راكان سه‌عید: 61 ملیار دیناره‌كه‌ی كه‌ركوكمان له‌ هه‌رێم سه‌نده‌وه‌

February 10, 2019 at 7:07 pm

راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

گۆران بابان – كه‌ركوك

راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، رایده‌گه‌یه‌نێت بڕی ئه‌و 61 ملیار دیناره‌ی كه‌ركوكیان سه‌ندۆته‌وه‌ كه‌ له‌ بانكێكی هه‌رێم دانرابوو، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی “پاره‌كه‌ ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق كراوه‌ و چاوه‌ڕوانن بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك”.

ئه‌و وتانه‌ی راكان سه‌عید، له‌ وه‌ڵامی پرسارێكی (كه‌ركوك ناو)دا هات له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ شه‌ممه‌ 9ی سوبات بۆی رێكخرابوو.

راكان له‌وه‌ڵامی (كه‌ركوك ناو)دا وتی “خۆشبەختانە هەوڵ و ماندوبونەکانمان سەریگرت و توانیمان ئەو پارەیە لەژێر رکێفی لێپرسراوانی هەولێر دەربهێنین و ئێستا ئەو پارەیە کە بڕەکەی دەگاتە 61 ملیار دینار رەوانەی وەزارەتی دارایی عیراق کراوه‌ و لەوێ پارێزراوه‌”.

هەوڵ و ماندوبونەکانمان سەریگرت و توانیمان ئەو پارەیە لەژێر رکێفی لێپرسراوانی هەولێر دەربهێنین

پێشتر پارێزگاری كه‌ركوك، جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌وه‌ی داوایه‌كی یاساییان له ‌دژی بانكی كوردستان بردۆته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ بونی پاره‌ی پترۆدۆلاری نه‌وتی كه‌ركوك له‌و بانكه‌دا، كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و ره‌وانه‌ نه‌كراوه‌.

راكان بۆ (كه‌ركوك ناو) وتی “پرسی وەرگرتنەوەی ئەو بڕە پارەیە کەمێک ئاڵۆزە، چونکە پێشتر رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا بەوەکالەت، سکاڵای تۆمارکردبوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارەیە و هێشتنەوەی لە بانكەکانی هەرێم، بۆیە ئێمە وەک ئیدارەی کەرکوک نوسراو و داواکاریمان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عیراق کردووە کە لە چوارچێوەی بڕگەیەکدا لەبەشە بودجەی کەرکوک ئەو بڕە پارەیە جێبکەنەوە و رەوانەی کەرکوکی بکەن، بەڵام ئەمە پێویستی بەکاتی زیاترە”.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق چییه‌ له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی پاره‌كه‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆ كه‌ركوك، راكان سه‌عید وتی “وەزارەتی دارایی رێنمایی و رونکردنەوەی پێویستی لەوبارەیەوە دەبێت و ئێمه‌ دڵنیاکراوینەتەوە لەوەی بڕە پارەکە دەگاتە کەرکوک و پڕۆژەی جۆراوجۆری پێ جێبەجێدەکەین”.

ئێمه‌ دڵنیاکراوینەتەوە لەوەی بڕە پارەکە دەگاتە کەرکوک و پڕۆژەی جۆراوجۆری پێ جێبەجێدەکەین

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هێشتا، ئیداره‌ی كه‌ركوك نه‌یتوانی شایسته‌ داراییه‌كانی پارێزگاكه‌ له‌ پشكی داهاتی خاڵه‌ گومركییه‌كانی كه‌ركوك وه‌ربگرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ئه‌یلولی 2018دا، دوو خاڵی گومركی له‌ رێگاكانی نێوان كه‌ركوك – هه‌ولێر و كه‌ركوك – سلێمانی به‌ فه‌رمی كرانه‌وه‌.

عه‌لی حه‌مادی، یاریدەدەری پارێزگاری کەرکوک بۆ کاروباری هونەری به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بەپێی یاسای 21ی ساڵی 2008 سەدا 50ی داهاتی دەروازه‌ سنورییەکان بۆ پارێزگاکان دەبێت، بەمەبەستی پەرەپێدانی دەروازەکان، به‌ڵام له‌ ئێستادا مافی كه‌ركوك 11 ملیار دیناره‌ و هێشتا نه‌گه‌یشتووه‌ به‌ده‌ستمان”.

“پارەی زیاتر لە چوار مانگی ئەو داهاتە لای بەغدایە و وەزارەتی دارایی پێی راگەیاندوین پاش دەرکردنی رێنمایی و بڕیاری نوێ پەیوەست بە بودجەی ساڵی 2019 ئەو بڕە پارەیە رەوانەی کەرکوک دەکرێت”، حه‌مادی وایوت.

حه‌مادی جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی‌ پلانیان داناوه‌ ئه‌و شایسته‌ داراییانه‌ی كه‌ركوك ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری پێ ئه‌نجام بده‌ن.

راكان سه‌عید بۆ (كه‌ركوك ناو):به‌ربه‌ست هه‌یه‌ له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی 70 ملیار دیناری بودجه‌ی كه‌ركوك

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن