پێشمه‌رگه‌ و به‌غدا گه‌یشتونه‌ته‌ رێككه‌وتن؟
ورده‌كاریی دانوستانه‌كانیان بۆ كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك

February 8, 2019 at 9:20 pm

دیاله‌، 2014، سه‌نگه‌رێكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنوری قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

سۆران محه‌مه‌د و هاوڕێ ئازاد

وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق و هێزی پێشمه‌رگه‌، تائێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ هیچ رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر دۆسیه‌ی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك، ته‌نیا چه‌ند لیژنه‌یه‌كیان پێكهێناوه‌ بۆ به‌دواداچونی مه‌یدانی هاوبه‌ش به‌ ئامانجی هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه‌ و مه‌ترسیی پاشماوه‌ی داعش.

وروژاندنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوچه‌كانی جێناكۆك، دوابه‌دوای بڵاوبونه‌وه‌ی ده‌نگۆی رێككه‌وتنی حكومه‌ته‌كانی عیراق و هه‌رێمی كوردستان هات ده‌رباره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ندێك ده‌زگای میدیاییدا، ئه‌وه‌ش وایكرد هه‌رزوو هه‌ردولا ئه‌و زانیارییانه‌ ره‌تبكه‌نه‌وه‌.

بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگۆیه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ دوایین كۆبونه‌وه‌ی شاندی باڵای پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق له‌ هه‌ولێر، 4ی شوباتی ئه‌مساڵ، بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان و تاوتوێی گۆڕانکارییە ئەمنییەکان و بەدیاریکراویش بارودۆخی ناوچەكانی جێناكۆك، به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌.

لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆكی دەستەی ئەركانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا سەرۆك ئه‌ركانی سوپای عیراق لیژنەیەك دروستبكات و بەشێوەیەی مەیدانی سەردانی ئەو ناوچانە بكه‌ن كه‌ جموجۆڵی داعشی تیدایە لە پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا، كه‌ركوك، دیاله‌ وسه‌ڵاحه‌دین”.

سه‌رباری تێپه‌ڕینی زیاتر له‌ ساڵێك به‌سه‌ر راگه‌یاندنی كۆتایی داعش له‌ عیراق، به‌ڵام هێشتا له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی جێناكۆك به‌وته‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان جموجۆڵیان هه‌یه‌ و ئه‌ركی ئه‌و لیژنه‌یه‌ش ئه‌وه‌یه‌ مه‌ترسییه‌كانیان له‌ راپۆرتێكدا ئاماده‌بكات.

“بڕیاردراوه‌ پێشمه‌رگه‌ش به‌هه‌مانشێوه‌ راپۆرتێك له‌سه‌ر سنوره‌كانی كه‌ركوك، مه‌خمور، موسڵ و سه‌ڵاحه‌دین ئاماده‌بكات دوای سه‌ردانی مه‌یدانی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌”، لیوا قاره‌مان رونیكرده‌وه‌ راپۆرتی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ دواتر گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت.

جێگری سه‌رۆك ئه‌ركانی پێشمه‌رگه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ “تائێستا هیچ میكانیزمێكی تازە نییە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەكانی جێناكۆك، تەنیا ئەو هەماهەنگییە هەیە”، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو له‌ شاره‌كانی وه‌ك كه‌ركوك و مه‌خمور له‌ ئێستادا له‌گه‌ڵ سوپا لیژنه‌ی هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگی پێكده‌هێنن.

هه‌ولێر، شوباتی 2019، كۆبونه‌وه‌ی شاندنی باڵای سه‌ربازی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق فۆتۆ: وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌دوای ساڵی 2014 و هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی جێناكۆك جێگیربون، تا كشانه‌وه‌یان له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، كاتێك هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی گه‌ڕانه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامی ناكۆكییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌.

فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق، 6ی شوبات، له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا ره‌تیكرده‌وه‌ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان هیچ ره‌زامه‌ندییه‌كی ده‌ركردبێت به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك.

هه‌روه‌ها له‌ رونكردنه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، ته‌نیا كۆبونه‌وه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی به‌رگری و پێشمه‌رگه‌ ئه‌نجامدراوه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییانه‌ی له‌هێڵی ته‌ماسی نێوانیاندا هه‌یه‌ و شانه‌كانی داعش سودیان لێوه‌رگرتووه‌، بۆیه‌ رێككه‌وتون له‌سه‌ر پێكهێنانی لیژنه‌ و ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش، به‌بێ گۆڕانكاری له‌ سنوری هێزه‌كانی یه‌كتریدا یان جوڵه‌پێكردنی هیچ هێزێك.

هێزه‌كانی حكومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌رێمی كوردستان، له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردودا چه‌ندین ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شیان له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆكدا هه‌بووه‌ و پێشتر له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش، به‌ هه‌ماهه‌نگی یه‌كتری روبه‌روی ئه‌و رێكخراوه‌ بونه‌وه‌.

عرفان حەمەخان، جێگری فەرماندەی لیوای 3ی پیادەی پێشمەرگە بە (كەركوك ناو)ی وت “هیچ بڕیارێكمان بۆ نه‌هاتووه‌ بۆ جوڵەپێكردن بەرەو خانەقین و چاوەڕێ سەروی خۆمانین”، پێشیوایه‌ پێویسته‌ هێزه‌كانیان بۆ ئه‌و سنوره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌وپێیه‌ی وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت “بۆشایی ئەمنی دروستبووە”.

كۆتایی مانگی رابردوو وه‌‌‌‌‌فدێكی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له به‌غدا، له‌‌ كۆبونه‌وه‌‌یاندا له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی كه‌ركوك پڕۆژه‌یه‌كی خۆیان بۆ پارێزگاكه‌ ئاشكراكردووه‌، له‌ نێویاندا دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك بدرێته‌ ده‌ست پۆلیسی ناوخۆیی و پێشمه‌رگه‌ش بۆ سنوری پارێزگاكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌وته‌ی به‌شێك له‌ به‌شداربوانی كۆبونه‌وه‌كه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو).

دۆسیه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌كانی جێناكۆك و گۆڕانكاریی له‌ دۆسیه‌ی ئه‌منیدا، له‌ یه‌ك ساڵی رابردودا زۆرترین مشتومڕی له‌سه‌ر بووه‌ و ده‌نگۆی جیاوازی له‌باره‌وه‌ بڵاوبۆته‌وه‌.

كەركوك، نمایشێكی هێزەكانی سوپای عیراق لە شاری كەركوك فۆتۆ: ئەرشیفی كەركوك ناو

نوێنه‌رانی عه‌ره‌ب و توركمانی كه‌ركوك له‌ په‌رله‌مانی عیراق، 6ی شوبات و دوای بڵاوبونه‌وه‌ی ده‌نگۆی رێككه‌وتنی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ بۆ پارێزگاكه‌، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ناڕه‌زاییان ده‌ربڕی و هه‌نگاوێكی له‌وجۆره‌یان به‌ “پێشێلكاریی رونی ده‌ستور” ناوبرد.

جه‌بار یاوه‌ر مه‌نده‌، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە 6ی شوبات له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا رتیكردۆته‌وه‌ تائێستا ھیچ رێککەوتنێک لەبارەی گەڕانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکوک و ناوچەكانی تری جێناكۆك كرابێت.

مه‌نده‌ ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد پێنج لیژنە لە نێوان ھەرێم و ناوەنددا دروستکراوە بۆ ھەماھەنگی دژی مەترسییەکانی داعش.

بڕیاره‌ له‌ رۆژانی داهاتوودا دانوستانه‌كانی شاندی باڵای سه‌ربازی به‌غدا و هه‌ولێر به‌رده‌وامی هه‌بێت، به‌ ئامانجی ده‌ستبه‌كاربونه‌وه‌ی لیژنه‌ و كاره‌ هاوبه‌شه‌كان، بۆ به‌دواداچونی مه‌یدانی و دیاریكردنی مه‌ترسییه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك.

ئەندامێكی لیژنەی فەرعی بۆ دروستكردنی ژوری هەماهەنگی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپا لە پارێزگای دیاله‌، كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی لێدوانیان نیه‌ ئاماده‌نه‌بوو ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، بۆ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه‌ لیژنه‌كه‌یان بڕیاره‌ ده‌سەڵاته‌كانی دیاله‌ و قه‌زای دوزخورماتووش له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌ین بگرێته‌وه‌، بۆ سه‌رپه‌رشتیی كاری هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگی له‌و سنوره‌دا.

“لێكتێگه‌یشتنی سه‌ره‌تایی هه‌یه‌ له‌ خانه‌قین پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سنوری ساڵی 2009 و به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سوپای عیراقی ده‌وروبه‌ری قه‌زاكه‌ بپارێزن” به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدا هه‌فته‌ی رابردودا به‌ بڕیاری حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق، زنجیره‌یه‌ك جێگۆڕكێی سه‌ربازیی و ئه‌منی له‌ ناوچه‌كانی جێناكۆك ئه‌نجامدرا، به‌ تایبه‌ت له‌ ناوه‌ندی كه‌ركوك، خانه‌قین و موسڵ.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن