رێبوار تاڵه‌بانی
ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ كۆبونه‌وه‌ ئاگادارده‌كاته‌وه‌

February 12, 2019 at 1:51 pm

كەركوك، 29-8-2017، كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ بڕیاری بەشداری لەریفراندۆم فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەن

كه‌ركوك ناو

رێبوار تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌ رۆژی 18ی شوبات ئاگادارده‌كاته‌وه‌.

به‌پێی نوسراوێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، كه‌ له‌ڕێی ئیمه‌یڵه‌وه‌ ئاراسته‌ی ته‌واوی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كراوه‌، تیایدا 18ی شوبات بۆ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن دیاریكراوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی شوێن و كاتی كۆبونه‌وه‌كه‌ دیاریبكرێت.

له‌ نوسراوه‌كه‌دا، كه‌ به‌شی راگه‌یاندن له‌سه‌ر داوای رێبوار تاڵه‌بانی ئاراسته‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن كراوه‌، تیایدا خشته‌ی به‌رنامه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی رونكردۆته‌وه‌ و بڕیاره‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی ره‌وشی ئه‌منی و ئیداری ئێستای پارێزگای كه‌ركوك بكرێت.

جوان حه‌سه‌ن، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ڕێی ئیمه‌یڵه‌وه‌ هه‌روه‌كو جاران ئاگاداركراوینه‌ته‌وه‌ و بۆ ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ روننه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ له‌كوێ ده‌كرێت”.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ دوایین كۆبونه‌وه‌ی باڵای نێوانیاندا سێشه‌ممه‌ 5ی شوبات، ره‌شنوسێكیان ئاماده‌كرد بۆ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ 18ی هه‌مان مانگ به‌ ئامانجی دانانی پارێزگارێكی نوێ، ئه‌وه‌ش هاوكاتی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بێت.

زیاتر له‌ ساڵێكه‌ ئه‌ندامانی پارتی له‌ كوتله‌ی برایه‌تی كه‌ زۆرینه‌ پێكده‌هێنن، نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و ئه‌وه‌ش به‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی داده‌نرێت بۆ په‌ككه‌وتنی دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌ن، زیاتر له‌ جارێكیش جه‌ختیانكردۆته‌وه‌ له‌وه‌ی ناگه‌ڕێنه‌وه‌ تا دۆخی شاره‌كه‌ ئاسایینه‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌بڕوای ئه‌وان له‌ ئێستادا له‌ژێر هه‌ژمونی سه‌ربازیدایه‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن