رێكانی: له‌مساڵدا پرده‌كانی موسڵ چاكده‌كرێنه‌وه‌

February 10, 2019 at 8:48 pm

نه‌ینه‌وا، 10ی شوباتی 2019، كۆبونه‌وه‌ی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق و پارێزگاری نه‌ینه‌وا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – نه‌ینه‌وا

وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردنی عیراق ئاشكرایده‌كات، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی پرده‌كانی موسڵ تا كۆتایی ئه‌مساڵ و سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوودا ته‌واوده‌بن.

به‌نگین رێكانی، وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عیراق ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 10ی شوبات سه‌ردانی شاری موسڵی كرد و له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی پارێزگاكه‌دا كۆبۆوه‌ بۆ تاوتوێكردنی پرۆسه‌كانی ئاوه‌دانی له‌ سنوره‌كه‌دا، دوای شه‌ڕی داعش.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو رێكانی وتی “سه‌ردانه‌كه‌مان بۆ چاودێری و به‌دواداچونی پرۆژه‌ سسته‌كان بون له‌ نێویاندا پرۆژه‌ی ئاوو ئاوه‌ڕۆ”، ئاماژه‌ی به‌هه‌وڵه‌كانی به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی ته‌واو پرده‌ روخاوه‌كانیش كرد تا كۆتایی ئه‌مساڵ و سه‌ره‌تای ساڵی نوێ.

له‌ موسڵ پێنج پردی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر روباری دیجله‌ دروستكراوه‌، بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و هاوڵاتیان، به‌هۆی ئه‌وه‌ی روباره‌كه‌ شاره‌كه‌ ده‌كاته‌ دوو به‌شه‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو پرده‌كان له‌شه‌ڕی داعش له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه‌وه‌ ته‌قێنرانه‌وه‌.

رۆهەڵاتی موسڵ، 2017، تێپەڕینی هاوڵاتیان بە پردێكی رووخاودا لە گەڕەكی سوكەر فۆتۆ: UNHCR/Ivor Prickett

داعش له‌ ناوه‌ڕاستی 2014دا ده‌ستیگرت به‌سه‌ر موسڵدا و له‌ ته‌مموزی 2017 هێزه‌ عیراقییه‌كان شاره‌كه‌یان كۆنتڕۆڵكرده‌وه‌.

ئه‌و وه‌زیره‌ی حكومه‌تی عیراقی له‌ یه‌كه‌م سه‌ردانیدا بۆ موسڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا به‌ڵێنیان به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ داوه‌ ده‌ستبكرێته‌وه‌ به‌ كاركردن له‌ هه‌موو پرۆژه‌ راگیراوه‌كانی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن و شاره‌وانی.

هه‌روه‌ها رێكانی رونیكرده‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی و هه‌وڵه‌كان له‌سه‌ر ئاستی باڵادایه‌ بۆ دوباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی به‌ری راستی موسڵ و كار له‌ روبه‌رێكی به‌رفراوانی رێگاوباندا ده‌كه‌ن بۆ خزمه‌تی دانیشتوانی موسڵ”.

هێرشه‌كانی داعش و شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌، زیانی به‌ سه‌دا 80ی ژێرخانی موسڵ گه‌یاندووه‌ به‌پێی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان، له‌سه‌ره‌تای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاره‌كه‌شدا، سوپای عیراق پردی ئاسنی سه‌ربازی دانا تا هاوڵاتیان بتوان هاتوچۆ بكه‌ن.

هاوڵاتیانی موسڵ، جگه‌ له‌ كێشه‌ی رێگاوبان و پرده‌كان، به‌ده‌ست چه‌ندین گرفتی تری نه‌بونی خزمه‌تگوزاریی و سه‌قامگیرییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

پرده‌ روخاوه‌كانی موسڵ ژیان له‌ خه‌ڵك قورستر ده‌كه‌ن

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن