ساڵی رابردوو له‌ سوریا رزگاركراون
12 منداڵ و ئافره‌تی ئێزیدی گه‌ڕێندرانه‌وه‌ بۆ شنگال

February 10, 2019 at 12:15 pm

شنگال، 9ی شوباتی 2019، پێشوازی برایه‌ك له‌ خوشكه‌كه‌ی دوای رزگاركردنی له‌ده‌ستی داعش فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – شنگال

پێنج ژن و كچ له‌گه‌ڵ حه‌وت منداڵی رزگاربوی ده‌ستی داعش، دوای تێپه‌ڕینی چه‌ند مانگێك به‌سه‌ر ئازادكردنیان و مانه‌وه له‌ سوریا به‌هۆی داخستنی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانه‌وه‌، توانییان بگه‌نه‌وه‌ قه‌زای شنگال.

شه‌ممه‌ 9ی شوبات له‌ ده‌روازه‌یه‌كی سنوری نێوان نه‌ینه‌وا و سوریا، 12 هاوڵاتی رزگاربوی ژێر ده‌ستی داعش گه‌ڕێندرانه‌وه‌ بۆ شنگال و جارێكیتر به‌ كه‌سوكاریان شادبونه‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌ مه‌راسێمیكدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو.

رفێنراوه‌كان له‌ 12 كه‌س پێكهاتبوون، پێنج ژن و كچ، له‌گه‌ڵ حه‌وت منداڵ، كه‌ له‌ ئابی 2014دا كه‌وتنه‌ ده‌ستی داعش به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ی تلعوزێری شنگال، تا له‌ ئه‌یلولی ساڵی رابردوودا له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) رزگاركران.

وه‌دحا عه‌باس، ته‌مه‌نی 15 ساڵه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ زرگاركراوه‌كانی ده‌ستی داعش، ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ سێ خوشكی تری رفێنراوه‌، ئه‌وكات دایك و باوك و براكانی توانییوانه‌ خۆیان رزگاربكه‌ن.

“له‌گه‌ڵ سێ خوشكه‌كه‌م ره‌وانه‌ی موسڵ كراین، له‌وێ دابه‌شكراین به‌سه‌ر داعشه‌كاندا و دواتر ره‌وانه‌ی سوریا كراین، تا چه‌ندیجار كڕین و فرۆشتنمان پێوه‌كرا” ئه‌و كچه‌ ئێزیدییه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

وه‌دحا له‌و دۆخه‌ خراپه‌ی ژیانیدا مایه‌وه‌ تا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌وه‌ له‌ژێر ده‌ستی داعش رزگاركرا.

نه‌ینه‌وا، 9ی شوباتی 2019، دوای رزگاركردنیان له‌ده‌ستی داعش 12 ئێزیدی گه‌ڕێنرانه‌وه‌ بۆ شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

رزگاربوه‌كانی ده‌ستی داعش، له‌ ماڵی ئێزیدییان مانه‌وه‌ كه‌ ده‌زگایه‌كی سه‌ر به‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری رۆژئاوای كوردستان (باكوری سوریایه‌)، ئه‌وه‌ش به‌هۆی داخستنی ده‌روازه‌ی سنوری سوریا و نه‌ینه‌وا.

ده‌روازه‌ی سنوری نێوان شنگال و سوریا، له‌ كانونی یه‌كه‌می 2018ه‌و به‌ بڕیاری حكومه‌تی عیراق و له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ داخرا به‌هۆی نافه‌رمی بونی‌، پێشتر و‌ زیاتر له‌ چوار ساڵی رابردوو به‌كراوه‌یی هێڵدرابۆوه‌ و خه‌ڵك هاتوچۆی پێدا ده‌كرد.

ئەو ئێزیدییانەی لەلایەن داعشەوە رفێنراون، شەش هەزار‌و 417 كەس بوون ‌و لەو ژمارەیەش، هێشتا زیاتر له‌ سێ هه‌زاریان بێسه‌روشوێنن.

پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەیی ‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كرا‌وە لەلایەن داعشەوە و روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بونەوە، دوای دەستبەسەرداگرتنی شنگال.

شنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت ‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن