دوو ئاواره‌ گیانیان له‌ده‌ستدا و كه‌مپێكیش له‌ كه‌ركوك داخرا

February 11, 2019 at 11:19 am

كه‌ركوك، 2017، كه‌مپی ئاواره‌كانی نه‌زراوه‌ له‌ ناحیه‌ی له‌یلان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

گۆران بابان – كه‌ركوك

دوو هاوڵاتی ئاواره‌ی نه‌ینه‌وا، به‌ هۆكاری جیاواز گیانیان له‌ده‌ستدا و له‌ سنوری پارێزگای كه‌ركوكیش، كه‌مپێك به‌ رووی هه‌زاران خێزاندا به‌ یه‌كجاری داخرا.

دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 10ی شوبات له‌ كه‌مپی حه‌سه‌ن شام، هاوڵاتییه‌ك به‌ هۆی جه‌ڵته‌ی دڵ و یه‌كێكی دیكه‌ش له‌ ئه‌نجامی سوتانی خێوه‌ته‌كه‌یانه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستدا، ئه‌وه‌ش به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌ك كه‌ وێنه‌یه‌كی (كه‌ركوك ناو) نێردراوه‌.

روشدی سفتی، به‌رێوه‌به‌ری ئه‌و كه‌مپه‌ له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا رونیكردۆته‌وه‌ ئه‌و هاوڵاتیه‌ی خێوه‌ته‌كه‌ی سوتاوه‌، په‌ركه‌می له‌گه‌ڵدایه‌ و كاتێك هۆشی نه‌ماوه‌، كه‌وتووه‌ به‌سه‌ر ته‌باخێكی نه‌وتیدا و به‌هۆیه‌وه‌ ئاگر كه‌وتۆته‌وه‌، دوای گه‌یاندنی به‌ نه‌خۆشخانه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ باوكی دوو منداڵه‌ و منداڵی سێیه‌میشی هێشتا له‌ دایك نه‌بووه‌.

به‌پێی دوایین ئاماری رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كۆچ كه‌ ناوه‌ڕاستی كانونی دوه‌می ئه‌مساڵ بڵاویكرده‌وه‌، هێشتا ملیۆنێك و 800 هه‌زار كه‌س به‌هۆی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانه‌وه‌ ئاواره‌ن، له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر له‌ 500 هه‌زار ئاواره‌ له‌ كه‌مپه‌كاندا نیشته‌جێن.

هه‌ولێر، 10ی شوباتی 2019، كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر له‌ خێوه‌تێكی كه‌مپی ئاواره‌كانی حه‌سه‌ن شام فۆتۆ: راگه‌یاندنی كه‌مپ

4ی شوباتی ئه‌مساڵیش له‌ كه‌مپی نه‌زراوه‌ له‌ ناحیه‌ی له‌یلانی خۆرهه‌ڵاتی كه‌ركوك، چوار منداڵ گیانیان له‌ده‌ستدا به‌هۆی گڕگرتنی خێمه‌كه‌یانه‌وه‌، ته‌نیا دایك و باوكیان رزگاریان بوو دوای سوتانی به‌شێك له‌ جه‌سته‌یان.

له‌ كه‌مپی نه‌زراوه‌ زیاتر له‌ 340 خێزان نیشته‌جێی بون، زۆرینه‌ی خه‌ڵكی سنوری حه‌ویجه‌ و چه‌ند ساڵێكه‌ به‌ ئاواره‌یی دور له‌ زێدی خۆیان ده‌ژیان، تا دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 10ی شوبات گواسترانه‌وه‌ بۆ كه‌مپێكی تر.

ره‌مله‌ عوبێدی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئیدارەی كه ركوك به‌ فه‌رمی كه‌مپی نه‌زراوه‌ی داخست و ئه‌و خێزانانه‌ی تێیدا بون گواسترانه‌وه‌ بۆ كه‌مپێكی تری ناحیه‌كه‌”.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو زیاتر له‌ مانگێكه‌ له‌ ئاماده‌كاریدان بۆ داخستنی ئه‌و كه‌مپه‌، به‌ڵام روداوی كه‌وتنه‌ی ئاگر و گیان له‌ده‌ستدانی ئه‌و چوار منداڵه‌ پرۆسه‌ی دواخست.

“به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌كان و گوزاره‌نی خراپی خێزانه‌كان و هه‌روه‌ها كه‌می ژماره‌ی خێزان تێیدا بڕیارماندا كه‌مپه‌كه‌ دابخه‌ین” به‌وته‌ی عوبێدی.

له‌ ناحیه‌ی له‌یلان شه‌ش كه‌مپ هه‌بوو، پێشتریش دوو كه‌مپیان داخرا، به‌هۆی كه‌می ژماره‌ی خێزانی ئاواره‌وه‌.

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌ڵێت خێزانه‌كانی ئه‌و كه‌مپه‌ سه‌رپشككران له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان یاخود گواستنه‌وه‌یان بۆ كه‌مپێكی تری ئاواره‌یی.

حه‌ویجه‌ و ناحیه‌كانی ده‌وروبه‌ری، له‌ مانگه‌كانی كۆتایی 2017وه‌ كۆنتڕۆڵكراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ته‌واوی خزمه‌تگوزارییه‌كانی به‌گه‌ڕنه‌خراوه‌ته‌وه‌ و به‌شێك له‌ ئاواره‌كان له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت شه‌ممه‌ 9ی شوبات له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا كه‌ په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) ئاماده‌ی بوو جه‌ختی له‌ داخستنی كه‌مپی نه‌زراوه‌ كرده‌وه‌ به‌هۆی كه‌می خێزانه‌كانی نێویه‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئاواره‌كان به‌خواستی خۆیانه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ یاخود بمێننه‌وه‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن