ئيداره‌ی كه‌ركوك و خاوه‌نی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان رێككه‌وتن

February 8, 2019 at 5:50 pm

كه‌ركوك، 2013، بۆردی دابه‌شكردنی كاره‌بای مۆلیده‌یه‌كی ئه‌هلی له‌ گه‌ڕه‌كێكی شاره‌كه‌دا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كانی كه‌ركوك، كاتژمێره‌كانی پێدانی كاره‌با به‌ هاوڵاتیان زیادده‌كه‌ن به‌هه‌مان نرخی دیاریكراو و له‌ به‌رانبه‌ردا زیاتر له‌ رابردوو گازیان پێده‌درێت، ئه‌وه‌ش به‌پێی رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی پارێزگاكه‌.

خاوه‌نی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كانی كه‌ركوك، سه‌ره‌تای شوباتی ئه‌مساڵ هه‌ڕه‌شه‌ی كوژاندنه‌وه‌ی مۆلیده‌كانیان كرد، ئه‌گه‌ر ئه‌و سیستمه‌ جێبه‌جێنه‌كرێت كه‌ پێشتر پێشنیاركرابوو بۆ زیادكردنی به‌شه‌ گاز.

عه‌لی حه‌مادی، یاریده‌ده‌ری پارێزگاری كه‌ركوك بۆ كاروباری هونه‌ری به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “گه‌یشتوینه‌ته‌ ئه‌نجام له‌گه‌ڵ خاوه‌ن مۆلیده‌كان كه‌ پێویسته‌ له‌ 13 كاتژمێردا هه‌ركات كاره‌بای نیشتمانی نه‌بوو ئه‌وان كاره‌با به‌ هاوڵاتیان بده‌ن، ئه‌وه‌ش له‌ به‌رانبه‌ر هه‌شت هه‌زار دینار بۆ هه‌ر ئه‌مپێرێك و ئیداره‌ی كه‌ركوك به‌شه‌ گازه‌كه‌یان له‌ سه‌دا 10وه‌ ده‌كات به‌ سه‌دا 15”.

پێشتریش خاوه‌ن مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان مۆلیده‌كانیان كوژانده‌وه‌ و خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان ئه‌نجامدا، له‌ به‌رامبه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی ئه‌مپێری كاره‌بای مۆلیده‌كانیان له‌ نۆ هه‌زاره‌وه‌ بۆ هه‌شت هه‌زار دینار بۆ شوباتی ئه‌مساڵ، ئه‌و كه‌مكردنه‌وه‌یه‌ش‌ له‌ژێر فشاری خۆپیشاندانی هاوڵاتیاندا بوو.

سابیر هادی، لێپرسراوی رایەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی که‌رکوک بە (که‌رکوک ناو)ی وت “له‌ داكۆبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی كه‌ركوك گه‌یشتینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی به‌یانیان كاتژمێر 6:30 خوله‌ك تا 8:30 خوله‌ك هه‌روه‌ها له‌ 2ی دوانیوه‌ڕۆوه‌ تا 1ی شه‌و كاره‌با بده‌ین له‌ كاتی نه‌بونی كاره‌بای نیشتمانی، جگه‌ له‌وه‌ی رۆژانی هه‌ینی به‌یانیان كاره‌با نه‌ده‌ین و له‌ بری ئه‌وه‌ زیادبكرێت بۆ نیوه‌ڕوان و له‌ كاتژمێر 11ی پێشنیوه‌ڕۆوه‌ مۆلیده‌كان ئیش پێبكه‌ین”.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ پێشتر یه‌ك كاتژمێری به‌یانیان كاره‌بای مۆلیده‌ دیاریكرابوو له‌گه‌ڵ ئیشپێكردنی له‌ 3ی دوانیوه‌ڕۆ به‌رله‌وه‌ی پاره‌ی هه‌ر ئه‌مپێرێكیش له‌ 9 هه‌زار بۆ هه‌شت هه‌زار دینار كه‌مبكرێته‌وه‌.

له‌ كه‌ركوك و پارێزگاكانی تری عیراق، له‌ وه‌رزه‌كانی گه‌رما و سه‌رمادا، به‌ گشتی دۆخی كاره‌با به‌ره‌و خراپی ده‌ڕوات، ئیداره‌ی شاره‌كانیش زیاد له‌ جارێك به‌ڵێنی چاككردنی دۆخه‌كه‌ ده‌ده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌ره‌نجامێكی هه‌بێت.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن