واده‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی پرده‌ روخاوه‌كه‌ی پردێ دیارنییه‌

February 13, 2019 at 5:43 pm

كه‌ركوك، 2018، سایدێكی روخاوی پرده‌كه‌ی پردی به‌هۆی پێكدادانی نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی حكومه‌تی عیراقی فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كه‌ركوك

سایدێكی پردی سه‌ره‌كی رێگای كه‌ركوك به‌ره‌و هه‌ولێر له‌ پردێ، زیاتر له‌ ساڵێكه‌ به‌ڕوخاوی ماوه‌ته‌وه‌ و دیارنیه‌ كه‌ی نۆژه‌نده‌كرێته‌وه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و پرده‌ ئاسنینه‌شی به‌كاتی دانراوه‌ به‌هۆی فشاری زۆری هاتوچۆوه‌ قیرتاوه‌كه‌ی خراپ بووه‌.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 13ی شوبات، قیرتاوی سه‌ر پردی كاتی ئاسنین له‌ ناحیه‌ی پردێ جارێكتر چاككرایه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی فشاری زۆر و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگره‌وه‌ به‌رز و نزمی تێكه‌وت.

ئه‌و پرده‌ ئاسنینه، ئابی ساڵی رابردوو وه‌كو چاره‌سه‌رێكی كاتی له‌سه‌ر سایدێكی پردی سه‌ره‌كی ناحیه‌ی پردێ دانرا به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، به‌ ئامانجی كردنه‌وه‌ی رێگای هاتوچۆی نێوان كه‌ركوك و هه‌ولێر.

عەبدولموتەلیب نەجمەدین، بەرێوەبەری ناحیەی پردێ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌و پرده‌ ئاسنیینه‌ی له‌سه‌ر ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر پرده‌ ته‌قێنراوه‌كه‌ دروستكرا به‌هۆی هاتوچۆی زۆری ئۆتۆمبێلی بچوك و بارهەڵگرەوە، قیره‌كه‌ی تێكچوو، به‌رزی و نزمی تێكه‌وت”.

ئه‌وه‌شی رونكردنه‌وه‌ شاره‌وانی پردێ چوارشه‌ممه‌ بۆ ماوه‌ی كاتژمێرێك هه‌ستاوه‌ به‌ چاككردنه‌وه‌ی قیری سه‌ر ئه‌و پرده‌ ئاسنینه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی رێگری له‌ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل بگرێت.

كه‌ركوك، ئابی 2018، كردنه‌وه‌ی رێگای كه‌ركوك-هه‌ولێر دوای 10 مانگ له‌داخستنی فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

دوو رۆژ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، به‌هۆی شه‌ڕی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هێزه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ پرده‌كه‌‌ كه‌ له‌سه‌ر زێی بچوك دروستكراوه‌ له‌ ناحیه‌ی پردێ (ئاڵتون كۆپری) روخا.

له‌وكاته‌وه‌ جگه‌ له‌دانانی ئه‌و پرده‌ ئاسنینه‌ كاتییه‌، هیچ پرۆژه‌یه‌كی چاككردنه‌وه‌ و بیاتنانه‌وه‌ له‌ پرده‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

به‌رێوه‌به‌ری ناحیه‌ی پردێ وتی “پێویستە پردە تەقێندراوەكەی دیكە واتا سایدی رۆیشتن چاك بكرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو فشار لەسەر پرده‌ ئاسنینه‌كه‌ نەمێنێت، ده‌بێت ئه‌و دۆسیه‌یه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێم و ئیداره‌ی كه‌ركوكه‌وه‌ پشتگوێنه‌خرێت”.

به‌پێی رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا، دوای پرده‌ ئاسنینه‌كه‌ ده‌بوو پرۆژه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی پرده‌ روخاوه‌ كۆنكرێتییه‌كه‌ ده‌ستپێبكات، كه‌ هه‌شت مانگ كاتی ده‌وێت و نزیكه‌ی ملیارێك دیناری تێده‌چێت.

عەبدولموتەلیب نەجمەدین ده‌ڵێت “دوای ئەوەی بەغدا و کەرکوک سەردانی پردەکەیان کرد و ڕاپۆرتی خۆیان ئامادەکرد، لە ئێستادا چاوه‌ڕوانی جێبه‌جێكردنی یاسای بودجەن بۆ ئەوەی دەست به‌ پرۆژه‌كه‌ بكرێت”.

پردی سه‌ره‌كی له‌ پردێ -ئاڵتون كۆپری- له‌ ساڵی 1984دا دروستكراوه، به‌ پانی هەشت مەتر و درێژیی 128 مەتر.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن