هه‌زاران ئاواره‌ی دیاله‌ گه‌ڕانه‌وه‌ دواده‌خه‌ن

February 7, 2019 at 8:44 pm

دیالە، كۆتایی 2017، كەمپێكی ئاوارەكان لە سنوری قەزای خانەقین فۆتۆ: كەركوك ناو

كه‌ركوك ناو – دیاله‌

هه‌زاران هاوڵاتی ناوچه‌ جیاوازه‌كانی دیاله‌، بڕیاریانداوه‌ تا كاتێكی نادیار له‌ ئاواره‌ییدا بمێننه‌وه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی هیچ رێگرییه‌كی ئه‌منی له‌به‌رده‌میاندا نییه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆی سێ هۆكاری په‌یوه‌ست به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی له‌ زێدی خۆیاندا.

له‌ ناوه‌ڕاستی 2014 به‌دواوه‌ و له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كانی داعش بۆ دیاله‌، هه‌زاران خێزان ئاواره‌بون و تائێستاش به‌شێكیان له‌ كه‌مپ و ناوچه‌كانی تری ئه‌و پارێزگایه‌ و قه‌زای خانه‌قین نیشته‌جێن، به‌وپێیه‌ی به‌هۆكاری جیاواز ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌.

ئه‌یوب عه‌زاوی، خه‌ڵكی گوندێكی ناحیه‌ی جه‌له‌ولایه‌ و هێشتا له‌ ئاواره‌ییدایه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “خانوه‌كه‌م وه‌ك خانوی سه‌دان خێزانی تر وێران بووه‌ بۆیه‌ له‌ كه‌مپێكی خانه‌قیندا ماوینه‌ته‌وه‌”.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ هه‌رچه‌نده‌ حه‌وت مانگه‌ ره‌زامه‌ندی ئه‌منی وه‌رگرتووه‌ تا بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام تا كاتێكی نادیار بڕیاریداوه‌ له‌ كه‌مپ بمێنێته‌وه‌، “گه‌ڕانه‌وه‌مان په‌یوه‌سته‌ به‌ دوباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانووه‌ روخاوه‌كه‌م”.

ناحیەی جەلەولا لەپارێزگای دیالە، له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و لەكۆتایی هەمان ساڵدا هێزەكانی پێشمەرگە كۆنترۆڵیان كردەوە‌و هەر ئەوانیش دۆسییەی ئەمنی ناحییەكەیان گرتەئەستۆ، تا له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا ئه‌منیه‌تی له‌لایه‌ن هێزه‌ عیراقییه‌كانه‌وه‌ وه‌رگیرایه‌وه‌.

عیراق، 2018، منداڵێكی ئاواره‌ دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا بۆ شوێنی نیشته‌جێبونی خۆیان كه‌ به‌هۆی شه‌ڕه‌وه‌ وێران بووه‌ فۆتۆ: IOM

ئه‌حمه‌د مه‌زهه‌ر جبوری، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “دیاله‌ دوای حوزه‌یرانی 2014 روبه‌روی هه‌ڵمه‌تێكی گه‌وره‌ی وێرانكاری بووه‌وه‌ به‌هۆی رێكخراوی داعشه‌وه‌ .. به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی لای ئێمه‌یه‌ ده‌وروبه‌ری 15 هه‌زار خانوو خاپور بون”.

ئه‌و خێزانانه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و ئاسایشی نیشتمانییه‌وه‌ وردبینی بۆ دۆسیه‌كانیان ده‌كرێت تا بزانن له‌سه‌رده‌می داعش هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌و رێكخراوه‌ ههبووه‌ یاخود نا.

ئه‌بوكامل زرگوشی، ئاواره‌یه‌كی تری ناوچه‌ی حه‌مرینه‌ و ده‌ڵێت كاتێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ دۆخی ئه‌منی سه‌قامگیربێت و مه‌ترسی شانه‌ نوستوه‌كانی داعش نه‌مێنێت، بۆ (كه‌ركوك ناو) وتیشی “به‌شێك له‌ خزمه‌كانمان گه‌ڕانه‌وه‌ و روبه‌روی هێرشی پاشماوه‌كانی داعش بونه‌وه‌ بۆیه‌ من گه‌ڕانه‌وه‌م دواخستووه‌ تا شه‌ڕی دژ به‌ شانه‌ نوستوه‌كانی داعش ته‌واو ده‌بێت”.

سه‌رباری تێپه‌ڕینی ساڵێك به‌ سه‌ر كۆتایی داعش له‌ ته‌واوی عیراقدا، به‌ڵام هێشتا له‌ چه‌ند شوێنێك به‌تایبه‌ت ناوچه‌كانی جێناكۆك، جموجۆڵی چه‌كداریی و روداوی جیاوازی ئه‌منی هه‌یه‌، له‌ نێویاندا ته‌قینه‌وه‌ و هێرشی چه‌كداری.

عه‌لی داینی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “رێژه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ كه‌م نیه‌ كه‌ ره‌زامه‌ندی گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌یه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌یان دواخستووه‌ بۆ كاتێكی نادیار به‌ چه‌ند هۆكارێك، له‌نێویاندا زۆری خانووه‌ وێرانه‌كان و هه‌بونی ناوچه‌ی ناسه‌قامگیر كه‌ بۆته‌ ته‌حه‌دی ئه‌منی بۆ چه‌ندین خێزان جگه‌ له‌ وێرانبونی زۆرینه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان”.

دیاله‌، 1ی ئابی 2018، گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌یان خێزانی ئاواره‌ له‌ خانه‌قینه‌وه‌ بۆ ناحيه‌ی سه‌عدیه‌ فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

“هۆكاره‌كانی تری رێگری له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان كێشه‌ی عه‌شایه‌ری و ئه‌وانیتر په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ كاریگه‌ری تیرۆر له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ له‌رێی دروستكردنی ململانێ له‌ هه‌ندێك ناوچه‌یه‌دا”.

داینی ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ دۆسیه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان هه‌وڵی زۆری حكومی ده‌وێت له‌ سه‌ره‌كیترینیاندا قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی ماددی خاوه‌نی خانووه‌ خاپوركراوه‌كان.

به‌پێی دوایین ئاماری رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ كه‌ ناوه‌ڕاستی كانونی دوه‌می ئه‌مساڵ بڵاویكرده‌وه‌، هێشتا ملیۆنێك و 800 هه‌زار كه‌س به‌هۆی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانه‌وه‌ ئاواره‌ن، له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر له‌ 500 هه‌زار ئاواره‌ له‌ كه‌مپه‌كاندا نیشته‌جێن.

ته‌حسین عه‌لی، ئاواره‌یه‌كی خه‌ڵكی قه‌ره‌ته‌په‌یه‌ و دوای چۆڵبونی گونده‌كه‌یان، زۆربه‌ی محه‌ویله‌ی كاره‌با و عه‌موده‌كانیان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ دزراوه‌، بۆیه‌ ده‌ڵێت “گه‌ڕانه‌وه‌مان كه‌وتۆته‌ سه‌ر دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كان چونكه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ گونده‌كه‌مان به‌بێ هه‌بونی كاره‌با زۆر قورسه‌”.

ناحیه‌كانی قه‌ره‌ته‌په‌ و سەعدییە، دانیشتوانەكەیان فره‌ پێكهاته‌یه‌ و هاوشێوه‌ی ناوچه‌كانی تری دیاله‌، به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ زیانیان زۆریان به‌ركه‌وت.

ئه‌حمه‌د زرگوشی، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سه‌عدیه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “تائێستا زیاتر له‌ دوو هه‌زار خێزان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌ بۆ سنوره‌كه‌ و چاوه‌ڕێی ره‌زامه‌ندی ئه‌منی ده‌كه‌ن”، وتیشی “ته‌واوی ئه‌و خانوانه‌ی له‌ ناحیه‌كه‌دا وێران بون له‌ نێوان 200 بۆ 300 خانودایه‌، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌وه‌ی ئاواره‌كان نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ چه‌ند هۆكارێكی تر”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن