پۆسته‌كانی كه‌ركوك و به‌غدا
مه‌‌‌‌‌رجی یه‌كێتییه‌ بۆ كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان

February 13, 2019 at 3:00 pm

سلێمانی، 26ی كانونی دوه‌می 2019، كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌باره‌ی هه‌رێم و به‌غدا و كه‌ركوكه‌وه‌ فۆتۆ: راگه‌یاندنی یه‌كێتی

كه‌ركوك ناو

مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، پۆسته‌كانی له‌ كه‌ركوك و به‌غدا وه‌ك مه‌رجی رازیبونی داده‌نێت بۆ كۆبونه‌وه‌ی 18ی شوباتی په‌رله‌مانی كوردستان.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی یه‌كێتی، له‌میانی راگه‌یه‌نراوێكیدا هاتووه‌، دوابه‌دوای كۆبونه‌وه‌ی چوارشه‌ممه‌ 13ی شوباتی مه‌كته‌بی سیاسی كه‌ تیایدا تاوتوێی دانوستانه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرا.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا كه‌ ماڵپه‌ڕی ره‌سمی یه‌كێتی بڵاویكردۆته‌وه‌، تیایدا هاتووه‌ “کۆبونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمانی کوردستان بەندە بە ئیمزاکردنی رێکەوتنامەی سیاسی لە نێوان یەکێتی ‌و پارتی، وەک یەک پاکێچ بۆ هەرێم‌، بەغدا ‌و کەرکوک‌ و پرسە نەتەوەیی ‌و نیشتمانیەکان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندار بە پرۆسەی سیاسی ‌و حوکمڕانی ‌و بەدیهێنانی شەراکەتی ڕاستەقینە لە بڕیاردان‌ و ڕاپەراندنی ئەرکەکاندا”.

کۆبونەوەی 18ی شوباتی پەرلەمانی کوردستان بەندە بە ئیمزاکردنی رێکەوتنامەی سیاسی لە نێوان یەکێتی ‌و پارتی، وەک یەک پاکێچ بۆ هەرێم‌، بەغدا ‌و کەرکوک‌

داواشیكردوه‌ هه‌موو حزبه‌ كوردستانییه‌كان، هەوڵی چارەسەرکردنی دۆخی نائاسایی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك بده‌ن.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌‌ 5ی شوباتی رابردوو دوابه‌دوای كۆبونه‌وه‌ی هاویه‌شی یه‌كێتیی و پارتی، جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ 18ی شوبات ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك كاراده‌كرێته‌وه‌ و كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستانیش له‌ هه‌مان رۆژ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام هه‌ردولا له‌ئێستادا ناكۆكییان هه‌یه‌ له‌سه‌ر شێواز و شوێنی كۆبونه‌وه‌كه‌.

له‌ 3ی شوباتی رابردوو له‌ راپۆرتێكی (كه‌ركوك ناو)دا، چه‌‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان پێداگرییان كرد  له‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگارێكی نوێ بۆ كه‌ركوك به‌نده‌‌ به‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

یه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌كان كه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاری گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ پارتی، نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌، وتی “له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا به‌ پارتی دیموكراتی كوردستانمان وتووه‌، به‌یه‌ك پاكێج ده‌ڕوانینه‌ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركوك و په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌به‌غدا”.

وتیشی “یه‌كێتیی بۆچی ئاماده‌بێت دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پارتی و خودی نێچیرڤان بارزانی كارابكاته‌وه‌، له‌كاتێكدا پارتی هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات كاندیدی یه‌كێتیی له‌ به‌غدا بۆ پۆستی وه‌زیری داد دیارینه‌كرێت، بۆیه‌ ئه‌م پرسانه‌ به‌لای یه‌كێتییه‌وه‌ په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ و بۆته‌ خاڵی دانوستانه‌كانمان”.

یه‌كێتی په‌یام بۆ پارتی ده‌نێرێت:حكومه‌تی نوێی هه‌رێم به‌رامبه‌ر به‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن