كه‌‌‌‌‌‌ركوك له‌ ره‌شنوسه‌كه‌ی یه‌كێتیی و پارتیدا

February 13, 2019 at 10:40 am

كه‌ركوك/ئابی 2017/ كێڵگه‌یه‌كی نه‌وتی شاره‌كه‌ فۆتۆ: بنار سه‌ردار

كه‌ركوك ناو

به‌پێی ره‌شنوسی دیدی هاوبه‌شی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، هه‌ردولا دور له‌ كێبڕكێی سیاسی پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك داده‌نێن، ئه‌وه‌ش وه‌ك ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ خۆسازدان، بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق له‌ ئه‌مساڵدا.

پرسی كه‌ركوك چوار بڕگه‌ی ئه‌و ره‌شنوسه‌ پێكده‌هێنێت كه‌ یه‌كێتیی و پارتی له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شدا له‌ 5ی شوباتی 2019دا له‌هه‌ولێر ئاماده‌یان كرد و بڕیاره‌ دوای تاوتوێكردنی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردولا واژۆی بكه‌ن.

به‌پێی خاڵی 17ی ره‌شنوسه‌كه‌‌ كه‌ له‌ چوار بڕگه‌ پێكدێت و تایبه‌ته‌ به‌ كه‌ركوك، هه‌ردولایه‌ن وه‌ك یه‌ك تیم كارده‌كه‌ن بۆ “چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و ره‌وشه‌ سه‌پێنراوه‌ی كه‌ركوك” و ناوچه جێناكۆكه‌كانی تر، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌ی باڵای هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردولا پێكدێت بۆ پاڵپشتی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عیراق و ئیستحقاقی كورد له‌و ناوچانه‌.

ئه‌و خاڵه‌ كه‌ له‌ چوار بڕگه‌ پێكدێت، تیایدا هاتووه‌ “دیاریكردنی دۆسییه‌ی تایبه‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستور، ئه‌وه‌ش به‌ته‌واوی رێكاره‌ ئیداریی و یاساییه‌كان له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی عیراق و كه‌ركوك”.

هه‌روه‌ها هه‌ردولا داوای دیاریكردنی دۆسییه‌ی تایبه‌ت به‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ژیان و گوزه‌رانی ناو كه‌ركوك ده‌كه‌ن.

دیاریكردنی دۆسییه‌ی تایبه‌ت به‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ژیان و گوزه‌رانی ناو كه‌ركوك

له‌ بڕگه‌ی سێیه‌می خاڵی 17دا داوای رێككه‌وتن ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌وه‌ش له‌ پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ سنوری كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك.

له‌ بڕگه‌ی كۆتایی ئه‌و خاڵه‌شدا، هه‌ردولا جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ رێككه‌وتنی دولایه‌نه‌ دور له‌ كێبڕكێی سیاسی بۆ دانانی پارێزگاری كه‌ركوك و كاراكردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ وه‌ك ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك، بۆ خۆسازدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ ساڵی 2019.

هه‌رچه‌نده‌ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ی‌ 5ی شوباتی رابردوو جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ 18ی شوبات ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كاراده‌كرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ردولا له‌ئێستادا ناكۆكییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر شێواز و شوێنی كۆبونه‌وه‌كه‌.

پارێزگاری كه‌ركوك له‌ هه‌ولێره‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت؟هه‌ڵوێستیی یه‌كێتییه‌كانی كه‌ركوك، عه‌ره‌ب و توركمان بخوێنه‌ره‌وه‌

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن