حه‌ویجه: كه‌می مامۆستا و مه‌ترسی ئه‌منی به‌رۆكی خوێندنگه‌كان ده‌گرێت‌

February 26, 2019 at 2:08 pm

كه‌ركوك/شوباتی 2019/ ژماره‌یه‌ك خوێندكار له‌ یه‌كێك له‌ خوێندنگه‌كانی قه‌زای حه‌ویجه‌ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحى – کەركوك

حكومه‌تی عیراق هێشتا ئاوه‌ڕی له‌و كێشه‌ په‌روه‌رده‌ییانه‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌رۆكی خوێندنگه‌كانی قه‌زای حه‌ویجه‌ی گرتووه‌، له‌ نێویاندا موچه‌ی مامۆستایان و پێداوایستییه‌كانی خوێندن، ئه‌وه‌ش هاوكات له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی مه‌ترسییه‌‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر پرۆسه‌ی خوێندن هه‌یه‌.

به‌شێك له‌ خوێندنگه‌كانی حه‌ویجه‌ و ناحییه‌كانی ده‌و‌روبه‌ری له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2018ه‌‌وه‌ پرۆسه‌ی خوێندن تیایدا ده‌ستیپێكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای چه‌ند مانگێك له‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ له‌ژێر ده‌ستی داعش و له‌ ئه‌یلولی 2017.

به‌ڵام پرۆسه‌كه‌ هێشتا كێشه‌ی هه‌یه‌ و مامۆستایان داوای چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانیان ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر خراپی دۆخی په‌روه‌رده‌ و فێركردن هه‌یه‌.

عادل بەکر، بەڕێوەبەرى قوتابخانەى شەهیدانى رەفیعە، لە ناحیەى رەشاد سه‌ر به‌ قه‌زای حه‌ویجه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “كێشه‌ی زۆرمان هەیە، دیارترینیان مامۆستایان لە دواى ئازادکردنه‌وه‌ی ناوچەکانیان بە شێکى زۆریان نەگه‌ڕاونەته‌وە، بۆیه‌ لەئێستادا ژماره‌یه‌كی زۆری مامۆستایانى وانەبێژ وانە بە قوتابیان دەڵێنەوە”.

كێشه‌ی زۆرمان هەیە، دیارترینیان زۆرێك له‌ مامۆستایان لە دواى ئازادکردنه‌وه‌ی ناوچەکانیان نەگه‌ڕاونەته‌وە

وتیشی “لەگەڵئەوەشدا بەشێکى زۆرى مامۆستایان موچەى زیاتر لە سێ ساڵیان وەرنەگرتووە، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌رده‌می داعش له‌ حه‌ویجه‌ مانه‌وه‌ یان چه‌ند مانگێك به‌ر له‌ ئازادكردنی حه‌ویجه‌ ئاواره‌بون و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت”.

ئه‌و مامۆستایانه‌ به‌ بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ خوێندن دابڕێنراون، تا كه‌یسه‌كانیان لای وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ یه‌كلاییده‌كرێنه‌وه‌.

ناوبه‌ناو چه‌‌كدارانی توندڕه‌ و كه‌ گومانده‌كه‌ن داعش بن له‌ حه‌ویجه‌ و ناحییه‌كانی ده‌وروبه‌ری هێرش ده‌كه‌ن و بۆمب ده‌ته‌قێننه‌وه‌، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تره‌ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی خوێندن له‌ناوچه‌كه‌.

سه‌ره‌تای وه‌رزی خوێندنی ئه‌مساڵ دوو مامۆستا گیانیانله‌ده‌ستدا، كاتێك بۆمبی چێنراو  پێیاندا ته‌قییه‌وه‌.

عامر مەحمود خەلەف، بەڕێوەبەرى قوتابخانەی تسامى، لە ناحیه‌ی عەباسى سه‌ر به‌ قه‌زای حه‌ویجه‌، به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “قوتابخەیەکى زۆر له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕدا خاپور بون و زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام حكومه‌ت نۆژه‌نی نه‌كردونه‌ته‌وه‌… هاتوچۆى مامۆستایان بۆ دەوامى فەرمى كێشه‌یه‌كی تره‌، چونكه‌ بەشێک لە رێگاکان تاکو ئێستا بۆمبی سەردەمى داعشى لێیه‌”.

قوتابخەیەکى زۆر له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕدا خاپور بون و زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام حكومه‌ت نۆژه‌نی نه‌كردونه‌ته‌وه‌

له‌گه‌ڵئاماژه‌دان به‌وه‌ی ماوەى دوو ساڵە بەپێی پێویست کتێب بۆ قوتابخانەکان نایەت.

“قوتابخانەکەى من 250 قوتابین و زۆربەى وانەکان لەلایەن مامۆستایانى وانەبێژەوە دەوترێنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و مامۆستایانه‌ی ماڵه‌كانیان روخێنراوه‌ ناتوانن بگه‌رێنه‌وه‌”، عامر وایوت.

قه‌زای حه‌ویجه‌ 55كم باشوری كه‌ركوك و هه‌ر پێنج ناحییه‌كه‌ی ره‌شاد، زاب، عه‌باسی، ریاز و مولته‌قا له‌ حوزه‌یرانی 2014 كه‌وتنه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش و تیادا پرۆگرامی خوێندنی خۆیان به‌سه‌ر خوێندنگه‌كاندا سه‌پاند، تا له‌ كۆتایی 2017 ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ كۆنترۆڵكرانه‌وه‌.

عەلى محمەد، نوێنه‌ری مامۆستایانى ناحیەى رەشاد بە (کەرکوک ناو)ى وت “پێویسته‌ بەزوترین کات بودجە بۆ خوێندنگه‌كانمان ته‌رخانبكرێت و نۆژه‌نبكرێنه‌وه‌، هه‌روه‌ها نزیكه‌ی نیوه‌ی خوێندنگه‌كان له‌لایه‌ن مامۆستایانی خۆبه‌خشه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن به‌هۆی نه‌بونی مامۆستا”.

كه‌ركوك/شوباتی 2019/ ناڕه‌زایی به‌شێك له‌ مامۆستایان و وانه‌بێژانی خۆبه‌خش بۆ داواكردنی موچه‌كانیان فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

هه‌فته‌ی رابردوو یه‌كێتی مامۆستایانی عیراق دوو رۆژ ده‌وامی راگرت و چه‌ند داواكارییه‌كی خسته‌ڕوو، له‌ نێویاندا پێدانی موچه‌ی مامۆستایانی ناوچه‌كانی جێناكۆ له‌ عیراق.

حسان حەمەد جبورى، لێپرسراوی لقی كه‌ركوكی سەندیکاى مامۆستایانى عیراق به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت “داوامانكرد موچەى مامۆستایانى ناوچە ئازادكراوه‌كان بدرێت و ئه‌وانه‌شی وانه‌بێژن بكرێنه‌ هه‌میشه‌یی”.

داواشیكرد حكومه‌ت پێداچونه‌وه‌ به‌ پرۆسه‌ی خوێندن بكات له‌و ناوچانه‌.

هه‌واڵی دیكه‌..

فۆتۆ گه‌له‌ری

چاپکردن چاپکردن