خه‌ڵكی زاب داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كه‌ن

February 11, 2019 at 1:53 pm

كه‌ركوك، كانونی دوه‌می 2019، ده‌روازه‌ی ناوه‌ندی ناحیه‌ی زاب له‌ سنوری حه‌ویجه‌ فۆتۆ: عه‌دنان جبوری

عه‌دنان جبوری – كه‌ركوك

دانیشتوانی زاب، نیگه‌رانن له‌ وه‌ستانی چالاكی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئیداره‌ی سنوره‌كه‌ش پێیانوایه‌ هیچ پاساوێك بۆ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌یان نه‌ماوه‌، له‌كاتێكدا هێشتا ناحیه‌كه‌ پێویستی به‌ ده‌ستی هاوكاری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ هه‌یه‌.

ناحیه‌ی زاب (76كم باكوری خۆرئاوای كەركوك)، له‌ حوزه‌یرانی 2014دا كه‌وته‌ ده‌ستی داعش و له‌ 2017دا كۆنتڕۆڵكرایه‌وه‌، به‌هۆی شه‌ڕ و پێكدادانه‌وه‌ زیانی زۆر به‌ر سنوره‌كه‌ كه‌وت.

هه‌یسه‌م محه‌مه‌د، خه‌ڵكی ئه‌و ناحیه‌یه‌ و ده‌ڵێت رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رۆڵی گه‌وره‌یان هه‌بووه‌ به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا چالاكییه‌كانیان پاشه‌كشه‌ی كردووه‌.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ له‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌یدا له‌ زاب دانیشتبوو كاتێك بۆ (كه‌ركوك ناو) قسه‌یكرد و وتی “پاشه‌كشه‌ی كاری رێكخراوه‌كان كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌كانی زاب هه‌رچه‌نده‌ ناحیه‌كه‌ پێویستی به‌ پاڵپشتی و بنیاتنانی پرۆژه‌ی په‌یوه‌ست به‌ ئابوری و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ هه‌یه‌”.

16 مانگ له‌سه‌ر كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی زاب تێپه‌ڕبووه‌ له‌ ده‌ستی داعش، به‌پێی زانیاری ده‌زگا ئه‌منی و ئیدارییه‌كان له‌ چه‌ند مانگی رابردودا یه‌كێك بوه‌ له‌ ناوچه‌ سه‌قامگیره‌كانی حه‌ویجه‌، به‌هۆی هه‌ماهه‌نگی خه‌ڵكه‌كه‌یی و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانه‌وه‌.

محه‌مه‌د موحسین، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌ی زاب به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌سه‌ره‌تای كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ناحیه‌كه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كاریانكرد و پرۆژه‌ی گرنگیان ئه‌نجامدا، له‌ نێویاندا نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی چه‌ندین فه‌رمانگه‌ و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی تۆڕی ئاوی خواردنه‌وه‌، جگه‌ له‌ هاوكاری خۆراك و لایه‌نی ته‌ندروستییه‌كان”.

“چالاكی ئه‌و رێكخراوانه‌ بۆ چه‌ند مانگێك به‌رده‌وامی هه‌بوو به‌ڵام له‌م دواییه‌دا كاره‌كانیان وه‌ستاوه‌ و رۆڵیان زۆر كه‌مبۆته‌وه‌ چونكه‌ زیاتر ته‌ركیزیان له‌سه‌ر ناوه‌ندی قه‌زای حه‌ویجه‌یه‌”.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌ی زاب داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كات و رونیكرده‌وه‌ “ناحیه‌كه‌ سه‌قامگیره‌ و دۆخی ئه‌منی به‌رێژه‌ی سه‌دا 95 كۆنتڕۆڵكراوه‌، بۆیه‌ هیچ پاساوێك نییه‌ بۆ وه‌ستاندنی كاری رێكخراوه‌كان”.

پێشتر و به‌هۆی دروستبونی كێشه‌وه‌ له‌سه‌ر كاری رێكخراوه‌كان له‌ سنوری حه‌ویجه‌، راكان سه‌عید جبوری پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت بڕیاریدا به‌ سڕكردنی سه‌بهان جبوری، قایمقامی قه‌زاكه‌ بۆ ماوه‌ی 60 رۆژ، تا دواتر به‌ نێوه‌ندگیری هۆزه‌كانی حه‌ویجه‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ كرا و ناوبراو گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ده‌وام.

هه‌یسه‌م محه‌مه‌د، هاوڵاتییه‌كه‌ی زاب چاوی له‌ ده‌ستی رێكخراوه‌كانه‌ رۆڵی زیاتریان هه‌بێت له‌ ناحیه‌كه‌دا و ده‌ڵێت “كاری رێكخراوه‌كان ده‌رفه‌تی زۆری كار بۆ گه‌نجان ده‌ڕه‌خسێنێت و بازاڕ ده‌خاته‌وه‌ جوڵه‌”.

هه‌زاران خێزان له‌ چه‌ند ساڵی رابردودا له‌ زاب-وه‌ ئاواره‌ی كه‌مپه‌كانی كه‌ركوك بون، به‌هۆی شه‌ڕی دژ به‌ داعش و له‌ ئێستاشدا دوای گه‌ڕانه‌وه‌، هه‌وڵی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی ده‌ده‌ن.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌ی زاب وتی “گه‌ڕانه‌وه‌ی رێكخراوه‌كان ده‌رفه‌تی كار ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ی بێكارن و ده‌بێته‌ پاڵپشتی بۆ ئه‌و خێزانانه‌یشی شه‌ڕ زیانی به‌ ماڵ و موڵك و خانوه‌كانیان گه‌یاند”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن