پۆلیسی كه‌ركوك: لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ن
به‌ناوی “هێزی ئه‌منیه‌وه‌” سه‌رانه‌ له‌ دوكانداران وه‌رده‌گیرێت

February 10, 2019 at 9:27 pm

كه‌ركوك، 10ی شوباتی 2019، یه‌كێك له‌و دوكانانه‌ی به‌وته‌ی خاوه‌نه‌كه‌ی سه‌رانه‌ی لێوه‌رگیراوه‌ فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

ژماره‌یه‌ك دوكاندار له‌ كه‌ركوك ئاشكرایده‌كه‌ن، چه‌ند چه‌كدارێك به‌ناوی “هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌” به‌زۆره‌ملێ پاره‌ و كارتی مۆبایلیان لێسه‌ندون، بۆ ئه‌وه‌ش پۆلیسی شاره‌كه‌، دۆسیه‌كی به‌دواداچونی كردۆته‌وه‌ و له‌ لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌.

به‌وته‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ خاوه‌ن دوكانه‌كانی بازاڕی گه‌ڕه‌كی (كوردستان – فه‌یله‌ق)، شه‌وانه‌ چه‌كداری نه‌ناسراو كه‌ هه‌ندێكیان ئۆتۆمبێلیان به‌ لۆگۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ پێیه‌وه‌، هه‌ڵده‌كوتنه‌سه‌ریان و سه‌رانه‌یان لێوه‌رده‌گرن.

به‌رهه‌م حه‌سه‌ن قادر، دوكاندارێكی ئه‌و بازاڕه‌یه‌ و به‌وته‌ی خۆی شه‌وی رابردوو، 9ی شوبات، روبه‌ڕوی روداوێكی هاوشێوه‌ بۆته‌وه‌ و به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “كاتژمێر 8:30 خوله‌كی شه‌و بوو، چوار كه‌س هاتنه‌ به‌رده‌م دوكانه‌كه‌م و سێی كه‌سیان هاتنه‌ ژوره‌وه‌، داوای خه‌ڵوزی نێرگه‌له‌یان كرد و یه‌كێكیان ده‌ستی بۆ ده‌خیله‌ی پاره‌كه‌ برد به‌ڵام من په‌لامارمدان و نه‌مهێشت”.

“ئه‌وكاته‌ی رێگریم كرد كه‌سێكی تریان به‌ قۆناغه‌ كڵاشینكۆف كێشای به‌ پشته‌ سه‌رمدا و كه‌وتم، دواتر هه‌موو كارته‌كانی مۆبایلیان له‌ دوكانه‌كه‌م برد كه‌ بایی 500 هه‌زار دینار بوو”.

به‌وته‌ی ئه‌و دوكانداره‌، هه‌مان ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ی به‌ چه‌كداره‌كان بوو، كه‌ سه‌ربازی بووه‌ له‌و جۆره‌ی به‌ ئه‌دمیراڵ ناسراوه‌، شه‌وانی پێشتر له‌ به‌رده‌م دوكانه‌كه‌یاندا ده‌ستڕێژی گولـله‌ی به‌ ئاسماندا كردووه‌ و رۆیشتووه‌.

دوكاندارانی ئه‌و بازاڕه‌، له‌ بنكه‌ی پۆلیسی عه‌ره‌فه‌ سكاڵای یاساییان تۆماركردووه‌، به‌وپێیه‌ی وه‌كو ئه‌وان باسیانكرد بۆ (كه‌ركوك ناو)، تائێستا زیاتر له‌ 10 كه‌س روبه‌روی هه‌مان روداو بۆته‌وه‌.

نه‌جیب محه‌مه‌د ئه‌مین، دوكاندار و هاوڕێی به‌رهه‌م حه‌سه‌ن، ته‌ئیكدی له‌و روداوه‌ كرده‌وه‌ به‌ سه‌ر هاوپیشه‌كه‌یدا هاتووه‌ و وتی “كاتێك گوێم له‌ ده‌نگه‌ ده‌نگ بوو هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ و بینیم ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌ خێرایی رۆیشت، بینم به‌رهه‌م له‌ دوكانه‌كه‌یدا كه‌وتبووه‌ سه‌ر زه‌وی”.

كه‌ركوك، 10ی شوباتی 2019، ژماره‌یه‌ك دوكاندار به‌هۆی هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ریان سكاڵا تۆمارده‌كه‌ن فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كه‌ركوك، دۆسیه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ ئه‌و روداوانه‌ كردۆته‌وه‌، به‌ ئامانجی گه‌یشتن به تۆمه‌تبارانی هه‌ڵاتوو.

عه‌مید ئه‌فراسیاو كامیل، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی گشتی پۆلیسی كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌و هاوڵاتییانه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ بنكه‌ی پۆلیسی عه‌ره‌فه‌ سكاڵایان تۆماركردووه‌ و ده‌ستبه‌جێ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ و هێزه‌كانمان چونه‌ته‌ شوێنی روداوه‌كه‌وه‌”.

“هەر كەسێك بێت و سەر بە هەر لایەنێك بێت نابێت دەستدرێژی بكاتە سەر هاوڵاتیان، بۆیه‌ لە رێگای یاساوە دەبێت بەسزای خۆی بگات”، وته‌بێژی پۆلیس داوایكرد له‌ حاڵه‌تی ئه‌و روداوانه‌دا ده‌ستبه‌جێ په‌یوه‌ندی به‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ بكرێت تا جۆر و زانیاری له‌سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كان به‌ بازگه‌كان بدرێت.

دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك، له‌ژێر فه‌رمانده‌یی راسته‌وخۆی لیوای61ی سه‌ر به‌ فرقه‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراقدایه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پۆلیسی ناوخۆیی، دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌و ئه‌ره‌یان له‌ دژه‌تیرۆری عیراقه‌وه‌ وه‌رگرت.

غازی محه‌مه‌د، خاوه‌نی ماركێتێكه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی كوردستان – فه‌یله‌قی كه‌ركوك، ده‌ڵێت تائێستا سێ جار به‌ناوی “هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌” چونه‌ته‌ سه‌ر دوكانه‌كه‌ی، هه‌رجاره‌ و بایی بڕه‌ پاره‌یه‌ك خه‌ڵوز و تامی نێرگه‌له‌یان بردووه‌.

“دوێنێ شه‌و خۆم له‌ دوكان نه‌بوم كاتێك هاتون، كوڕێكم له‌وێ بوه‌ و داوای كارتی مۆبایلیان كردووه‌، به‌ڵام پێیوتون كارتمان نیه‌ و له‌ رۆیشتنیاندا ئه‌و كه‌سانه‌ كێسێك بیبسی-یان بردوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی پاره‌ بده‌ن”.

غازی به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌مویان جلوبه‌رگی سه‌ربازییان له‌ به‌ردایه‌، ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیشیان پێیه‌”، ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ دوای تۆماركردنی سكاڵا هێزه‌ ئه‌منییه‌كان تۆماری كامێراكانی چاودێرییان بردوه‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌.

له‌ یه‌ك ساڵی رابردودا، چه‌ندین روداوی ئه‌منی جیاواز له‌ كه‌ركوك تۆماركراون، سه‌رباری هه‌بونی چه‌ندین هێزی جیاوازی ئه‌منی و سه‌ربازی له‌ سنوره‌كه‌دا.

عه‌مید ئه‌فراسیاو كامیل، وته‌بێژی پۆلیس وتی “هه‌ر هاوڵاتییه‌ك دوچاری هه‌ر كێشه‌یه‌ك بوو پێویسته‌ په‌یوه‌ندی بكات به‌ ژوری چالاكییه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ تا به‌زوترین كات مه‌فره‌زه‌ی پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بگه‌نه‌ شوێنی روداوه‌كه‌”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن