لەخه‌ڵكه‌وه

هه‌ڵمه‌ت: سه‌ره‌تایه‌كی زۆر قورس بوو به‌ڵام كۆڵم نه‌دا و له‌ پرۆژه‌كه‌مدا پێشكه‌وتم

  • 2021-02-01
هه‌ڵمه‌ت: سه‌ره‌تایه‌كی زۆر قورس بوو به‌ڵام كۆڵم نه‌دا و له‌ پرۆژه‌كه‌مدا پێشكه‌وتم
كه‌ركوك، كانونی دوه‌می 2021، هه‌ڵمه‌ت سه‌عید له‌ دوكانه‌كه‌ی خۆیدا فۆتۆ: ئیناس حه‌سه‌ن
ئیناس حه‌سه‌ن – كه‌ركوك

ناوم هه‌ڵمه‌ت سه‌عید قادر، له‌ دایكبوی ساڵی 1991ــم، به‌شی به‌ بازاڕكردنی په‌یمانگه‌ی ته‌كنیكی پارێزگای كه‌ركوكم ته‌واو كردووه‌، دوای ده‌رچونم ترسی گه‌وره‌م له‌ كه‌می هه‌لیكار بوو، به‌ڵام كۆڵم نه‌دا.

سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ چاككردنی پێداویستییه‌كانی ناوماڵی خۆمان ده‌ستم به‌ كاركردن كرد، تا دواتر په‌ره‌م به‌ تواناكانم دا له‌ بواری دروستكردنی پاوه‌ر بانك (Power Bank)، له‌وه‌شدا هه‌نگاوی زیاترم نا و بڕیارمدا له‌ چوارچێوه‌ی ماڵه‌وه‌دا نه‌مێنمه‌وه‌، به‌ڵكو دوكانێكم هه‌بێت و كڕیار په‌یدا بكه‌م.

له‌ سه‌ره‌تادا، بۆ دروستكردنی پاوه‌ر بانك به‌ شێوه‌ی ده‌ستی، پشتم به‌ كه‌ره‌سته‌ و پێداویستیی هاورده‌ ده‌به‌ست، زۆرینه‌ی كه‌ره‌سته‌كانم له‌ بازاڕی هه‌ڕاج یان شوێنی فرۆشتنی پاتری كۆنه‌ ده‌كڕی.

به‌ڵام دوای كردنه‌وه‌ی دوكانه‌كه‌م له‌ شاری كه‌ركوك، خۆم هه‌موو پێداویستییه‌كانم له‌ ده‌ره‌وه‌ی عیراق هاورده‌ ده‌كه‌م، به‌رده‌وام به‌ دوای باشترین كه‌ره‌سته‌ و پاتری گونجاودا ده‌گه‌ڕێم.

قورس بوو پاتری و خه‌ریته‌ی ئه‌لیكترۆنی گونجاو بۆ كاره‌كه‌م بدۆزمه‌وه‌، به‌ڵام زۆر گه‌ڕام بۆ كه‌ره‌سته‌ی باش و به‌ نرخی گونجاو، ئێستا به‌رهه‌مه‌كانم به‌ تاك ده‌فرۆشم و پلانم هه‌یه‌ له‌ داهاتودا به‌ كۆ به‌رهه‌می بهێنم.

سه‌ره‌تایه‌كی زۆر قورس بوو، به‌ڵام كۆڵمنه‌دا و له‌ پرۆژه‌ تایبه‌ته‌كه‌مدا پێشكه‌وتم؛ بۆیه‌ هیوادارم هه‌موو كه‌سێك وه‌ك من بێت، بێ ئومێد نه‌بێت و كاری گونجاوی خۆی بدۆزێته‌وه‌.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT