خه‌ڵك له‌سه‌ر هێزه‌ نوێیه‌كه‌ی كه‌ركوك چی ده‌ڵێن؟
پۆلیس: بازگه‌كانی لیوای 61 له‌ناوشار به‌ هه‌ماهه‌نگی ئێمه بووه‌

February 12, 2019 at 9:10 pm

كه‌ركوك، شوباتی 2019، هێزه‌كانی لیوای 61ی فرقه‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌و هێزه‌

كه‌ركوك ناو – كه‌ركوك

ئه‌وه‌ی زیاتر بۆته‌ جێی نیگه‌رانی عه‌لی ئه‌حمه‌د له‌ مامه‌ڵه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا، بازگه‌ی زۆر و ناڕێكی هاتوچۆی ئۆتۆمبێله‌‌كانیانه‌ له‌ نێو بازاڕ و شه‌قامه‌ گشتییه‌كاندا، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی دروستبونی قه‌ره‌باڵغی و بێزاری بۆ خه‌ڵك.

گلییه‌كانی ئه‌و هاوڵاتییه‌ له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا هات له‌ په‌یجی (كه‌ركوك ناو) له‌ تۆڕی كۆمه‌لایه‌تی فه‌یسبوك، ده‌رباره‌ی مامه‌ڵه‌ی لیوای 61ی سه‌ر به‌ فرقه‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق، كه‌ له‌ كۆتایی كانونی دوه‌می ئه‌مساڵدا ره‌وانه‌ی كه‌ركوك كراون.

عه‌لی له‌ چه‌ند خاڵێكدا داوایكردوه‌ ئه‌و هێزانه‌ له‌ ترافیك لایته‌كاندا راوه‌ستن، نه‌ك بازگه‌ی زۆر دابنرێن و خه‌ڵك كه‌ منداڵ و خێزانی له‌گه‌ڵیدا، بكه‌ونه‌ ریزی دورودرێژه‌وه‌، نمونه‌ی ئه‌وه‌شی هێناوه‌ته‌وه‌ له‌ شه‌قامه‌ قه‌ره‌باڵغه‌كاندا، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئاراسته‌ی رۆیشتنه‌وه‌ ئۆتۆمبێله‌كانیان هاتوچۆ ده‌كه‌ن و راده‌وه‌ستن.

زۆربه‌ی به‌شداربوان له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا، ره‌خنه‌یان له‌ بازگه‌ كاتییه‌كان هه‌یه‌، وه‌ك له‌ مامه‌ڵه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، به‌شێكیش پاڵپشتی كاری ئه‌و لیوایه‌ و هه‌نگاوه‌كانی داهاتویان ده‌كه‌ن بۆ سه‌قامگیری له‌ شاره‌كه‌دا.

حه‌یده‌ر لهێبی نوسیویه‌تی “هه‌ر هێزێكی سه‌ر به‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كان لایه‌نداری بۆ هیچ حزبێك نیه‌ و هێزێكی سه‌ركه‌وتون و ده‌توانن ئه‌منیه‌تی هه‌ر ناوچه‌یه‌ك بگرنه‌ ده‌ست له‌ عیراق به‌بێ جیاوازیكردن”.

كه‌ركوك/ئابی 2017/ شه‌قامێكی سه‌ره‌كی شاره‌كه‌ له‌سه‌ر قه‌ڵای مێژوویی كه‌ركوك فۆتۆ: بنار سه‌ردار

له‌23ی كانونی دووه‌می 2019 عادل عه‌بدولمه‌هدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عیراق بڕیاریدا‌ به‌ پاشه‌كشێی هێزه‌كانی دژه‌ تیرۆری عیراق له‌ كه‌ركوك و جێگرتنه‌وه‌یان به‌هێزی تر، له‌نێویاندا لیوای 61ی سه‌ر به‌ فرقه‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران.

فه‌ریق روكن كه‌ریم ته‌میمی، فه‌رمانده‌ی فرقه‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران دوای ده‌ستبه‌كاربونه‌وه‌ی لیواكه‌یان له‌ كه‌ركوك و له‌كاتی سه‌ردانی مه‌یدانی شاره‌كه‌دا، سه‌ره‌تای شوبات به‌ رۆژنامه‌نوسانی وت “ئامانجی سه‌ره‌كی كاره‌كانمان سه‌پاندنی یاسایه‌ له‌ كه‌ركوك و خزمه‌تكردنی هه‌موو پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌یه‌ به‌بێ جیاوازی”، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ “واده‌كه‌ین هاوڵاتیان به‌ ئازادی كاربكه‌ن و بگه‌ڕێن”.

دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوشاری كه‌ركوك، بۆ زیاتر له‌ ساڵێك له‌ژێر فه‌رمانده‌یی راسته‌وخۆی دژه‌تیرۆری عیراقدا بوو به‌هاوكاری پۆلیس، له‌ ئێستاشدا كه‌وتۆته‌ ده‌ستی ئه‌و هێزه‌ نوێیه‌.

عه‌مید ئه‌فراسیاو كامیل، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی گشتی پۆلیسی كه‌ركوك ده‌رباره‌ی هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه‌ نوێیه‌ و بازگه‌كانی ناوشار به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “هه‌ركاتێك هه‌واڵێكیان پێده‌گات بۆ ئیجرائاتی پێشوه‌خته‌ بازگه‌ داده‌نێن، ناتوانین بڵێین ئه‌و بازگه‌ كاتییانه‌ تا كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌و هه‌واڵ و زانیارییانه‌ی ده‌گه‌نه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان”.

“ئەوان دۆسیه‌ی ئەمنی شارەكەیان بەدەسته‌وه‌یه‌ و زۆربەی كات كە بازگەی كاتی دادەنێن ئێمە ئاگاداردەكەنەوە و بە هاوبەشی دەردەچین”.

وته‌بێژی پۆلیس ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ هێزه‌ نوێیه‌كه‌ هاوشێوه‌ی په‌یوه‌ندییانه‌ له‌گه‌ڵ دژه‌تیرۆری عیراق له‌ پێشتردا.

كه‌ركوك، ئایاری 2018، هێزه‌كانی دژه‌تیرۆری عیراق له‌ نێو شاری كه‌ركوك فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئه‌و هێزه‌

دژه‌تیرۆری عیراق له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی “چه‌سپاندنی یاسا” له‌ كه‌ركوك جێگیربون، كاتێك پێشمه‌رگه‌ پاشه‌كشێی كرد و له‌ مانگی رابردودا كشانه‌وه‌.

ئه‌حمه‌د زركانی، له‌ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی (كه‌ركوك ناو) بۆ مامه‌ڵه‌ی لیوای 61 له‌ كه‌ركوك، ده‌ڵێت “دڵنیام ئه‌وان بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ هاتون به‌بێ جیاواز”، پێشیوایه‌ سه‌ره‌تا هه‌ندێك كێشه‌ ده‌بێت و دواتر نامێنێت.

هه‌روه‌ها خه‌لیل جه‌وهه‌ر، هاوڵاتییه‌كی دیكه‌یه‌ و داواده‌كات ئه‌و هێزه‌ به‌ جۆرێك مامه‌ڵه‌ بكه‌ن نه‌بنه‌ جێی رقی خه‌ڵك، سوپاسیشیان ده‌كات بۆ هه‌وڵه‌كانیان له‌ پێناو سه‌پاندنی یاسا به‌بێ جیاوازی له‌ نێوان پێكهاته‌ و نه‌ته‌وه‌كاندا.

بڕیاره‌ له‌ چوارچێوه‌ی گۆڕانكارییه‌كاندا، جێگۆڕكێ به‌ چه‌ند هێزێكی دیكه‌ی كه‌ركوك بكرێت، به‌ تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری پارێزگاكه‌دا.

راكان سه‌عید جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وێڕای ده‌ستخۆشی له‌ دژه‌تیرۆری عیراق بۆ ئه‌و ساڵه‌ی له‌ شاره‌كه‌دا بون، هیوای خواست هێزه‌كانی لیوای 61ی سه‌ر به‌فرقه‌ی تایبه‌تیش كاربكه‌ن له‌ پێناو پێكه‌وه‌ژیان و مامه‌ڵه‌كانیان بگونجێت له‌گه‌ڵ رێزگرتنی هاوڵاتیان به‌یه‌كسانی له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن