“كێشه‌مان نیه‌ ئه‌گه‌ر كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن له‌ حه‌ویجه‌ش بێت”
سه‌رۆكی لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك بۆ (كه‌ركوك ناو)

February 13, 2019 at 8:21 pm

محه‌مه‌د كه‌مال، سه‌رۆكی لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك

عومه‌ر هیلالی

محه‌مه‌د كه‌مال، سه‌رۆكی لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئاشكرایده‌كات هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه‌ له‌ ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن ئه‌گه‌ر له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ش بێت، به‌ڵام دوای ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی كه‌ركوك.

یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ دوایین كۆبونه‌وه‌ی باڵای نێوانیاندا ره‌شنوسێكیان ئاماده‌كرد بۆ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ 18ی شوباتدا له‌هه‌ولێر بۆ دانانی پارێزگارێكی نوێ، ئه‌وه‌ش هاوكاتی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بێت.

محه‌مه‌د كه‌مال، سه‌رۆكی لیستی برایه‌تی (خاوه‌نی 26 كورسی له‌ كۆی 41 كورسی ئه‌نجومه‌ن) له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ (كه‌ركوك ناو) كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن له‌ ناوه‌ندی كه‌ركوك ره‌تیده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت به‌بێ به‌شداری پێكهاته‌كانی توركمان و عه‌ره‌ب، ئه‌و دانیشتنه‌ ئه‌نجامنادرێت.

ئه‌ندامانی پارتی له‌ لیستی برایه‌تی، زیاتر له‌ ساڵێكه‌ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و داوای ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخی پارێزگاكه‌ ده‌كه‌ن، له‌وكاته‌شه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌ن په‌كیكه‌وتووه‌.

 

(كه‌ركوك ناو): ئێوه‌ سورن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ 18ی شوبات و له‌ هه‌ولێر؟

محه‌مه‌د كه‌مال: ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین له‌و واده‌یه‌دا كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئه‌نجامبدرێت، پێداگریی ناكه‌ین كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر بێت وه‌كو رێزێك له‌ خواستی پێكهاته‌كانی كه‌ركوك.

 

(كه‌ركوك ناو): بژارده‌كانی تر چییه‌ ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر نه‌بێت؟

محه‌مه‌د كه‌مال: ناتوانن بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ناوشاری كه‌ركوك، چونكه‌ پێمانوایه‌ بارودۆخی شاره‌كه‌ نائاساییه‌ له‌ هه‌موو رویه‌كه‌وه‌، به‌ڵام شوێنی تر هه‌یه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌ وه‌كو ناحیه‌ی قه‌ره‌هه‌نجیر یان ناحیه‌ی شوان، هیچ كێشه‌یه‌كمان نیه‌ ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ش بێت به‌ڵام دوای ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخ له‌ كه‌ركوك.

نیگه‌رانی ئێمه‌ له‌باره‌ی ناوچه‌كانی عه‌ره‌بی، توركمانی یان كوردییه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو دۆخی كه‌ركوكه‌ كه‌ له‌ دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017وه‌ جێی دڵنیایی نیه‌ و مافه‌كانمان زه‌تكراوه‌ له‌لایه‌ن كه‌سانی ده‌ره‌وه‌ی پارێزگاكه‌، ئه‌گه‌ر باسی خۆم بكه‌م، حه‌شدی شه‌عبی ده‌ستی به‌سه‌ر خانوه‌كه‌مدا گرتووه‌، هه‌موو موڵ و ماڵم دزراوه‌ له‌ خانوه‌كه‌دا، ئیتر چۆن متمانه‌ بكه‌م و بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و شاره‌ی هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كمان زه‌وتكراوه‌.

بۆ نمونه‌ كاتێك پارێزگای به‌غدا له‌ پۆسته‌كه‌ی دورخرایه‌وه‌ كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئه‌و پارێزگایه‌ له‌ باڵه‌خانه‌ی خۆی نه‌كرا و له‌ یه‌كێك له‌ هۆتێله‌كانی به‌غداد كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا.

 

(كه‌ركوك ناو): چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانی عه‌ره‌ب و توركمان ده‌كه‌ن كه‌ پێیانوایه‌ به‌درێژایی چه‌ند ساڵی رابردوو مافه‌كانیان زه‌وتكرا؟

محه‌مه‌د كه‌مال: ئێمه‌ هیچ مافێكمان له‌ هیچ پێكهاته‌یه‌كی پارێزگاكه‌ زه‌وتنه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وان ده‌ستیانپێكرد كاتێك بایكۆتی به‌رده‌وامیانه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌ن به‌درێژایی ساڵانی رابردوو، بایكۆته‌كه‌شیان به‌هۆی ئه‌جێندای ده‌ره‌كییه‌وه‌ بوو یان نه‌بونی یه‌كگرتویی نێوانیانه‌وه، نه‌ك كێشه‌كه‌ له‌ كورده‌وه‌ بێت.

ئێمه‌ ده‌توانین به‌بێ ئاماده‌بونی عه‌ره‌ب و توركمان كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌نجامبده‌ین، ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامان _نیساب_ ته‌نیا به‌ ئاماده‌بونی ته‌واوی ئه‌ندامانی لیستی برایه‌تی ته‌واو ده‌بێت، ئه‌و لیسته‌ش له‌ كورد، عه‌ره‌ب، توركمان و كلدوئاشوری پێكهاتون.

 

(كه‌ركوك ناو): ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش بایكۆتی بكه‌ن ئێوه‌ هه‌ر كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌ن ئه‌نجامده‌ده‌ن؟

محه‌مه‌د كه‌مال: نه‌خێر به‌هیچ شێوه‌یه‌ك، كۆبونه‌وه‌ ئه‌نجامناده‌ین به‌بێ ئاماده‌بونی عه‌ره‌ب و توركمان، رۆڵی ئه‌وان فه‌رامۆش ناكه‌ین له‌ پارێزگاكه‌ و پێشێلی مافه‌كانیان ناكه‌ین له‌ وڵاتێكی دیموكراسیدا، ئێمه‌ی كورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین ماف به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی كه‌ركوك بدرێت، بۆ نمونه‌ ئه‌مڕۆ كورد پۆستی سیادییان نیه‌ له‌ پارێزگاكه‌ و توركمانیش به‌هه‌مانشێوه‌، كه‌واته‌ كاتێك داوای پۆستی سیادی ده‌كه‌ین بۆ ئێمه‌ و توركمان و هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی كه‌ركوك ده‌كه‌ن.

 

(كه‌ركوك ناو): ئێوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌كه‌دان به‌ سه‌رۆكایه‌تی رێبوار تاڵه‌بانی، تێبینیتان هه‌یه‌ له‌سه‌ر بڕیاری دانانی جه‌مال مه‌ولود –ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن له‌پشكی یه‌كێتی- وه‌كو سه‌رۆكی كاتی ئه‌نجومه‌ن بۆ كاروباری دارایی؟

محه‌مه‌د كه‌مال: سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت رێبوار تاڵه‌بانییه‌، من له‌روی یاساییه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌م، چونكه‌ بڕیاری دادگا (بۆ حوكمدانی رێبوار تاڵه‌بانی) پله‌ی كۆتایی وه‌رنه‌گرتووه‌.

ده‌رباره‌ی دانانی جه‌مال مه‌ولود وه‌كو به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن له‌و پۆسته‌دا رێكارێكی نایاساییه‌ و واژۆكه‌ی وه‌رنه‌گیراوه‌ له‌لایه‌ن بانكه‌كانی تایبه‌ت به‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و ئه‌نجومه‌نی ناحیه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ش رێبوار تاڵه‌بانی سكاڵایه‌كی یاسایی به‌رزكردۆته‌وه‌ دژی ئه‌وانه‌ی ئه‌و پێشێلكارییه‌ یاساییه‌یان كردووه‌ كه‌ زیانی بۆ كه‌ركوك و خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌یه‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن