لەخه‌ڵكه‌وه

حارس؛ به‌ فرۆشتنی شیرینی رۆژه‌ تاڵه‌كانی له‌بیرده‌كات

  • 2020-07-08
حارس؛ به‌ فرۆشتنی شیرینی رۆژه‌ تاڵه‌كانی له‌بیرده‌كات
دهۆك، 2020، حارس حه‌مید سه‌نه‌د (15 ساڵ) ساڵێكه‌ له‌سه‌ر شه‌قام شه‌ربه‌ت و شیرینی ده‌فرۆشت فۆتۆ: عه‌مار عه‌زیز
عه‌مار عه‌زیز

به‌م ته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌ی خۆمه‌وه‌ تاڵی زۆرم بینی، كاتێك له‌ ژێر ده‌ستی داعشدا دیل بوین، وائێستاش شیرینی ده‌فرۆشم و هه‌وڵده‌ده‌م رۆژه‌ ره‌شه‌كانی رابردوو له‌ بیربكه‌م.

من حارس حه‌مید سه‌نه‌د (15 ساڵ)ـم، خه‌ڵكی ناوچه‌ی تل به‌ناتی قه‌زای شنگالم، له‌ ئابی 2014دا له‌گه‌ڵ 35 كه‌سی تری خێزان و خانه‌واده‌كه‌م كه‌وتینه‌ ده‌ستی داعش، ئه‌وكات ته‌مه‌نم ته‌نیا 9 ساڵ بوو، خوێندكاربوم له‌ پۆلی سێی سه‌ره‌تایی.

چه‌ند ساڵێك دیل بوین، له‌ نیسانی 2017دا به‌ ته‌واوی خانه‌واده‌كه‌وه‌، به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆر له‌ ده‌ستی داعش ده‌رهێنراین و له‌وكاته‌وه‌ له‌ كه‌مپێكی ئاواره‌ییدا ده‌ژین.

كاتی رزگاربونمان له‌ داعش، ته‌مه‌نم 12 ساڵ بوو، شه‌رمم كرد بچمه‌وه‌ خوێندنگه‌ و وازمهێنا، ئیتر ده‌ستمدایه‌ كاسبی، زۆر به‌دوای كارێكدا گه‌ڕام، ته‌نانه‌ت شاگردیشم ده‌ستنه‌كه‌وت.

باشترین بیرۆكه‌؛ فرۆشتنی شه‌ربه‌ت و شیرینی بوو، له‌سه‌ر شه‌قامێكی گشتی مێزێكم دانا چونكه‌ پاره‌ی دانانی دوكانم نه‌بوو، واساڵێك زیاتره‌ پاقلاوه‌ و پسكیت و شه‌ربه‌ت ده‌فرۆشم، به‌ سه‌رمای زستان و گه‌رمای هاوین له‌و شه‌قامه‌دا ده‌مێنمه‌وه‌.

چوار برا و خوشكێكم هه‌یه‌؛ خێزانه‌كه‌ی من هه‌ژارن و چیمان هه‌بوو له‌ده‌ستماندا؛ بۆیه‌ به‌لای منه‌وه‌ ئیشكردن هیچ عه‌یبه‌یه‌كی تیا نییه‌ و رۆژانه‌ بایی 15 تا 20 هه‌زار شت ده‌فرۆشم، ته‌نیا ئاواتیشم بۆ ئێستا ئه‌وه‌یه‌ بتوانم له‌ كاسبییه‌كه‌م له‌ شه‌قامه‌وه‌ بگوازمه‌وه‌ دوكانێك.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT