دوزخورماتوو، تاكە ناوچەی جێناكۆكی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستانە لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی لە توركمان، كورد‌و عەرەب پێكهاتون.