په‌ره‌ به‌ توانای گه‌نجانی شنگال ده‌درێت

February 13, 2019 at 1:04 pm

نه‌ینه‌وا، شوباتی 2019، كردنه‌وه‌ی پرۆژه‌یه‌ك بۆ په‌ره‌پێدان به‌ تواناكانی گه‌نجان له‌ شنگال فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

گه‌نجانی قه‌زای شنگال، له‌رێی پرۆژه‌یه‌كی تایبه‌تی كورتخایه‌نه‌وه‌ په‌ره‌ به‌ توانا و به‌هره‌كانیان ده‌درێت، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئه‌ركی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و به‌ ئامانجی ده‌سته‌به‌ركردنی كار له‌ داهاتوودا.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا و به‌ناونیشانی (باشتركردنی به‌هره‌كانی گه‌نجان)، پرۆژه‌یه‌كی دوو مانگی بۆ راهێنان و خولی جیاواز له‌ ناحیه‌ی سنونێی قه‌زای شنگال كرایه‌وه‌، به‌ پاڵپشتی دارایی ئاژانسی ئه‌مریكا بۆ گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی ((USAID.

لوقمان حسێن، لێپرسراوی رێكخراوی هۆارس به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئێمه‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌كه‌ین و له‌و دوو مانگه‌دا دوو كۆرسی تایبه‌ت به‌ چۆنیه‌تی نوسینی CV و به‌رنامه‌ی ئێكسڵ و چه‌ندین به‌رنامه‌ی تر ده‌كه‌ینه‌وه‌”.

به‌بڕوای ئه‌و گرنگی پرۆژه‌كه‌یه‌ له‌وه‌دایه‌، ئه‌وان ده‌بنه‌ پردی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان گه‌نجان و ئه‌و رێكخراوانه‌ی له‌ سنوری شنگال كارده‌كه‌ن، تا زۆرترین هه‌لی كار بۆ گه‌نجان بڕه‌خسێت.

له‌رێی پرۆژه‌كه‌وه‌ چه‌ندین خولێكی جیاواز بۆ ده‌یان كوڕ و كچی گه‌نجی ناحیه‌ی سنونێ له‌ شنگال ده‌كرێته‌وه‌

لوقمان حسێن ئه‌وه‌شی رونكرده‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تا 40 گه‌نج له‌ هه‌ردوو ره‌گه‌ز به‌شداری پرۆژه‌كه‌ ده‌بن و هه‌وڵده‌درێت له‌و ماوه‌یه‌دا تواناكانیان به‌هێزبكرێن، تا روبه‌روی كێشه‌ نه‌بنه‌وه‌ له‌كاتی پێشكه‌شكردنی داواكاری بۆ كاركردن له‌گه‌ڵ رێكخراوه‌كاندا.

قه‌زای شەنگال بە ‌دوری 120کم له‌ خۆرئاوای موسڵ، دانیشتوانەکەی زۆرینەی ئێزیدین ‌و یەکێکە لە ناوچەکانی جێناکۆک بەپێی دەستوری عیراق، له‌ ئابی 2014دا و به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ روبه‌روی زیانی زۆری گیانی و دارایی بۆوه‌.

خودێدا چوكی، به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ له‌ شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “رێژه‌ی بێكاری له‌ناو گه‌نجانی ناحیه‌كه‌ زۆر زیاد بووه‌، ئه‌مه‌ش گرفتێكی سه‌ره‌كیه‌ له‌كاتێكدا ده‌یان رێكخراوی ناوخۆ و بیانی له‌ شنگال ئیش ده‌كه‌ن به‌ڵام رێژه‌یه‌كی كه‌م له‌ گه‌نجانی ناوچه‌كه‌ ده‌رفه‌تی كاركردنیان بۆ ره‌خساوه‌”.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی ده‌ستیپێكردووه‌ هه‌نگاوێكی باشه‌ بۆ ناحیه‌كه‌، تا ژماره‌یه‌كی زۆر سودمه‌ندبین و هه‌لی كاریان بۆ بڕه‌خسێت و به‌پێویستیشی زانی، هه‌ر رێكخراوێك ده‌چێته‌ سنوره‌كه‌ سود له‌ توانای گه‌نجانی سنونێ وه‌ربگرن.

به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سنونێ داواشیكرد ئه‌و جۆره‌ پرۆژانه‌ی هه‌یه‌ ماوه‌ و واده‌كه‌یان درێژخایه‌ن بێت نه‌ك كورت و كاتی.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن