كێشه‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی كه‌ركوك به‌ هه‌ڵپه‌سێراوی ماوه‌ته‌وه‌

February 22, 2019 at 10:20 pm

كه‌ركوك، 2017، خاوه‌ندارێتی به‌شێك له‌زه‌ویه‌ كشتوكاڵیه‌كانی ناوچه‌ی هه‌فته‌غاری داقوق بۆته‌ جێی ناكۆكی جوتیارانی كورد و عه‌ره‌ب فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

سۆران محه‌مه‌د – كه‌ركوك

ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كی كه‌ركوك، له‌ سێیه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌دا نه‌گه‌یشته‌ ئه‌نجامی كۆتایی و بڕیاره‌ بۆ تاوتوێی دۆسیه‌كه‌، به‌ڵگه‌نامه‌كان ره‌وانه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی عیراق بكرێن.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردودا، ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌ به‌غدا به‌ سه‌رۆكایه‌تی تۆرهان موفتی، سه‌رۆكی سكرتاریه‌تی ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگی باڵای نێوان پارێزگاكان و ئاماده‌بونی راكان سه‌عید، پارێزگاری كه‌ركوك و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و په‌رله‌مانتار له‌ پێكهاته‌ جیاوازه‌كان كۆبووه‌وه‌.

كاكه‌ره‌ش سدیق، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ماده‌ی 140 له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و به‌شداربوی كۆبونه‌وه‌كه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “بۆ جاری سێیه‌مه‌ له‌باره‌ی ئه‌و دۆسیه‌یه‌وه‌ كۆبینه‌وه‌،.. بڕیاردراوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی یاسایی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌كان بكرێت”.

“داواكراوە بڕیارەكانی دادگای كەركوك ڕابگیریت له‌باره‌ی دۆسیه‌ی زه‌وییه‌كانه‌وه‌.. بڕیاری ئه‌وه‌شدراوه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌كدا فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك بەڵگەی زەوییە كشتوكاڵیەكانی سنوری (داقوق، تازە، بەشیر، له‌یلان و دوبز) بنێرێت بۆ وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی ئەو زەوییانە” به‌وته‌ی كاكه‌ره‌ش.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ به‌پێی به‌لاغێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی پارێزگاری كه‌ركوك، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا جه‌خت له‌ چاره‌سه‌ری یاسایی كێشه‌كان كراوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌ هیچ بڕیارو ده‌ره‌نجامێك بدات.

له‌ هه‌فته‌غار خۆپیشاندان بووكورد و توركمان بۆ زه‌وییه‌كانیان پێكه‌وه‌ ده‌چنه‌ به‌غدا

سه‌دان دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی له‌ سنوری كه‌ركوك، به‌ وته‌ی لێپرسراوانی كورد، له‌ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌عس له‌وان وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ و دراوه‌ته‌ به‌و هاوڵاتییه‌ عه‌ره‌بانه‌ی له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌وه‌ ره‌وانه‌ی شاره‌كه‌ كراون، ئه‌وه‌ش له‌ شێوه‌ی گرێبه‌ستێكدا.

كاكه‌ره‌ش سدیق باسی له‌وه‌كرد له‌ كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان هه‌یه‌ بڕیاردراوه‌ ئه‌و ناوچانه‌ی یه‌ك نه‌ته‌وه‌ی تێدایه‌ له‌ كێشه‌ی زه‌ویی ده‌ربهێنرێن، چونكه‌ زه‌وییه‌كان موڵكی دانیشتوانه‌كه‌یه‌تی و گرفتی نیه‌، وه‌كو شوان، قه‌ره‌هه‌نجیر، پردێ و حه‌ویجه‌.

هه‌روه‌ها رونیكرده‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی تر كه‌ فره‌ پێكهاته‌یه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی، بڕیاردراوه‌ به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی به‌بڕیارێكی پێشتر و له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عس ئه‌نجامدراون.

بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆرش له‌ سه‌رده‌می حوكمڕانی به‌عس، پێویسته‌ له‌رێی په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌، هه‌موار بكرێنه‌وه‌ به‌ یاسای تر یان به‌یه‌كجاری هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه‌.

ساڵی رابردوو، ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری عیراق داوای كاراكردنه‌وه‌ی مادده‌ی 140ی ده‌ستوری كرد، ئه‌وه‌ش له‌ نوسراوێكیدا بۆ دادگای تێهه‌ڵچونه‌وه‌ی كه‌ركوك، كه‌ كێشه‌ی زۆرینه‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان پێویسته‌ له‌رێی ئه‌و مادده‌یه‌ یه‌كلاییبكرێته‌وه‌.

به‌پێی به‌شێك له‌ قۆناغی یه‌كه‌می ماده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراق، قه‌ره‌بوی عه‌ره‌بی هاورده‌ و خێزانه‌ راگواستراوه‌كانی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك كراوه‌ته‌وه‌، بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌و سنورانه‌، به‌ڵام دۆسیه‌ی زه‌ویه‌ كشتوكاڵیه‌كان بۆ خاوه‌نی راسته‌قینه‌یان یه‌كلایینه‌كرایه‌وه‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن