مامۆستایان مانده‌گرن
تا 19ی مانگ ده‌وامی خوێندنگه‌كان نییه‌

February 12, 2019 at 3:41 pm

كەركوك، 25-2-2018، خۆپیشاندانی ناڕەزایی مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە كەركوك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحى – کەرکوک

بڕیاره‌ خوێندنی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك، ده‌رگای خوێندنگه‌كانی تا 19ی مانگ نه‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر داوای یه‌كێتی مامۆستایانی عیراق، وه‌ك هه‌ڵوێستێك له‌ پێناو جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی مامۆستایان.

حەسان حەمەد جبوری، لێپرسراوى لقی كه‌ركوكی سەندیکاى مامۆستایانى عیراق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “لەسەر راسپاردەى ئەنجومەنى ناوەندى سەندیکاى مامۆستایانى عیراق، رۆژانی یه‌كشه‌ممه‌ و دووشه‌ممه‌ی داهاتوو ده‌رگای ته‌واوی خوێندنگه‌كان داده‌خه‌ین”.

ئه‌و بڕیاره‌ له‌ كۆبونه‌وه‌ی 25ی کانونى یەکەمى ساڵى 2018ی سه‌ندیكای مامۆستایانی عیراق دراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو جێبه‌جێكردنی چه‌ند داواكارییه‌ك بۆ باشتركردنی بارودۆخی مامۆستایان، له‌ نێویاندا دابه‌شكردنی زه‌وی نیشته‌جێبون، پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی ساڵانه‌ له‌كاتی خۆی، هه‌روه‌ها وانه‌بێژانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش و ناوچه‌كانی تر له‌ عیراق بكرێنه‌ هه‌میشه‌یی و مامۆستای زیاتر له‌ عیراق دابمه‌زرێنرێت.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ له‌ ئێستادا خوێندكاران و مامۆستایان له‌ پشوی نیوه‌ی ساڵدان و به‌پێی بڕیاری په‌روه‌رده‌ 17ی مانگ ده‌رگای خوێندنگه‌كان ده‌بێت بكرێته‌وه‌.

حه‌سان جبوری وتی “یه‌كشه‌ممه‌ و دووشه‌ممه‌ 17ه‌و 18ی شوبات مانگرتنه‌كه‌یه‌ و ده‌رگای خوێندنگه‌كان ناكه‌‌ینه‌وه‌ تا سێشه‌ممه‌ 19ی مانگ”.

یه‌كشه‌ممه‌ و دووشه‌ممه‌ 17ه‌و 18ی شوبات مانگرتنه‌كه‌یه‌ و ده‌رگای خوێندنگه‌كان ناكه‌‌ینه‌وه‌

وتیشی “دەبێت ده‌وامی هیچ خوێندنگه‌یه‌ك نەبێت، به‌ڵام ته‌واوی مامۆستایان و فەرمانبەرانى پەروەردە لە نێو خوێندنگه‌ و شوێنی ده‌وامه‌كانیان مانده‌گرن، ئه‌وه‌ش ته‌واوی پارێزگاكان ده‌گرێته‌وه‌ جگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان”.

یه‌كێتی مامۆستایان جه‌ختده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی یه‌كێك له‌ داواكارییه‌كانیان پێدانی موچەى به‌شێك له‌و مامۆستایانەیه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش موچه‌كانیان بڕاوه‌، به‌تایبه‌ت له‌ موسڵ، كه‌ركوك و سه‌ڵاحه‌دین”.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن