لەخه‌ڵكه‌وه

كورسییەكەی مۆفەقی حەلاق تەمەنی بوو بە 58 ساڵ

  • 2021-03-22
كورسییەكەی مۆفەقی حەلاق تەمەنی بوو بە 58 ساڵ
كورسییەكەی مۆفەق ئەحمەد تەمەنی بوو بە 58 ساڵ. فۆتۆ: كەركوك ناو
كەركوك ناو

من مۆفەق ئەحمەد، بە مۆفەقی حەلاق ناوم دەهێنن، 45 ساڵم، ئەم دوكانەی كاری تێدادەكەم لە باوكمەوە بۆم بەجێماوە.

نهێنییەكی ئەم دوكانە ئەوەیە تەمەنی ئەم كورسییەی كڕیارەكان لەسەری دادەنیشن، 58 ساڵە.

ساڵی 1963 كاتێك لە گوندی شۆراو دەركراین و حزبی بەعس گوندەكەی روخاندین، هاتینە ناو كەركوك، لە گەڕەكی ئازادی باوكم سەرتاشخانەی دانا و ئەم كورسییەش لەوكاتەوە هەیە.

دوای ئەوەی باوكم تاقەتی نەما، من لەسەر دوكانەكە دانیشتم، ئەوا 30 ساڵە لەم دوكانەم و هەمان كورسی باوكم بەكاردەهێنم.

ئێستا كڕیارەكانی باوكم بۆ سەرچاككردن هەر دێنەوە ئەم دوكانە.

بەهۆی نزیكی دوكانەكەمان لە سەربازگەی باروتخانە، سەربازەكانی رژێمی بەعس هەر لەسەر ئەم كورسیە سەریان چاكدەكرد.

ئەم كورسییە یادگاریی 58 ساڵی كاری رۆژانەی خۆم و باوكم بیردەهێنێتەوە، شەش دەیەیە ئەم كورسییە بژێویمان دابیندەكات.

هەرچەندە كۆن بووە، بەڵام دڵم نایات لەناوی ببەم، دەمەوێت كوڕەكەشم پارێزگاریی لێ بكات.

تاكە نیگەرانیم ئەوەیە نەمتوانیوە ژمارەی ئەو كەسانە تۆماربكەم كە لەسەر ئەم كورسییە دانیشتون.

زیاتر

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT