لەخه‌ڵكه‌وه

مونا: به ‌(كۆنگ فۆ) به‌ره‌نگاری توندوتیژیی ده‌بمه‌وه‌

  • 2021-01-07
مونا: به ‌(كۆنگ فۆ) به‌ره‌نگاری توندوتیژیی ده‌بمه‌وه‌
كه‌ركوك، كانونی دوه‌می 2021، مونا قه‌یس (24 ساڵ) له‌كاتی راهێنانه‌كانی هونه‌ری كۆنگ فۆ فۆتۆ: ئیناس حه‌سه‌ن
ئیناس حه‌سه‌ن - كه‌ركوك ناو

راهێنانی (كۆنگ فۆ) ده‌كه‌م، تا بتوانم به‌رگری له‌ خۆم بكه‌م، دژی گێچه‌ڵ و هه‌ر جۆرێكی دیكه‌ له‌ توندوتیژی.

من مونا قه‌یس شاكر، ته‌مه‌نم 24 ساڵه‌، له‌ ماڵه‌وه‌ چوار خوشك و یه‌ك براین، به‌شی زمانی عه‌ره‌بی كۆلێژی په‌روه‌رده‌م ته‌واو كردووه‌ و سێ مانگه‌ ده‌ستمكردووه‌ به‌ راهێنانی (كۆنگ فو)، له‌گه‌ڵ چه‌ند راهێنانی تری له‌شجوانی بۆ پاراستنی رێكی جه‌سته‌م.

له‌ نێو خێزانه‌كه‌مدا روبه‌ڕوی توندوتیژی زۆری زاره‌كی و جه‌سته‌یی بومه‌ته‌وه‌، به‌هۆی كراوه‌ییم له‌ بیركردنه‌وه‌دا، چونكه‌ ئه‌وان له‌به‌ر دابونه‌ریت قایل نه‌بون رۆژه‌كانم به‌وشێوه‌ بژیم كه‌ خۆم حه‌زی پێده‌كه‌م.

ناتوانم له‌ به‌رانبه‌ر كه‌سانی بێزاركه‌ردا بێده‌نگم بم و ته‌نیا به‌ زاره‌كی وه‌ڵامیان بده‌مه‌وه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ ئه‌و وه‌ڵامه‌یان پێبده‌م كه‌ شایه‌نین؛ ئیتر به‌سه‌ ئه‌وه‌نده‌ رۆڵی قوربانی ببینین و بێده‌نگی هه‌ڵبژێرین.

هه‌ندێك كه‌س، ژنان و كچان له‌ زۆر به‌هره‌ بێبه‌شده‌كه‌ن له‌وانه‌ جۆره‌كانی هونه‌ری به‌رگری، ئه‌وه‌ش له‌ژێر ناوی عه‌یبه‌ و دابونه‌ریتدا.

هیوادارم بگه‌مه‌ ئاستێكی زۆرباش له‌ هونه‌ره‌ جه‌نگییه‌كاندا، تا رۆژێك بتوانم له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا نوێنه‌رایه‌تی عیراق بكه‌م و ناوه‌ندێكی تایبه‌ت به‌و هونه‌ره‌ش بكه‌مه‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی روبه‌ڕوی توندوتیژی ده‌بنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێزتربن و به‌رگری له‌ خۆیان بكه‌ن.

په‌یامی من بۆ هه‌موو ژنانه‌؛ له‌ به‌رانبه‌ر بارودۆخی قورس و كۆمه‌ڵگه‌ی نێرسالاریدا كۆڵنه‌ده‌ن، هاواربكه‌ن و به‌ده‌نگی به‌رز بڵێن به‌سه‌ بۆ ئه‌و توندوتیژییانه‌ی روبه‌ڕوتان ده‌بێته‌وه‌.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT