له‌ كه‌ركوك و خانه‌قین
پێنج كه‌س ده‌ستگیركران و ته‌رمێك دۆزرایه‌وه‌

February 14, 2019 at 1:38 pm

كه‌ركوك، 13ی كانونی یه‌كه‌می 2018، زانكۆی كه‌ركوك ئاهه‌نگی بۆ "سه‌ركه‌وتن" به‌سه‌ر داعشدا گیڕا فۆتۆ: عه‌لی ئاراس

كه‌ركوك ناو

له ‌ناوشاری كه‌ركوك، دوو داواكراو به‌ تیرۆر و سێ فه‌رمانبه‌ری گومرك ده‌ستگیركران، له‌ قه‌زای خانه‌قینی پارێزگای دیاله‌ش، ته‌رمی هاوڵاتییه‌ك دۆزرایه‌وه‌ و بۆمبێكی چێنراو ته‌قییه‌وه‌.

شه‌وی رابردوو، 13ی شوبات له‌ دوو گه‌ڕه‌كی شاری كه‌ركوك، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان توانییان دوو داواكراو به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی به‌ داعشه‌وه‌ ده‌ستگیربكه‌ن، به‌پێی زانیاری پێشوه‌خته‌ی هه‌واڵگری.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی ئاگادار به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “له‌ ناوچه‌ی 55ی كه‌ركوك داواكراوێكی ته‌مه‌ن 21 ساڵ به‌ یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر ده‌ستگیركرا، كه‌ خه‌ڵكی گوندێكی نێوان داقوق و ناحیه‌ی ره‌شاده‌”.

هه‌ر شه‌وی رابردوو له‌ گه‌ڕه‌كی یه‌كی حوه‌زیرانی كه‌ركوك، داواكراوێكی تری ته‌مه‌ن 30 ساڵ كه‌ خه‌ڵكی گوندی دكماتی ناحیه‌ی ره‌شاد بوو ده‌ستگیركرا به‌ یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر، به‌پێی زانیاری وردی هه‌واڵگری، به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌كه‌.

سه‌رباری تێپه‌ڕینی زیاتر له‌ ساڵێك به‌سه‌ر راگه‌یاندنی كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی داعش له‌ عیراق، به‌ڵام هێشتا له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی جێناكۆك جموجۆڵی چه‌كداری به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و دیاله‌.

هه‌ر ئێواره‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 13ی شوبات، ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی عیراق سێ فه‌رمانبه‌ری له‌ خاڵی گومركی نێوان كه‌ركوك و هه‌ولێر ده‌ستگیركرد.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “ئه‌و سێ فه‌رمانبه‌ره‌ ده‌ستگیركراون به‌ تۆمه‌تی ده‌ستكاریكردنی ژماره‌ و كێشی خۆراك و مادده‌ی تر، له‌ ئێستاشدا لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت”.

خاڵه‌ گومركییه‌كانی كه‌ركوك له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، له‌ ئه‌یلولی ساڵی رابردوودا كرانه‌وه‌ و به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، بڕیاره‌ له‌م مانگه‌دا به‌ یه‌كجاری دابخرێن.

دیاله‌، كۆتایی 2018، ئۆپه‌راسیۆنێكی هاوبه‌شی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ قه‌زای خانه‌قین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

له‌ قه‌زای خانه‌قین له‌ پارێزگای دیاله‌ش، شه‌وی رابردوو 13ی شوبات، ته‌رمی هاوڵاتییه‌ك دۆزرایه‌وه‌، دوای چه‌ند كاتژمێرێك له‌ كوشتنی به‌ چه‌قۆ له‌ كۆڵانێكی گوندی مەلا رەحمان لە ناوچەی میخاس لە باكوری قه‌زاكه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی پۆلیسی خانه‌قین كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ (كه‌ركوك ناو) نێردراوه‌، دوای لێكۆڵینه‌وه‌، توانراوه‌ بكوژی ئه‌و هاوڵاتییه‌ به‌پێی یاسای سزادانی عیراقی و كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ست ده‌ستگیربكرێت.

له‌ روداوێكی تردا له‌ گه‌ڕه‌كی ئاغا و خه‌لیفه‌ی ناوه‌ندی خانه‌قین، كاتژمێر 10:30 خوله‌كی شه‌وی رابردوو بۆمبێكی چێنراوی ده‌نگی ته‌قییه‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ زیانێكی لێبكه‌وێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسی خانه‌قین بۆ (كه‌ركوك ناو).

ناوچه‌ جیاوازه‌كانی قه‌زای خانه‌قین، هه‌فتانه روبه‌ڕوی چه‌ندین روداوی جیاوازی ئه‌منی ده‌بێته‌وه‌، له‌ نێویاندا هێرشی چه‌كداریی و به‌هۆیه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك گوندی سنوره‌كه‌ش چۆڵبون و ده‌یان خێزان ئاواره‌بون.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن