ژنه‌ كۆڵنه‌ده‌ره‌كانی خورماتوو
له‌ ئاواره‌یی گه‌ڕانه‌وه‌ و په‌یداكردنی بژێوی خێزانه‌كانیان گرته‌ئه‌ستۆ

February 17, 2019 at 6:10 pm

دوزخورماتوو، شوباتی 2019، به‌دریه‌ عه‌لی (56 ساڵ) به‌ دوكانداری بژێوی خێزانه‌كه‌ی دابینده‌كات فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

له‌یلا ئه‌حمه‌د و ژینۆ خه‌لیل

ده‌‌یان ژن له‌ قه‌زای دوزخورماتوو، ئه‌ركی به‌خێوكردنی خێزانه‌كانیان ده‌گرنه‌ئه‌ستۆ، ئه‌وه‌ش دوای له‌ده‌ستدانی هاوسه‌ره‌كانیان، یان په‌ككه‌وتنیان به‌هۆی ته‌مه‌نه‌وه‌، ئه‌و هه‌وڵه‌ له‌كاتێكدایه‌ چه‌ند مانگێكه‌ له‌ ئاواره‌یی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ و له‌ ژیانێكی سه‌ختدا كارده‌كه‌ن.

گوڵچین عه‌زیز (55 ساڵ)، 10 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی كۆچی دواییكرد و ئه‌ركی به‌خێوكردنی خێزانه‌كه‌ی گرته‌ئه‌ستۆ، له‌ئێستادا ئه‌و ئه‌ركه‌ی له‌ڕێی كاری ده‌ستیه‌وه‌ راده‌په‌ڕێنێت.

ئه‌و ملوانکە، لیفکە و مێخه‌ك ده‌چنێت، دۆشه‌ك دروستده‌كات و چه‌ند كارێكی تر له‌ شێوه‌ی رازاندنه‌وه‌ی كراس و سه‌رپۆشی ئافره‌تان. هه‌روه‌ها كاری نانكردن و پاككردنه‌وه‌ی ماڵانیش ده‌كات.

كاتێك ئاواره‌بوین ژیانمان زۆر سه‌خت بوو، ته‌نانه‌ت نه‌مده‌توانی پێداویستی خوێندن بۆ منداڵه‌كانم بكڕم

ئه‌و كارانه‌ی گوڵچین باشبون،‌ تا ئه‌وكاته‌ی له‌گه‌ڵ دوو منداڵه‌كه‌ی‌ روبه‌ڕوی ئاواره‌یی نه‌بوبونه‌وه‌، له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، كاتێك هێزه‌ عیراقییه‌كان بۆ دوزخورماتوو گه‌ڕانه‌وه‌ و هه‌زاران خێزانی كورد قه‌زاكه‌یان به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان جێهێشت.

گوڵچین وتی “كڕیاری خۆمم هه‌بوو، كاتێك ئاواره‌بوین ژیانمان زۆر سه‌خت بوو، ته‌نانه‌ت نه‌مده‌توانی پێداویستی خوێندن بۆ منداڵه‌كانم بكڕم”.

بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ی له‌ده‌ستنه‌دا، گوڵچین له‌گه‌ڵ هێوربونه‌وه‌ی دۆخی ئه‌منی دوزخوماتوو له‌ سه‌ره‌تاكانی ساڵی رابردوو گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی له‌ گه‌ڕه‌كی كۆماری كه‌ زۆرینه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی كوردن و ده‌ستی به‌كاره‌كه‌ی كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی نیگه‌رانی كردووه‌ نه‌خۆشی ته‌نگی پێهه‌ڵچنیوه‌.

گوڵچین عه‌زیز (55 ساڵ) چه‌ندین ساڵه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ سه‌رقاڵی كاری چنینه‌

“توڕه‌ و بێزارم، هەژاریى هیچی پێنەهێشتم، دەبێت سەردانى دکتۆرى بەغدا بکەم، بەڵام ناتوانم کەس نییە بمبات و پارەى چاره‌سەرم نییە”، گوڵچین وایوت.

گوڵچین نمونه‌ی ده‌یان ژنی قه‌زای دوزخورماتووه‌، كه‌ پڕۆژه‌ی بچوك و جۆراوجۆریان هه‌یه‌ بۆ په‌یداكرنی بژێوی خێزانه‌كانیان.

قه‌زاكه‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ كورد، توركمان و عه‌ره‌ب، له‌ دوای ساڵی 2003ه‌وه‌ دۆخی ئه‌منیی و سیاسی جێگیر نییه‌، به‌هۆی ناكۆكی نه‌ته‌وه‌كان له‌لایه‌ك و هه‌ڕه‌شه‌ی چه‌كدارانی توندڕه‌ و ته‌قینه‌وه‌ یه‌كله‌دوای یه‌كه‌كان.

ئاواره‌ی قه‌زای كفری بوین و زوو گه‌ڕاینه‌وه‌ تا جارێكی تر دوكانه‌كه‌مان بكه‌ینه‌وه‌

نیسان تاهیر (35 ساڵ)، یه‌كێكه‌ له‌و ژنانه‌ی هاوكاریی هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كات له‌ په‌یداكردنی بژێوی ژیانی خێزانه‌كه‌ی، ئه‌وه‌ش به‌ دانانی دوكانێك له‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی.

ئه‌و كه‌ خاوه‌نی پێنج منداڵه‌ و هاوسه‌ره‌كه‌ی كرێكاری ده‌كات، وتی “ئاواره‌ی قه‌زای كفری بوین و ژیانمان زۆر سه‌خت بوو، بۆیه‌ زوو گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر دوكانه‌كه‌مان بكه‌ینه‌وه‌، چونکە منداڵەکانم لەبەر خوێندن بون و پێویستیان بە پارە و بژێوی بوو”.

ئه‌و دوكانه‌ داهاته‌كه‌ی هه‌رچه‌نده‌ باش نییه‌، به‌ڵام نیسان ده‌ڵێت باشتره‌ له‌وه‌ی بێكار دابنیشن.

نیسان تاهیر (35 ساڵ)، دایكی پێنج منداڵه‌ و به‌ دانانی دوكانێك هاوكاری هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌كات له‌ بژێوی خێزانه‌كه‌یدا

بێكاری كێشه‌یه‌كه‌ روبه‌ڕوی ژنانی دوزخورماتوو بۆته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و پڕۆژه‌ بچوكانه‌ ده‌توانێت یارمه‌تی ئه‌و ژنانه‌ بدات كه‌ هیچ داهاتێكیان نییه‌.

به‌‌درییه‌ عه‌لی (56 ساڵ)، رۆژانه‌ لانیكه‌م 10 كاتژمێر له‌سه‌ر ئه‌و دوكانه‌ی داده‌نیشێت، كه‌ بۆته‌ سه‌رچاوه‌ی بژێوی خێزانه‌كه‌ی.

ئه‌و كچ و كوڕێكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تی هه‌یه‌ و هاوسه‌ره‌كه‌شی به‌ ته‌مه‌نه‌ و توانای كاركردنی نه‌ماوه‌، ده‌ڵێت “ئه‌مه‌ تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی بژێوی ژیانمانه‌، ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین و كاربكه‌ین”.

زۆرێك له‌ ژنان گوێ به‌و تانه‌و توانجانه‌ ناده‌ن و كاری درومان، بەقاڵی و چنینی دەستى ده‌كه‌ن

یوسف عه‌لی، چالاکوانی مه‌ده‌نی له‌ قه‌زای دوزخورماتوو، ده‌ڵێت گرنگی كاركردنی ژنان له‌وه‌دایه‌ دابونه‌ریتی ناوچه‌كه‌ رێگه‌ به‌ كاركردنی ژنان نادات، وتی “به‌‌ڵام زۆرێك له‌ ژنان گوێ به‌و تانه‌و توانجانه‌ ناده‌ن و كاری درومان، بەقاڵی، چنینی دەستى، نانکردن، هه‌روه‌ها هه‌ندێكیان خاوه‌نی ئارایشتگه‌ و دوكانی جلوبەرگى ژنان  پێڵاون”.

له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ مه‌ترسی ئه‌منی كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبونه‌وه‌ی كاری ژنان هه‌یه‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن