كێ سیمای شار ده‌شێوێنێت؟
شكاندنی سه‌به‌ته‌ی خۆڵ، مه‌وقیفی پاس، كورسی و عه‌مودی كاره‌با

February 11, 2019 at 7:15 pm

كه‌ركوك، شوباتی 2019، عه‌مودێكی كاره‌با كه‌وتۆته‌ سه‌ر شۆسته‌كه‌ و چاكنه‌كراوه‌ته‌وه‌ فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك

كاتێك به‌ شه‌قامه‌كانی شاره‌كه‌دا تێده‌په‌ڕی، راسته‌وخۆ چاوه‌كانت ده‌چێته‌ سه‌ر چه‌ند دیمه‌نێكی نامۆ، عه‌مودی كاره‌با كه‌وتووه‌ و به‌شێكی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كه‌دایه‌، مه‌وقیفی پاس و زۆرێك له‌ سه‌به‌ته‌ی خۆڵه‌كان شكێنراون.

ئه‌و دیمه‌نه‌ له‌ زۆربه‌ی گه‌ڕه‌ك و شه‌قامه‌كانی كه‌ركوك دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌، خه‌ڵك گله‌یی له‌ خۆیان و حكومه‌تیش ده‌كه‌ن له‌ یه‌ككاتدا، هه‌رچی شاره‌وانی شاره‌كه‌شه‌ له‌رێی هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ به‌ دوای ئه‌و كه‌سانه‌وه‌یه‌ سیمای شار ده‌شێوێنن.

هادی رێباز، دانیشتوی شاری سلێمانییه‌ و بۆ سه‌ردانی خزمه‌كانی له‌ كه‌ركوك بوو، ده‌ڵێت “پێمسەیرە ئەم شارە ئەو دیمەنە ناڕێكەی هەیە، ستونی كارەبا كەوتۆته‌ سەر شەقام و شۆستەكان”.

“راستە شارەكە بێ خاوەنە و كەس خاوەنداری لەم شارە ناكات، بەڵام ئاخر خۆ حكومەت ستونی كارەبا ناخاتە سەر زەوی، حكومەت گوڵدانی گوڵەكان ناسوتێنێت، هاوڵاتیانیش ده‌بێت ببن بە حكومەتی خۆیان و پارێزگاری له‌ جوانی سیمای شاره‌كه‌یان بكه‌ن”، ئه‌وه‌ش به‌بڕوای ئه‌و گه‌نجه‌ ئه‌ركێكی ساده‌ی هاوڵاتیانه‌ به‌رانبه‌ر به‌ شار و نیشتیمان.

به‌پێی به‌دواداچونێكی مه‌یدانی په‌یامنێری (كه‌ركوك ناو) بۆ گه‌ڕه‌ك و بازاڕ و شه‌قامه‌ جیاوازه‌كانی شاری كه‌ركوك، زۆربه‌ی مه‌وقیفه‌كانی پاس، هێماكانی هاتوچۆ، سه‌به‌ته‌ی خۆڵ و خاشاك، گوڵدان و كورسییه‌كانی دانیشتن له‌ باخ و شوێنه‌ گشتییه‌كاندا شكێنراون.

عەلی سەلمان، دوكاندارێكی بازاڕی كۆماری كه‌ركوكه‌، ئه‌و شوێنه‌ی دوكانه‌كه‌ی ئه‌وی تێدایه‌ شه‌قامێكی قه‌ره‌باڵغ و دیاری شاره‌كه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر جوانكاری و نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا هیچی به‌سه‌ر هیچه‌وه‌ نه‌ماوه‌.

“له‌م شه‌قامه‌ جوانكاری زۆر كرا، گوڵدان و سه‌به‌ته‌ی خۆڵ دانرا، به‌ڵام گوڵدانه‌كان كراونه‌ته‌ ته‌پڵه‌كی جگه‌ره‌ و سه‌له‌ی خۆڵه‌كان شكێنراون یان پڕبون له‌ خاشاك و دواتر به‌ هۆی ئاگری جگه‌ره‌وه‌ سوتاون” عه‌لی بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

ئه‌و هاوڵاتییه‌ ده‌ڵێت “مافی ئه‌وه‌مان نییه‌ گله‌یی له‌ شاره‌وانی و لێپرسراوانی وڵات بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ هاوكار نەبین بۆ جوانكردنی سیمای شاره‌كه‌مان ئه‌وا لایەنی تر به‌ ته‌نیا ناتوانێت ئه‌ركه‌كه‌ی خۆی جێبه‌جێبكات”.

جگه‌ له‌ دیارده‌ی شكاندنی ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ی بۆ خزمه‌تی گشتی دانراون، به‌پێی ئاماری هێزه‌ ئه‌منییه‌كان دزینی سه‌ره‌مه‌نهۆڵ و كێبڵی كاره‌باش هه‌یه‌، له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا، نه‌بونی بودجه‌ی پێویست بۆ پرۆژه‌ و نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كان، وایكردووه‌ خۆڵ و خاشاك له‌ زۆر شوێن كۆبێته‌وه‌ و باخه‌كانیش به‌شێكی زۆریان به‌ره‌و وشكبونی ته‌واوه‌تی ده‌چن.

سەردار عەلی، بەڕێوه‌بەری شارەوانی كەركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “لە زۆربەی گەڕه‌ك و شەقامە گشتییەكانی شارەكە ئەو حاڵەتانە ڕودەدات و شكاندنی كه‌ره‌سته‌كان هه‌یه‌، جگە لەوەش چەندین حاوییەی گەوەری زبڵ و خۆڵ و خاشاك دزراوە، بەشێك لەو ستونانەی هێمای هاتوچۆیشی پێوه‌یە لێكراوەتەوە لە شوێنی خۆی نەماوە”.

شه‌ش كه‌رتی شاره‌وانی له‌ كه‌ركوك هه‌یه‌، له‌ رێی ئه‌و كه‌رتانه‌وه‌ هێزه‌كانی پۆلیسی ناوخۆیی له‌ هه‌ر روداو و دیارده‌یه‌ك ئاگادارده‌كرێنه‌وه‌.

“تائێستا چەندین كەسی سەرپێچیكار دەستگیركراون” به‌وته‌ی به‌رێوه‌به‌ری شاره‌وانی.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ رێوشوێنه‌كانی تر كرد له‌نێویاندا وه‌كو ئه‌و باسیكرد، بارهەڵگر هه‌بووه‌ دوای ئه‌وه‌ی خۆی كێشاوه‌ به‌ ستونی كاره‌بادا و خستویه‌تی بابی نرخی ستونه‌كه‌ سزای دارایی دراوه‌ و هه‌ر كه‌سێكیش به‌ ئۆتۆمبێل داره‌كانی ناوشار بشكێنێته‌وه‌، ئه‌وا روبه‌ڕوی سزا ده‌بێته‌وه‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن